ئەنجومەنی قەزای خانەقین داوای كامێرای حەراری دەكات بۆ چاودێریكردنی دۆخی ئەمنی قەزاكە، ئەوەش دوای زنجیرەیەك چالاكیی، هێرشی چەكداریی و هەوڵی خۆكوژی هات لەم ماوەیەدا.
ئەو داواكارییە ئەمڕۆ یەكشەممە 30ی حوزەیران دوای گفتوگۆیەكی نێوان ئەنجومەنی قەزای خانەقین و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس هات بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنی.
سەمیر محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "نوسراوەكە بەڕاوێژ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی خانەقین بەناوی ئەنجومەنی قەزاكەوە ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە کرد بەمەستی رەزامەندی نیشاندان بە دانانی کامێرای حەراری لە دەوروپشتی خانەقین لە پێناو پاراستن و چاودێریکردنی جموجۆڵی تیرۆرستان".
نوسراوەكە، داوا لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەكات داواكارییەكانی خانەقین بگەیەنێتە ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە بۆ دانانی كامێرای حەراریی بۆ خانەقین و لەژێر کۆنترۆڵی پۆلیسی قەزاكە، هەر بە وتەی سەمیر محەمەد.
وتیشی "لە ئێستادا ژمارەیەک کامێرای حەراری هەیە، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبیدایە نەك پۆلیس".
لە ئێستادا ژمارەیەک کامێرای حەراری هەیە، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبیدایە
ئەو داواکارییەی ئەنجومەنی قەزای خانەقین دوای زنجیرەیەك هێرشی چەكداریی و هەوڵی خۆتەقاندنەوە هات دژی خەڵك و هێزە ئەمنییەكانی خانەقین.
شەوی رابردوو 29ی حوزەیران، سێ روداوی هێرش و تەقەكردن لە خانەقین رویدا و بەهۆیەوە شەش چەكداری حەشدی شەعبی برینداربون.
عەمید روکن زرغام خزەیر، فەرماندەی لیوای مەغاویری سوپای عیراق بە (کەرکوک ناو)ی وت "شەو رابردوو ژمارەیەک تیرۆریستی داعش بە قەناس تەقەیان لە سێ چەكداری حەشدی شەعبی كرد و هەرسێكیان برینداركران".
لە روداوێكی تردا، کاتژمێر 1ی شەوی رابردوو دوو بۆمبێكی چێنراو لە گوندی مەردان لە نزیك خانەقین بە کاروانی هێزەکانی سوپادا تەقینەوە، بەڵام هیچ زانێكی گیانی نەبوو، هەر بەوتەی عەمید روكن زرغام.
روداوی سێیەم كاتژمێر8:30ی شەو برینداركردنی سێ چەكداری تری حەشدی شەعبی بوو لەلایەن چەكدارانی نەناسراو لە گوندی شەفیق لە ناوچەی عەلیاوە، بەپێی سەرچاوەیەك لە حەشدی شەعبی.
لە 20ی حوزەیرانی رابردوو، خۆكوژێك بە پشتێنی بۆمبڕێژكراوەوە ویستی خۆی لەناو كافتریایەكی قەرەباڵغی كۆڕنیش لەسەر روباری ئەڵوەن لە خانەقین بتەقێنێتەوە، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی نارنجۆكێكی هەڵداوە و بەهۆیەوە خۆی كوژرا و سێ گەنجی تر برینداربون.