لەسەدا 85ی كارەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك تەواوبووە و لێپرسراوان پێیانوایە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئامادەدەبێت بۆ گەشت، لە وەسفكردنیشیدا دەڵێن هاوشێوەی فڕۆكەخانەی بەغدایە، ئەوەش لەكاتێكدایە شەش مانگ بەسەر وادەی تەواوكردنیدا تێپەڕیوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 30ی حوزەیران وەفدێكی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە بۆ بەدواداچون بۆ كارەكانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك گەیشتنە شارەكە و تەواوی بەشەكانیان بەسەركردەوە، جەختیانكردەوە لە پەلەكردن لە تەواوكردنی كاری نۆژەنكردنەوە، كە بەپێی وتەی ئەوان لە ئێستادا لە قۆناغی كۆتاییدایە.
راکان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەگەڵ وەفدەكەی پەرلەمان، كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، وتی "لیژنەکەی پەرلەمان لە نزیکەوە پڕۆژەکەیان بەسەرکردەوە، دەخوازین کۆمپانیای راسپێردراو لە ماوەیەکی کەمدا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە تەواوبکات و گەشتەکان دەستپێبکەن".
ئەو وتەیەی راكان سەعید، دوای ئەوە دێت كە پڕۆژەكە شەش مانگ لەوادەی خۆیدا دواكەوتووە، لیژنەكەی بەغداش لە كۆبونەوەكانیاندا لەگەڵ پارێزگار باسی ئەو شەش مانگەیان كردووە كە بۆچی دواكەوتووە؟
کازم فنجان، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "هاتوین بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە هاتۆتە بەردەم کارەکانی تەواوکردنی پڕۆژەکە، هەموو هەوڵ و ماندوبونی خۆمان دەخەینە خزمەتییەوە".
فڕۆکەخانەكە دەکەوێتە باشوری كەركوك و لە ساڵی 1957ەوە وەک فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی لە عیراقدا تۆمارکرا، بەڵام لەساڵی 2003 كرا بە بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا.
لەكۆتایی 2017، حكومەتی عیراق جارێكی تر بڕیاری بە مەدەنیكردنەوەی فڕۆكەخانەی دەركرد و دەستكرا بە نۆژەنكرنەوە و فراوانكردنی، لە ئێستادا بەپێی بەدواداچونی لیژنە پەرلەمانییەكە سەدا 85ی كارەكانی تەواوبون.
ئەو كارانەی ماون، رێڕەو، دانانی سەرچاوەكانی روناكیی و نەخشەسازییە.
رێڕەوی نێو فڕۆکەخانەکە بۆ نیشتنەوەی فڕۆکەکان زیاترلە سێ کیلۆمەترە، ئامێری تەكنەلۆژی پێشكەوتوو بۆ نۆژەنكردنەوەی بەكارهێنراوە، وەك كازم فنجان وتی.
لە كابینەی پێشوی حكومەتدا كازم فنجان رۆڵی سەرەكی هەبوو لە بڕیارەكان بۆ نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەكە، ئەوكات ئەو وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو لە حكومەتەكەی عەبادی.
ئەو وتی "هۆڵەکانی پێشوازیکردن لە میوانان تەواوبون، هەنگاوێکی کەم ماوە بۆ فەراهەمکردنی گەورەترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی کەرکوک و عیراق"، زیاتر وتی "فڕۆكەخانەكە گەورەیە و شان لەشانی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، ناوەڕاست و خواروی عیراق دەدات".
هەنگاوێکی کەم ماوە بۆ فەراهەمکردنی گەورەترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی کەرکوک و عیراق
لیژنەكە جەختیانكردەوە لەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا مۆڵەتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عیراقی بۆ فڕۆكەخانەكە وەردەگیرێت و بەڕوی گەشتیاراندا دەکرێتەوە.
فڕۆكەخانەی كەركوك هەروەها دەبێتە سەرچاوەی هەلی کار بۆ زیاتر لە 1000 کەس لە خەڵکی شارەکە.
"من شانازی دەکەم کە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزیری پێشوی گواستنەوەی عیراق و ئێستای سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری پەرلەمان توانیمان کارەکان بگەیەنینە ئەم قۆناغە، ئەمە دەستکەوتە بۆ کەرکوکییەکان"، راكان سەعید پارێزگاری كەركوك وایوت.
زیاد حسێن، ئەندامی دەستەی هەماهەنگی بۆ ئیدارەدانی فڕۆکەخانەکە و یەكێك لە سەرپەرشتیارانی بونیاتنانەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كارەكان بە باشی بەڕێوەدەچن، سەردانی ئەم لیژنەیەش كاریگەری دەبێت لەسەر خێراكردنی كارەكان و فشار دروستكردن بۆ ئەو كۆمپانیایەی كار لە فڕۆكەخانەكە دەكات".
"ئەمە ئەزمونێکی نوێیە بۆ کەرکوکییەکان و خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات"، زیاد وایوت.
ئەمە ئەزمونێکی نوێیە بۆ کەرکوکییەکان و خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات
بەپێی ئەوەی لیژنەكە پێیگەیشتون و زیاد حسێن-یش جەختیلێكردەوە، "بارانی زۆر و مانگی رەمەزان لەلایەك و سستی کارەکانی کۆمپانیاکەش کە دواتر هۆشداریی پێدرا، بۆتەهۆی كارەكان لەوادەی خۆیدا دوابكەوێت".