لەنێو هۆڵێكی بێدەنگدا، نابیستەكان دانیشتون و نواندن دەكەن، بڕیار لەم هۆڵە ئەوەیە ئیتر كەس بێدەنگ نابێت، تەنانەت بەوانەشەوە كە ناتوانن قسە بكەن.
نابیستەكان لەمەودوا قسە دەكەن و دەنگیان بە كۆمەڵگە دەگەیەنن، هەروەها هەوڵ بۆ بەدیهێنانی خەونەكانیان دەدەن، ئەو بڕیارە دوای بەشداریكردنیان هات لە خولێكی یەك مانگی، كە ئەمانج لێی دۆزینەوەی رێگایەكە بۆ داواكردن و بەدیهێنانی مافەكانیان.
ئەو خولە، كە ئەمڕۆ سێشهممه 9ی تەمموز لەڕێی شانۆیەكەوە كۆتایی پێهات، 15 نابیست بەشدارییان تێداكردبوو و لەكۆتاییدا جگە لەنمایشكردنی شانۆیەك، بڕیاردرا بە دروستكردنی گروپێكی شانۆیی تایبەت بە نابیستان.
نەژاد نەجم، راھێنەری خولەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "مانگێكە ئەم خولە بەردەوامە، ئەمڕۆ كە كۆتا رۆژی خولەكە بوو، فێرخوازان شانۆی "دەمەوێت بڵێم"یان نمایشكرد، كە باس لە ژیانی نابیستان و ئافرەتان دەکات".
شانۆكە بەگشتی باسی لە دەربڕینی كۆمەڵێك خەونی نابیستان دەكرد و دەیانەوێت بڵێن "ئێمە وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی خەونمان هەیە و دەریدەبڕین... لە بڕگەکانی شانۆکە باس لە بڵاوبونەوەی مادەھۆشبەرەکان، هەروەها بێكاریی گەنجان و ئەو پێشێلكارییانە دەكات كە بەرامبەر ژنان دەكرێت لە كۆمەڵگەدا"، وەك نەژاد وتی.
نەژاد كە خۆی دەرهێنەرە، 20 فێرخوازی لەو خولە یەك مانگییەدا هەبوو، كە 15یان نابیست بون. خولەكە لەلایەن رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM)، بەڕێوەدەبرا.
یوسف عەدنان، لە رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ بە (كەركوك ناو)ی وت "كردنەوەی خولەكە بۆ ئەوەبوو نابیستانیش بتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن و بۆچونیان دەرببڕن".
سەرەتای خولەكە كێشەی گەیاندنی پەیامی راهێنەر هەبوو بۆ فێرخوازان، بەڵام ئەوەش چارەسەركرا لەڕێی وەرگێڕی تایبەت بە زمانی ئاماژە، وەك یوسف وتی.
یوسف جەختیكردەوە "بەرهەمێكی تری خولەكە بڕیاردان بوو بە کردنەوەی گروپێکی شانۆیی تایبەت بۆ نابیستان، ئەمەش بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتیی و پێکەوەژیان لەنێو پێكهاتەكانی كەركوك".
ئیمان سەعید، كچێكی بەشداربوی خولەكە بوو، ئامادەییەكی باشی لە چالاكییەكاندا هەبوو، لە شانۆی كۆتایی خولەكەشدا رۆڵی ئافرەتێكی بینی لە گەیاندنی نەهامەتی ژنان لە كۆمەڵگەدا.
ئیمان وتی "دڵخۆشبوم بەم خولە و زۆرشت فێربوم، ئیتر پێویستە وەك نابیستێک و وەک ئافرەتێكیش روبەڕوی ھەموو کێشەکان ببینەوە".
شانۆكە كە بەرهەمی ئەو خولە یەك مانگییە بوو، تیایدا فێرخوازان وەك نەژاد نەجم وتی "بە شانۆ و سەما و ماناکانی جەستەی ئەکتەر کارمان کرد و توانیمان لەڕێی شانۆوە بڵێین ئێمەش دەتوانین ھاوار بکەین و دەنگمان بگات".