لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێك لەسەر كێشە و پێشێلكارییەكانی كەركوك ئامادەدەكات و بەپێی وتەی سەرۆكی لیژنەكە پێشێلكاریی "زۆر" كراوە، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك تۆمەتبار بكات.
لیژنەی ناوچەی کوردستانیەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی تەمموز لە سەردانێكیاندا بۆ ناحیەی قەرەهەنجیر خۆرهەڵاتی كەركوك، چەند كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بوارە جیاوازەكان ئەنجامدا و بڕیاریاندا گلەیی و داواكارییەكان بكەنە راپۆرتێك و ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی بكەن.
جوان یونس رۆژبەیانی، سەرۆكی ئەو لیژنەیە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، وتی "لەسەر زۆر پرس گفتوگۆمان كرد، ئێمە بە وردی ئاگاداری ئەو رەوشەین کە لەناوچەكانی جێناكۆك دەگوزەرێت، ئەنجامی هەموو كۆبونەوەكانمان بە نوسراوێک رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی كوردستانی دەكەین، بەتایبەت کێشە و گرفتەکانی کەرکوک... ئەوەی تێبێنیمانكرد پێشێلکارییەکی زۆر دەکرێت دەبێت بەزوترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ و چارەسەری کێشەی ئەم ناوچانە بکەن".
ئەوەی تێبێنیمانكرد پێشێلکارییەکی زۆر دەکرێت دەبێت بەزوترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ و چارەسەری کێشەی ئەم ناوچانە بکەن
لیژنەكە لە نوسینگەی كەركوكی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەكانی رێكخست، ئەو نوسینگەیە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بارەگاكەی لە كەركوك نەماوە و لە قەرەهەنجیر كارەكانیان راییدەكەن.
ئەو لیژنەیە كە تایبەتە بە ناوچەكانی جێناكۆك، لەگەڵ چەند یەكەیەكی ئیداری ناحیەی قەرەهەنجیر كۆبۆوە، كە بەڕێوەبەرەكانیان كوردن، هەروەها لەگەڵ رۆژنامەنوسانی كوردیش كۆبونەوە.
جوان لەبارەی سەردانەكەیانەوە بۆ قەرەهەنجیر، وتی "پێشهاتەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەمەی لە ئێمە خواست، کە ئەمڕۆ سەردانی نوسینگەی کەرکوکی پەرلەمان بکەین و كۆبونەوەی داهاتومان لە كەركوك دەبێت"، زیاتر وتی "بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە مافی ئەم ناوچانە بپارێزین و پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور دەكەینەوە".
بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە مافی ئەم ناوچانە بپارێزین و پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور دەكەینەوە
ماددەی 140 خاوەندارێتی ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلاییدەكاتەوە.
جوان هەر لە كۆنگرەكەدا وتی "ئێمە لە بەر ئەو باردۆخەی کە بەسەر کەرکوکدا هاتووە نەچوینە ناو کەرکوکەوە، بەڵام مژدە بە خەڵکی کەرکوکیش دەدەین کە کارێکی زۆر باش دەکەین بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەكە".
لەبارەی زەرەر و زیانی جوتیاران بەهۆی وستاندنی بەروبومەكانیان لە ماوەكانی رابردودا، جوان وتی "لەگەڵ نوێنەری جوتیاران گفتوگۆمان کردووە و بڕیارە ئەوان بە داتایەک زیانەكانمان پێبدەن، ئەوکات ئەرکی حکومەتی عیراقە قەربووی زیانی جوتیاران بکاتەوە".
ئەمە یەكەم سەردانی لیژنەی پەرلەمانی كوردستانە بۆ كەركوك لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كە بەهۆیەوە هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك گەڕانەوە و پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان كشانەوە.