كەركوك ناو
29 هەزار و 704 حاڵەتی جیابونەوە لە پێنج مانگی ئەمساڵدا و لە عیراقدا تۆماركراوە جگە لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەپێی ئاماری دادگاكانی عیراق كە دراوە بە (كەركوك ناو)، بەپێی ئامارەكە لە پێنج بۆ چوار حاڵەتی هاوسەرگیری یەكێكیان بە جیابونەوە كۆتایی هاتووە.
بەپێی ئاماری پێنج مانگی ئەمساڵ، زۆرترین حاڵەتی جیابونەوە لە بەغدای پایتەخت بووە كە 12 هەزار و 373 حاڵەت بووە، لەكاتێكدا 33 هەزار و 940 پرۆسەی هاوسەرگیری هەر لە بەغدا و لە دادگاكان تۆماركراوە، پارێزگای موسەنناش كەمترین حاڵەتی جیابونەوەی تێدا تۆماركراوە كە 418 حاڵەت بووە.
ناوچەكانی جێناكۆك
ناوچەكانی جێناكۆك لە عیراق، كە جوگرافیای كاركردنی ماڵپەڕی (كەركوك ناو)ە، 32 هەزار و 479 حاڵەتی هاوسەرگیری لە دادگاكان تۆماركراوە، پێنج هەزار و 106 حاڵەتی جیابونەوەش هەبووە.
كەركوك
پارێزگای كەركوك، كە یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك، لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا پلەی هەشتەمی پارێزگاكانی عیراقی هەیە بە پێنج هەزار و 966 حاڵەت، بەڵام لە جیابونەوەدا پلەی دەیەمی وەرگرتووە كە 936 حاڵەت بووە.
نەینەوا
پارێزگای نەینەوا، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی لەژێر دەستی داعش و گەڕانەوەی زۆرێك لە ئاوارەكانی، پلەی دووەمی وەرگرتووە لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا ئەوەش بە 14 هەزار و 479 حاڵەت، بەڵام لە جیابونەوەدا لە پلەی چوارەمدایە بە هەزار و 628 حاڵەت.
دیالە
پارێزگای دیالە، كە بەهەمان شێوە بەشێكی زۆری ناوچەكانی جێناكۆكە لە نێوان هەرێم و ناوەند و بەشێكی گەورەی شەڕی داعش لە سنوری ئەو پارێزگایە دا بوو لە ساڵی 2014 و سەرەتای 2015، لە جیابونەوەدا پلەی سێیەمی وەرگرتووە بە دوو هەزار و 31 حاڵەت، بەپێچەوانەوە لە پرۆسەی هاوسەرگیردا لە پلەی شەشەمدایە كە شەش هەزارو 837 حاڵەت.
تكریت (سەڵاحەدین)
پارێزگای سەڵاحەدین، كە قەزای دوزخورماتوو و بەشێك لە ناحیە و گوندەكانی جێناكۆكە، دووەم كەمترین حاڵەتی جیابونەوەی تێدا تۆماركراوە لەنێو پارێزگاكانی عیراق كە 511 حاڵەت بووە، لە پرۆسەی هاوسەرگیریشدا پێنج هەزار و 197 حاڵەت هەبووە لە پلەی دەیەمدایە.
بەگشتی لە تەوای پارێزگاكانی عیراق، جگە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك، 29 هەزار و 704 حاڵەتی جیابونەوە لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تۆماركراوە، لە كۆی 128 هەزار و 949 حاڵەتی هاوسەرگیری. ئەم ئامارانە لە دادگاكانی عیراق تۆماركراون.
ئەگەر تەنیا ئاماری ئەو پێنج مانگەی ساڵی 2019 وەربگیرێت بە پرۆسەی هاوسەرگیریی و جیابونەوە، ئەوا دەردەكەوێت لە هەر چوار بۆ پێنج حاڵەتێكی هاوسەرگیریدا یەكێكیان بە جیابونەوە كۆتایی هاتووە.
كەمترین حاڵەتی هاوسەرگیری لە عیراق لە نەجەف بووە كە تەنیا سێ هەزار حاڵەت تۆماركراوە.