دادگای كه‌تنی ره‌سافه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ دۆسیه‌كانی ده‌ستپاكی و سپیكردنه‌وه‌ی دراو، ته‌واوی تۆمه‌ت و فه‌رمانه‌كانی ده‌ستگیركردنی رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به وه‌كاله‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، كه پێشتر له‌لایه‌ن دادگای كه‌تنی كه‌ركوك له دژی ده‌ركرابوو.
رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن له لیستی برایه‌تی / یه‌كگرتوی ئیسلامی، له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كه‌ركوك و له هه‌ولێر ده‌ژی، له‌وكاته‌شه‌وه چه‌ندین دۆسیه دژ به ناوبراو و به تۆمه‌تی جیاواز كراونه‌ته‌وه.
رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك تایبه‌ت به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای تانهگرتنم له بڕیاره‌كه‌ی دادگای كه‌ركوك كه به نائاماده‌یی من ده‌رچوو بوو، له به‌رده‌م دادگای كه‌تنی ره‌سافه ئاماده‌بوم و سه‌رجه‌م ئه‌و تۆمه‌ت و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنانه‌ی له دژی من ده‌ركرابون ههڵوهشێنرایەوە".
دادگای كه‌تنی كه‌ركوك 26ی كانونی یه‌كه‌می 2018 بڕیاریدا به زیندانیكردنی رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ، ئه‌وه‌ش به‌پێی مادده‌ی 331ی یاسای سزادانی عیراقی.
پێشتر و دوای ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا بۆ حوكمدانی تاڵه‌بانی، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك چه‌ندجارێك هه‌وڵیدا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه و له‌كارلابردنی رێبوار تاڵه‌بانی، به‌ڵام به‌هۆی ته‌واونه‌كردنی رێژه‌یی یاسایی ئه‌ندامانه‌وه شكستی هێنا له ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه.
رێبوار تاڵه‌بانی له ساڵی 2014ه‌وه سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌کات به‌وه‌کاله‌ت، دوای ئه‌وه‌ی حه‌سه‌ن تۆران له به‌ره‌ی تورکمانی پۆسته‌که‌ی جێهێشت و بووه په‌رله‌مانتاری عیراق.