قەیرانی بەنزین چوار رۆژە بەرۆكی شنگالی گرتووە، ئەوەش بەهۆی دواكەوتنی ناردنی بەشە بەنزینی قەزاكە لەلایەن ئیدارەی موسڵەوە، بەهۆی قەیرانەكەوە شۆفێران ناچارن چوار بۆ پێنج كاتژمێر سەرەبگرن لەپێناو دەستكەوتنی بەشە بەنزیندا.
ئەو قەیرانە كە چوار رۆژە قەزاكەی گرتۆتەوە، بەشێك لە شۆفێران ناچار دەكات لە بەنزینخانە ئەهلییەكان بەنزین بكڕن كە هەر لیترێك 320 دینار گرانترە لە بەنزینی حكومی.
به‌ره‌کات سه‌عید، هاوڵاتییه‌کی ناحیه‌ی سنونێ لە قەزای شنگال، به (که‌رکوک ناو)ی وت "رۆژانە چوار بۆ پێنج كاتژمێر سەرەدەگرین تاوەكو بتوانین بەسە بەنزینمان دەستبكەوێت، ئێمە پێمانوایە ئیدارەی موسڵ ستەم لە خەڵكی شنگال دەكەن، چونكە لەسەرانسەری عیراق كێشەی بەنزین نییە، بۆچی لە شنگال ئەو كێشەیە هەیە".
قەزای شنگال دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی ئاینی ئێزیدین لەگەڵ بەشێك لە پێكهاتەی عەرەب. خەڵكەكەی لە ئابی 2014 روبەڕوی ئاوارەبون، كوشتن و رفاندن بونەوە بەهۆی هێرشی داعش بۆ قەزاكە و هێشتا بەشێكی زۆری خەڵكەكەی لە ئاوارەیدا دەژین و نەگەڕاونەتەوە، ئەوەش لەبەر كەمی خزمەتگوزاری.
"پێمانوایە بە ئه‌نقه‌ست هه‌ندێک که‌س قەیرانی بەنزین دروستده‌که‌ن، تاوه‌کو خه‌ڵک بچێت لە بەنزینخانە ئەهلییەكان بەنزین بكڕیت"، بەرەكات سەعید وایوت.
پێمانوایە بە ئه‌نقه‌ست هه‌ندێک که‌س قەیرانی بەنزین دروستده‌که‌ن
نرخی لیترێك بەنزینی حكومی 430 هەزار دینارە، بەڵام بەنزینخانە ئەهلییەكان هەر لیترێك بە 750 هەزار دەفرۆشن.
بهرەکات وتی "زۆربه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که هه‌ژارن و ناتوانن هه‌موو رۆژێك بەنزینی ئه‌هلی بکڕن، ئه‌مه یه‌که‌مجار نییه ئه‌م کێشه‌یه دروستده‌بێت، هه‌رچه‌ندە مانگێک بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک تۆشی ئه‌م کێشه‌یه ده‌بین".
له سنوری قه‌زای شنگال ته‌نیا دوو بەنزیخانهی حکومی هه‌یە، لەكاتێكدا 20 بەنزینخانەی ئەهلی كراونەتەوە. كە وەك خەڵك دەڵێت حزب و لێپرسراوانی پارێزگای نەینەوا خاوەندارێتیان دەكەن.
خودێدا چوکی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ لە شنگال به (كه‌رکوک ناو)ی وت "هۆکاری که‌می بەنزین پەیوەندی بە ئیدارەی موسڵەوە هەیە، له‌کۆتایی هه‌ر مانگێک دوو رۆژ بەشە بەنزینی شنگال دواده‌که‌وێت، بەهۆیەوە قەرەباڵغی دروستدەبێت و بەنزین كەمدەبێتەوە".
"له‌به‌یانییه‌وه کێشه‌که چاره‌سه‌رده‌بێت و بڕی پێویستی بەنزین ده‌گاته شنگال و سنونێ، بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که پێویسته به‌شی ئێمه زیادبکرێت"، خودێدا وایوت.
له‌به‌یانییه‌وه کێشه‌که چاره‌سه‌رده‌بێت و بڕی پێویستی بەنزین ده‌گاته شنگال و سنونێ
بەرەكات كە رۆژی پێنجشەممە 4ی تەمموز، چوار كاتژمێر لەسەرەی بەنزین بوو تاوەكو 40 لیتری وەرگرت، وتی "ئەگەر بیانەوێت چاره‌سه‌رکردنی ئەم گرفتە زۆرئاسانه، به‌شی بەنزینی حکومی بۆ ناوچه‌که زیادبکرێت له‌گەڵ دروستکردنی بەنزیخانهیهکی حکومی، چونکه دوو بەنزیخانه زۆر که‌مە، به‌ڵام ده‌مرین و ئه‌و شته به چاوی خۆمان نابینین".