"ده‌بوو نازناوم چایچی بوایه و پێیان بوتمایه ته‌یب چایچی" كاندیدی یه‌كێتیی و پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك واده‌ڵێت.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای 21 مانگ له مشت‌ومڕ و ناكۆكی، پێنجشه‌ممه 11ی ته‌مموزی 2019 بڕیاریاندا به كاندیدكردنی ته‌یب جه‌بار بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، وه‌ك كاندیدی هاوبه‌شی لیستی برایه‌تی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.
ته‌یب جه‌بار، هه‌رچه‌نده له پشكی یه‌كێتی ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام پارتی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه تا نوێنه‌رایه‌تی 26 ئه‌ندامه‌كه‌ی لیستی برایه‌تی بكات له كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته‌دا.
له ئێستادا پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، به وه‌كاله‌ت به‌ده‌ست راكان سه‌عید جبورییهوهیه، كه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه بۆ ئه‌ركه‌كه راسپێردراوه، ئه‌ویش له جێی نه‌جمه‌دین كه‌ریم دوای دورخستنه‌وه‌ی به بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق.
یه‌كێتی كه نزیكه‌ی دوو ساڵە هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته ده‌دات، به‌هۆی بایكۆتی پارتییه‌وه شكستی هێناوه و بڕیاره ئه‌مجاره‌یان پێكه‌وه پارێزگار وه‌ربگرنه‌وه، كه ئه‌وه‌ش به‌شێك بوو له رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان.
كاندیده هاوبه‌شه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی؛ ته‌یب جه‌بار، به پیشه ئه‌ندازیار و به نوسین شاعیره، زیاتر له 40 ساڵه پێكه‌وه به‌بێ دابڕان درێژە به كار و خولیاكه‌ی ده‌دات.
"هه‌میشه شار، یان پرۆژەیهكی ئه‌ندازه‌یی وه‌كو ده‌قێك ته‌ماشا ده‌كه‌م، پێموایه چۆن ده‌بێت له شاردا هه‌موو شته‌كان پێكه‌وه كاربكه‌ن، ده‌بێت له ده‌قیشدا هه‌موو پایه‌كان پێكه‌وه له‌كاردابن" ته‌یب له‌باره‌ی پێكهوهگونجاندنی كار و خولیاكهیهوه واده‌ڵێت.
ته‌یب جه‌بار ئه‌مین، ساڵی 1954 له گوندی ته‌په‌لوو، له ناوچه‌ی قه‌ره‌حه‌سه‌ن له سنوری پارێزگای كه‌ركوك له دایكبووه، وه‌ك خۆی له دیمانه‌یه‌كی گوڤاری هه‌نار له ئازاری 2008دا باسی ده‌كات (گۆڤارێكی مانگانه‌ی ئه‌ده‌بی، هونه‌ری، رووناكبیری بووه)، له خێزانێكی جوتیاری هه‌ژار و كهمدهرامەت بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوك و دایكی نه‌خوێنده‌وار بون، به‌رده‌وام هانی ئه‌و و براكانی دراوه خوێندن ته‌واو بكه‌ن.
خوێندنی سه‌ره‌تایی له گونده‌كه ته‌واو كردووه، تا ساڵی 1963 خوێندنگه‌كه داخراوه و چۆته ماڵی برایه‌كی لە كه‌ركوك و ئاماده‌یی خوێندووه، له ساڵی 1976یشدا كۆلێژی ئه‌ندازیاری زانكۆی سلێمانی ته‌واوكردووه.
"زیاتر خۆم، خۆم پێگه‌یاندووه، چی له بوار خوێندن و چی له بواری رۆشنبیری و تا زانكۆشم ته‌واو كرد هاوینان كرێكاریم ده‌كرد".
براكانی ته‌یب جه‌بار چایچی بوون، چایخانهكهیان ده‌كه‌وته به‌رانبه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری له كه‌ركوك، "خۆیشم دوای ده‌وامی قوتابخانه ئیشم له‌گه‌ڵدا ده‌كردن و چایچییهكی باش بوم، ئێستاش پێنج پیاڵه به یه‌ك ده‌ست هه‌ڵده‌گرم و حه‌زده‌كه‌م چایخانه‌یه‌ك دابنێم و قازانجی باشه" ته‌یب له 2008دا واده‌ڵێت.
ته‌یب خۆی به قوتابی رۆژنامه‌ی هاوكاری (1970-1974) ده‌زانێت، له بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا، له 1971 ده‌ستی به نوسینی شیعری هونه‌ری كردووه، به‌ڵام یه‌كه‌م شیعری له 1969دا بۆ كچێك نوسیوه كه به‌وته‌ی خۆی، كچه‌كه حه‌زی لێی بووه و ئه‌و حه‌زی لێ نه‌بووه، ته‌نیا یه‌ك دێڕی ئه‌و شیعره‌ی بیرماوه و نوسیویه‌تی:
من ئه‌ڕۆم و ئه‌و هه‌ر دێ له شوێنم
هه‌رچه‌ند هه‌وڵ ئه‌دا نایدوێنم
ته‌یب جه‌بار له ژیانی ئه‌ده‌بیدا هیچ نازناوێكی نییه، "حه‌زم له نازناو نه‌بوو، ئه‌و نازناوانهشم لا مه‌قبول نه‌بوو كه باو بوون، ... به‌ڵام ده‌بوایه نازناوم چایچی بوایه و پێیان بووتمایه ته‌یب چایچی".
له سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا په‌یوه‌ندی كردووه به كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی كوردستانی و تا كۆتایی حه‌فتاكان وازی هێناوه.
ساڵی 1978 تا 1992 فه‌رمانبه‌ر بووه وه‌ك ئه‌ندازیار له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگاوبانی سلێمانی، دواتر بۆته بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له 1997دا خۆی خانه‌نشین كردووه.
ته‌یب جه‌بار دوای خانه‌نشینی له كاركردن به‌رده‌وام بووه، دوای ساڵێك چۆته كه‌رتی تایبه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وازی له ئه‌ده‌ب نه‌هێناوه و خاوه‌نی چه‌ندین دیوانی شیعری و ره‌خنه‌ییه.
یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی ئه‌ندازیارانی كوردستان، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه بووه، دواتر ساڵی ٢٠٠٣ بۆتە سەرۆک، ئه‌ندامه له هه‌ردوو یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد و عیراق، ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی روناكبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوكه.
ته‌یب جه‌بار دوای بگرەوبەردەیەکی زۆر، بۆته كاندیدی یه‌كێتی و پارتی، هێشتا دیارنییه چه‌ندی تر ناوه‌كه‌ی له ململانێ و مشتومڕی نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا ده‌مێنێته‌وه، تا له‌سه‌ر كورسی پارێزگار داده‌نیشێت.