بەشێك لە مۆلیدە ئەهلییەكانی كەركوك، فێڵ لە خەڵك و ئیدارەی كەركوك دەكەن، ئەوەش بەڕاكێشانی هێڵێكی كارەبای نیشتیمانی لەو گەڕەكانەی نزیكن لە مۆلیدەكانیان و پێدانی كارەبای ئەو هێڵە بە هاوڵاتیان، هەرچەندە پێویستە لەوكاتەدا مۆلیدەكانیان ئیشپێبكەن.
ئەو فێڵە لە بەشێك لە مۆلیدەی گەڕەكە جیاوازەكانی كەركوك كراوە، ئەوەش بەپێی بەدواداچونی پەیامنێرانی (كەركوك ناو) و چاودێریكردنی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلییەكان، هەروەها بەپێی وتەی هاوڵاتیانی چەند گەڕەكێكی جیاوازی شارەكە.
محەمەد عەونی، دانیشتوی گەڕەکی سۆنەگۆلی لە كەركوك، بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەشێك لە خاوەن مۆلیدەکان فێڵ لە هاوڵاتیان دەکەن و لەکاتی نەبونی کارەبای نیشتیمانیدا، مۆلیدەکانیان ئیشپێناکەن، بەڵكو لەڕێگای هێڵی كارەبای گەڕەكی شۆراوەوە کارەبا بۆ مۆلیدەكەیان رادەکێشن و بەسەر خەڵكیدا دابەشی دەكەن".
رونیشیكردەوە "ئەگەر گەڕەکەكەی ئێمە کارەبای نیشتیمانی نەبێت ئەوا شۆراو کارەبای هەیە، بۆیە لەڕێگای مۆلیدەکانەوە کارەبای نیشتیمانیمان پێدەدەن و دواتر بە نرخی مۆلیدە پارەمان لێوەردەگرن".
لەڕێگای مۆلیدەکانەوە کارەبای نیشتیمانیمان پێدەدەن و دواتر بە نرخی مۆلیدە پارەمان لێوەردەگرن
محەمەد عەونی، وتی "ئەوە كێشەی ئێمە نییە، ئیش بە مۆلیدەكان دەكەن یان نا، بەڵكۆ گلەیی ئێمە ئەوەیە کە ئەو کارەبایە زۆر لاوازە و ناتوانین کار بە ئامێرە کارەباییەکان و ئامێری فێنککەرەوە بکەین".
لە بەداواچونەكانیدا پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، تێبینی حەوت مۆلیدەی كرد، لە چەند گەڕەك و ناوچەیەكی جیای كەركوك كە لەوكاتەی كارەبای نیشتیمانی نەبووە، مۆلیدە ئەهلییەكان كوژێنرابونەوە، بەڵام كارەبای ماڵان هەبووە.
كاتێك پەیامنێری (كەركوك ناو)، پرسیاری لە خەڵكی ئەو ناوچەیە دەكرد، ئەوە كارەبای چییە؟ دەیانوت "ئێستا كاتی ئیشكردنی كارەبای مۆلیدەیە".
محەمەد عەونی، ئەو هاوڵاتییەی گەڕەكی سۆنەگۆلی، وتی "لەسەرەتای مانگی شەشەوە کارەبای مۆلیدەمان زۆر لاوازە و هیچ ئامێرێکی فێنککەرەوە بەم گەرمایە بە کارەبای مۆلیدە کار ناکات لەوەوە گومانمان لە كارەباكە كرد".
سدیق تاهیر، هاوڵاتییەكی تری كەركوك، كە پێیباشنەبوو ناوی گەڕەكەكەی بڵێت، وتی "بۆ نمونە کاتێک لە گەڕەكی رەحیماوا کارەبای نیشتیمانی نەبێت، ئەوا لە تەپە کارەبای نیشتیمانی هەیە، بۆیە ئەو مۆلیدەیەی رەحیماوا دەچێت لە هێڵی نیشتیمانی کارەبای تەپەوە کارەبا بۆ مۆلیدەکەی رادەکێشێت و دواتر بەشێوەی ئەمپێر دابەشی دەکات بە سەر ئەو هاوڵاتیانەی کە لە مۆلیدەکەی ئەوەوە كارەبایان راكێشاوە". ئەویش جەختیكردەوە كە بەشێك لە مۆلیدەكان ئەو كارەدەكەن.
"ئەوا ئێستا تازەترین فێڵی بەشێک لە مۆلیدە ئەهلیەکانە نەك هەمویان. زۆربەی کات کار بە مۆلیدەکانیان ناکەن و هیچ مەسروفێكیش ناکەن، بەڵام هەمان پارە لە هاوڵاتیان وەردەگرن"، سدیق تاهیر وایوت.
(كەركوك ناو)، تێبینیكرد، ئەو حاڵەتانە لە هەریەكە لە گەڕەكەكانی رەحیماوا، تەپە، سۆنەگولی و ژمارەیەك گەڕەكی تری عەرەبیی و توركمانی هەیە.
نزیكەی 900 مۆلیدەی ئەهلی لە كەركوك بونی هەیە و راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی رابیتەی مۆلیدە ئەهلیەکاندا كاردەكەن بە چاودێری حكومەتی خۆجێیی.
سابیر ئەحمەد، لێپرسراوی رابیتەی مۆلیدە ئەهلییەکانی کەرکوک، دەڵێت ئەو كێشەیە پەیوەندی بە فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کەرکوکەوە هەیە، "ئەگەر خاوەن مۆلیدەیەک هێڵی نیشتیمانی نایاسایی بۆ مۆلیدەکەی رابکێشێت ئەوا دەبێت فەرمانگەی کارەبا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات".
ئەگەر خاوەن مۆلیدەیەک هێڵی نیشتیمانی نایاسایی بۆ مۆلیدەکەی رابکێشێت ئەوا دەبێت فەرمانگەی کارەبا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات
بەڵام دانیاڵ هەمەوەندی، وتەبێژی فەرمانگەی کارەبای کەرکوک، وتی "زۆرکات بەپێی پێویست دەکرێت فێڵ بکرێت، ئەگەر ئەو فێڵەش كرابێت، ئەوە پێشێلكارییەكی زەقە و داوا لە هاوڵاتیان دەکەین لەهەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە ئاگادارمانبکەنەوە تا سزایان بدەین".
بۆ رێگریكردن لەو حاڵەتانە، فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک، سەرقاڵی دانانی سیستمی زیرەکە بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان.
"سیستمەکە بە ئامێری پێشکەوتوو دروستکراوە، راستەوخۆ لە ناو مۆلیدەکان دادەندرێت و هەر کارێک کە فێڵ و ساختەی تێدابکرێت ئاشکرای دەکات"، وتەبێژی فەرمانگەی كارەبا وایوت.
بڕیارە لە ماوەی مانگ و نیوێكدا سیستمەكە بچێتە بواری جیبەجێكردنەوە.