هاوڵاتیانی ئاواره‌ی ئێزیدیی، ئاماده‌نین ملیۆنێك و 500 هه‌زار دیناری حكومه‌تی عیراقی وه‌ربگرن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ زێدی خۆیان، چونكه زیانه‌كانی شه‌ڕی داعش زۆر زیاتر له‌سه‌ریان كه‌وتووه.
حكومه‌تی ناوه‌ندی به مه‌به‌ستی هاندانی ئاواره‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه، بڕیاریدا هه‌ر خێزانێك به‌و بڕه پاره‌یه هاوكاری بكرێن، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه له نێو ئێزیدییه‌كاندا ئامانجی خۆی نه‌پێكا.
خودێدا خرتو، ئاواره‌ی شنگال و له پێكهاته‌ی ئێزیدی، پێنج ساڵه له زێدی خۆی دوركه‌وتۆته‌وه و به‌پێی قسه‌كانی بۆ (كه‌ركوك ناو)، ئه‌و ماوه‌یه زۆر درێژتر ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر هاوكاری پێویست نه‌كرێن.
"به ئێمه ده‌ڵێن بگه‌رێنه‌وه و هاوكاری یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دینار وه‌ربگرن، ئه‌م هاوكارییه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه چونكه زۆر كه‌مه، له كاتێكدایه خانوه‌كانمان روخاوه و 10 ملیۆن دیناریش پێداویستیه‌كانمان پڕناكاته‌وه" خودێدا وای وت.
له خه‌مه‌كانی ئه‌و هاوڵاتییه، جگه له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووه زیانلێكهوتووهكهی، دابینكردن و كڕینی ته‌واوی پێداویستیه‌كانی نێو ماڵه، چونكه پێشتر و له كاتی ئاواره‌ییدا هیچی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌رنه‌كردووه.
خودێدا وتی "هه‌ر لێمان بگه‌ڕێن له‌ناو كه‌مپدا ده‌ژین زۆر باشتره له‌وجۆره هاوكارییه‌ی ئێستا".
هێرشه‌كانی رێكخراوی داعش له ئابی 2014دا، نزیكه‌ی 400 هه‌زار هاوڵاتی ئێزیدی له زێدی خۆیان به تایبه‌ت له سنوری قه‌زای شنگال ئاواره كرد، له‌و ژماره‌یه‌ش هێشتا به‌شێكی زۆریان له كه‌مپه‌كان یاخود دور له ماڵه‌كانیان ده‌ژین.
عه‌لی شهعبو، لێپرسراوی كه‌مپی چیای شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "زیاتر له مانگێكه بڕیاره‌كه ده‌رچووه به‌ڵام هیچ ئاواره‌یه‌كی ئێزیدی فوڕمی وه‌رگرتنی ئه‌م بڕه پاره‌یه‌ی پڕنه‌كردۆته‌وه، چونكه زۆر كه‌مه و به‌شی پێداویستییه‌كانیان ناكات".
ئه‌و خانوانه‌ی قه‌زای شنگال، كه به‌هۆی شه‌ڕه‌وه به‌شێكیان روخابون، له ماوه‌ی دوو ساڵدا، هه‌زار و 64 خانوویان نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه و به كۆمه‌كی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا.
"هه‌ر ئاواره‌یه‌ك ئه‌و بڕه پاره‌یه وه‌ربگرێت ناوی له كه‌مپ ده‌سڕدرێته‌وه و چیتر هاواری حكومه‌ت و رێكخراوه‌كان وه‌رناگرێت" به‌وته‌ی به‌رێوه‌به‌ری كه‌مپی چیای شنگال، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوكارییه‌كه‌یان وه‌رگرتۆته‌وه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئاواره‌كانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب بون.
شهعبو رونیكرده‌وه هه‌ر ئاواره‌یه‌ك بیه‌وێت هاوكارییه‌كه وه‌ربگرێت، دوای تۆماركردنی ناوی خۆی له فه‌رمانگه‌ی كۆچ، دوای و مانگ بڕه پاره‌كه‌ی پێده‌درێت.
له هه‌رێمی كوردستان زیاتر له ملیۆنێك ئاواره هه‌یه، كه سه‌دا 30 له هاوڵاتیانی ئێزیدی پێكهاتون و به‌شێكیان ده‌كه‌ونه پارێزگای دهۆك.
فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و ئاوارانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه هیچ په‌یوه‌ندی به بابه‌تی هاوكاری حكومه‌تی عیراقه‌وه نیه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌و پرۆژانه‌ی له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی بیانیه‌كانه‌وه جێبه‌جێده‌كرێن".
"ئێستا هه‌موو دونیا چاویان له‌سه‌ر شنگاله و ده‌یان پرۆژه‌ی خزمه‌تگۆزاری له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كان جێبه‌جێده‌كرێن... پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال زۆر به خێرایی ده‌ڕوات، ته‌نیا شنگال كێشه‌ی سیاسی هه‌یه و ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌ربكرێت ئه‌وا بارودۆخ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش هاتنی داعش".
قەزای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوه، به‌هۆی شه‌ڕه‌وه زیانی زۆر به‌ر ژێرخانی گشتی كه‌وت.
قایمقامی شنگال پرۆژه‌ی رێكخراوه بیانیه‌كان بۆته هۆكار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاتری ئاواره‌كان، وه‌ك ئه‌و وتی، ته‌نیا له هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر له 20 خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و به‌پێی دوایین ئامار، زیاتر له 20 هه‌زار خێزان ئێستا له سنوری قه‌زای شنگال ده‌ژین.
فه‌هد حامد نمونه‌ی كاری یه‌كێك له ریكخراوه‌كانی هێنایه‌وه، كه له یه‌ككاتدا 300 هه‌لیكاری ره‌خساندووه بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه به مانگانه‌ی هه‌زار تا هه‌زار و 500 دۆلار، تا خه‌ڵك بتوانن بچنه‌وه سه‌ر كار، دوكانه‌كانیان بكه‌نه‌وه و ده‌ست به ژیانێكی نوێ بكه‌ن.
له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره بوون كه ده‌كاته نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه.