یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، سێ كاندیدی خەڵكی كەركوك بۆ وەزارەتێك و دوو دەستە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلاییدەكاتەوە، ئەوەش بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكە.
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، لە كۆبونەوەیەكدا كە شەممە 6ی تەمموز بەڕێوەچوو، كاندیدانی حزبەكەی بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلاییكردەوە، كە سێ لەو كاندیدانە خەڵكی كەركوكن.
ئەو سێ كەسە هەریەكە لە خالید شوانی، بۆ وەزیری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، رەوەند مەلا مەحمود بۆ سەرۆكی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و عوسمان شوانی، بۆ سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، ئەوەش بەوتەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بۆ (كەركوك ناو).
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "یەكێتیەكانی كەركوك و خەڵكی كەركوك لە ماوەكانی رابردودا مافی خۆیان پێنەدراوە لە وەرگرتنی پۆستەكان لە بەغدا و هەرێم، لەكاتێكدایە هەموو هەڵبژارنێك یەكێتی لە كەركوك یەكەم بووە و قورسایی یەكێتی لە كەركوكە".
یەكێتیەكانی كەركوك و خەڵكی كەركوك لە ماوەكانی رابردودا مافی خۆیان پێنەدراوە لە وەرگرتنی پۆستەكان لە بەغدا و هەرێم
یەكێتی لە بەغدا جگە لە وەزیری داد كە هەفتەكانی رابردوو لە بەرژەوەندی كەركوكییەك یەكلاییكرایەوە، هیچ پۆستێكی گرنگی لە پشكی خۆی بە خەڵكی ئەو شارە نەدا.
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی، كە خۆی خەڵكی كەركوكە و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "ئەوەی ئێستا هەیە بڕیاری سەركردایەتی حزبە و ئەگەری گۆڕانكاریی نییە لەژێر هیچ پاساوێكدا".
ماڵپەڕی رەسمی یەكێتی، لە هەواڵێكیدا ناوی بەشێك لە كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان بڵاوكردۆتەوە:
قوباد تاڵەبانی، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێواز فایەق بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
جەعفەر شێخ مستەفا بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم
شۆڕش ئیسماعیل بۆ پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە
دارا رەشید بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا
حەمەی حەمەسەعید بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری
بەڵام ماڵپەڕەكە ئاماژەی بە كاندیدەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، تەندروستی، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پلاندانان نەداوە.