جەلەولا هەفتەیەكی نائارامی بەڕێكرد، بەهۆی زنجیرەیەك تەقینەوەی بۆمب، دەستڕێژی گولە و رفاندن، كە هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن. زیادبونی روداوەكان لەكاتێكدان هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكان باش نییە، بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ناحیەكە.
كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو، بۆمبێكی چێنراو لە ناوچەی شێخ باوە سەر بە ناحیەی جەلەولا بە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری مەدەنیدا تەقییەوە، لەگەڵ كۆبونەوەی خەڵك و هێزە ئەمنییەكان لە نزیك روداوەكە، دەستڕێژی گولەیان لێدەكرێت و بەهۆیەوە چوار كەس برینداردەبن.
ئەوە نوێترین روداوی ئەمنی بوو لە ناحیەی جەلەولا، دوای زنجیرەیەك روداوی توندوتیژی لە ماوەی یەك دوو هەفتەی رابردودا.
لەو چوار كەسەی برینداربون، دوانیان مەدەنی بون، بەپێی سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی جەلەولا بۆ (كەركوك ناو). ئەو روداوە دوای 24 كاتژمێر هات لە تەقینەوەی بۆمبێكی تر لە گوندی ئوم حونتە لە باكوری جەلەولا، بەهۆیەوە هاوڵاتییەك هەردوو قاچەكەی لەدەستدا.
عەقید محەمەد تەمیمی، بەڕێوەبەری پۆلیسی جەلەولا، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو ئەو روداوانەی كە رویانداوە لە دەرەوەی سنوری پۆلیسن، دۆخی ئەمنی ناو شار سەقامگیرە، بەڵام دۆسیەی ئەمنی دەرەوەی شار لە ئەستۆی سوپای عیراقدان".
هەموو ئەو روداوانەی كە رویانداوە لە دەرەوەی سنوری پۆلیسن، دۆخی ئەمنی ناو شار سەقامگیرە
بەپێی ئامارێكی هێزە ئەمنییەکان كە دراوە بە (كەركوك ناو)، تەنیا لە دوو هەفتەی رابردودا، شەش بۆمبی چێنراو لە جەلەولا بە هاوڵاتیاندا تەقیونەتەوە، دوو جوتیاریش لەنزیك گوندەكانیان رفێنراون.
سەیف ستار، ئەنجومەنی گوندی ئیسڵاح لە ناحیەی جەلەولا، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێك دەچین بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكان دەترسین، چونكە تەنیا لە دوو هەفتەدا دوو بۆمب لەم گوندە تەقیونەتەوە".
وتیشی "چەند ساڵێکە نزیکەی 200 خۆبەخش لە گەنجان و پیاوانی گوندەکە بەشێوەی خۆبەخش چەکیان هەڵگرتووە بۆ پاراستنی ناوچەكە".
سەیف ستار داوای لە حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان كرد، هاوكاریی ئەو خۆبەخشانە بكەن كە ژیانی گوندنشینان دەپارێزن. وتی "موچەیەكیان پێبدەن و چەك و تەقەمەنییان بەسەردا دابەشبكەن".
ناوەندی جەلەولا لەلایەن پۆلیسی ناوخۆییەوە دەپارێزرێت، سوپا و حەشدی شەعبیش لە دەرەوەی شارەكە بونیان هەیە.
یەعقوب یوسف، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا، بە (كەركوك ناو)ی وت "سنوری ورداوەكان زیاتر لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عیراقیدایە، ئێمە وەکو ئیدارەی ناحیە هیچ دەسەڵاتێکمان نییە بەسەر سوپادا".
وتیشی "لە جەلەولا هیچ هەماهەنگییەك نییە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان".