كەركوك: لە پێدانی كارەبای نیشتیمانیدا جیاوازی دەكرێت

دیمەنێكی شاری كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محەمەد – كەركوك

لە پێدانی كارەبای نیشتیمانیدا بە هاوڵاتیان و گەڕەكەكانی كەركوك جیاوازی كراوە، ئەوەش كاریگەری هەیە لەسەر جیاوازی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە گەڕەكێكەوە بۆ گەڕەكێكی تر و بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) جیاوازییەكە پەیوەندی نییە بە گەڕەكەكان لەسەر ئاستی پێكهاتە جیاوازەكان.

دوێنێ دووشەممە 1ی تەمموز، قایمقامیەتی ناوەندی كەركوك و لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان نرخی ئەمپێری كارەبایان بۆ مانگی حوزەیران دیاریكرد، لە هەندێك گەڕەك بۆ هەر ئەمپێرێك پێنج هەزار و لە بەشێك لە گەڕەكەكانی تر زیاتر بوو تا 12 هەزار دینار، ئەوەش ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێكەوتەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

بەپێی نوسراوەكانی قایمقامی بەوەكالەتی كەركوك، مۆلیدە ئەهلییەكان بڕی جیاوازی كارەبایان داوە بە هاوڵاتیان، هەر بەپێی ئەو بڕەش نرخی ئەمپێر دیاریكراوە.

بۆ نمونە، لە گەڕەكەكانی عروبە، حەجاج، نەسر، زەورا و كۆمەڵگەی سەیادە كە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانەكەی عەرەبن، مۆلیدە ئەهلییەكان 290 كاتژمێر كارەبایان داوە، ئەوەش بەهۆی كەمی كارەبای نیشتیمانییەوە، ئەو بڕە بۆ گەڕەكەكانی شۆڕیجە، پەنجا عەلی و شوقەكانی پەنجا عەلی كە هەرە زۆرینەیان كوردن بەهەمان شێوە 12 هەزارە، هەندێك گەڕەكی تری تێكەڵی وەكو قادسیە و گەڕەكی عەسكەری هەر هەمان بڕە پارەیان بۆ دیاریكراوە.

هەروەها گەڕەكەكانی شەهیدان، روناكی، جنگڵاوە و وەحدە كە هەموو نەتەوەكان بەڕێژەی جیاواز تێیدا دەژین، نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدەكان 11 هەزار و 500 دینار دانراوە، بەهۆی ئەوەی 270 كاتژمێر كارەبایان داوە. لە هەندێك گەڕەكی تر تەنیا پێنج هەزار دینار دیاریكراوە بۆ هەر ئەمپێرێك ئەو گەڕەكانەش لەچەند شوێنێكی جیاوازی شاری كەركوكن لەوانە، حەدیدیدن، ئەڵماس، رێگای بەغدا، مەسنور و چەند گەڕەكێكی تر، بەهۆی ئەوەی تەنیا 100 كاتژمێر كارەبای مۆلیدەكان هەبوو، زیاتر كارەبای نیشتیمانیان پێدراوە.

 بەڵام لە گەڕەكی رەحیماوا، فەیلەق (كوردستان)، سەرچنار و تەپە هەشت هەزار دینارە، بەهۆی ئەوەی 180 كاتژمێر كارەبای مۆلیدەكان هەبوو.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، جیاوازییەكە لە نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە گەڕەكێكەوە بۆ گەڕەكێكی تر، پەیوەندی بە جیاوازی پێدانی كارەبای نیشتیمانییەوە هەیە، نەك جیاوازیكردن لەنێوان نەتەوەكان.

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکوک بۆ کاروباری هونەری، بە (کەرکوک ناو)ی وت "دەوترێت جیاکاریی کراوە لە نێوان گەڕەکەکان لە نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان، بەهیچ شێوەیەک ئەوە راست نییە و جیاکاریی نەکراوە، بەڵکو نرخەکان بەپێی کاتژمێری کارکردنی مۆلیدەکان دانراوە".

بەهیچ شێوەیەک ئەوە راست نییە و جیاکاریی نەکراوە، بەڵکو نرخەکان بەپێی کاتژمێری کارکردنی مۆلیدەکان دانراوە

وتیشی "مۆلیدە هەیە لە ڕۆژێکدا پێنج کاتژمێر کار دەکات، مۆلیدش هەیە هەشت کاتژمێر، بۆیە سیستمەکە سیستمێکی گونجاوە و جیاکاریی نییە، مۆلیدە هەیە لە مانگێکدا ۱۰۰ کاتژمێر کارەبای داوە بە هاوڵاتیان مۆلیدەش هەیە ٥۰ کاتژمێر".

لەبارەی جیاوازی كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكانیش، وتی "پەیوەندی بە پێدانی كارەبای نیشتیمانییەوە هەیە لەو گەڕەكانە، بۆ نمونە گەڕەك هەیە نزیكە لە كۆمپانیای نەوتی باكور، یان فەرمانگەی كارەبا، یان فەرمانگەیەكی حكومی كە كارەبای زۆرتری پێدراوە و پێویستی بووە بەوەش گەڕەكەكەش سودمەندبووە، ئەوە جیاوازییەكەی دروستكردووە".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT