دەیان كچ و ژنی ئاوارەی ئێزیدی دەبنە خاوەنكار، دوكانی جۆراوجۆریان كردۆتەوە و كاڵا‌و شتومەك دەفرۆشن، ئەوان هەم بژێوی خێزانەكانیان پەیدادەكەن، هەم نایانەوێت لە خێمەكانیان بیر لە رۆژانی سەختی ئاوارەیی و ئەو بارودۆخە بكەنەوە كە بەهۆی هێرشی داعش بۆ ناوچەكانیان روبەڕویان بۆوە.
كردنەوەی دوكان و كاركردنی ژنان، بەشێكیان بەهۆی هاوكاریی رێكخراوەكانی تایبەت بە ئاوارەكان دێت، هەندێكی تریان لەسەر ئەركی خۆیان و كەسوكاریان بونەتە خاوەنكار.
به‌سنا مێش‌و، کچێکی ئێزیدی خاوەنی پێنج برا و دوو خۆشکە، له کۆمه‌ڵگەی شاریا دوو مانگە دوکانێکی گۆڵفرۆشتن و بابەتی جوانكاریی و یاری منداڵانی كردۆتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "رێکخراوێک 600 دولاری پێداین بۆ دەستپێكردنی كارەكە و منیش لەگەڵ هەندێك پارەی تر بەبڕی دوو ملیۆن دینار كەلوپەلم بۆ دوكانەكەم كڕیی و دەستمپێكرد".
بەسنا، مانگانە 140 هەزار دینار دەدات بە كرێ، جگە لە كارەبا.
"من گه‌شبینم تا ساڵێکی تر قازانجێکی زۆر ده‌که‌م، چونکه بڕیارەكەم ئەوەیە بەڕاستی كاربكەم و وازنەهێنم، خەڵكی باش سەردانم دەكەن"، بەسنا وایوت.
بەسنا، رۆژانه له کاتژمێر هه‌شتی به‌یانی تاوه‌کو 7ی ئێواره لە دوكانەكەیدا لە نزیك دهۆك كاردەكات، دەڵێت شتەكانی گران نین و "ئەگەر كەسێكی هەژاریش بێتە دوكانەكەم هاوكاریی دەكەم".
دەستڕاگەیشتنی كچان و ژنانی ئێزیدی بە كار، وەك تێپەڕاندنی ئەو نەهامەتییە دەبینرێت، كە لە پێنج ساڵی رابردودا چەشتیان، بەهۆی هێرشی داعش بۆ ناوچەكانیان لە قەزای شنگال خۆرئاوای موسڵ لە 3ی ئابی 2014.
ئەو هێرشە بوەهۆی ئەوەی زیاتر لە شەش هەزار ئێزیدی بە ژن و منداڵەوە بكەونە دەست ئەو رێكخراوە و تائێستا زیاتر لە سێ هەزاریان رزگاركراون و چارەنوسی ئەوانی تر دیار نییە، هەرچەندە داعش لە عیراق و سوریا كۆتایی پێهێنراوە.
ئیمان عیدو کورو، یەكێك بوو لەو ژنانەی كەوتە دەست داعش و روبەڕوی كۆیلایەتی و دەستدرێژی سێكسی بۆوە، لە 28ی ئابی 2018 لەژێر دەستی داعش رزگاركرا.
ئەو ئێستا بە هاوكاریی رێكخراوی رۆژی شنگال، دوكانێكی جلوبەرگی ئافرەتان و منداڵانی هەر لەنێو كەمپی ئیسیان لە دهۆك كردۆتەوە.
ئەو وتی "زۆربه‌ی خه‌ڵکی که‌مپه‌کە سه‌ر‌دانی دوکانه‌که‌م ده‌که‌ن، رۆژانه 50 تاوه‌کو 60 هه‌زار دینار قازانج دەكەم"، ئەوەش وەك خۆی دەڵێت بڕە پارەیەكی باشە بۆ بژێوی خۆیی و هاوكاریكردنی خێزانەكەی كە چوار خوشک و دوو برای هه‌یە.
"ئێستا زۆر دڵخۆشم و هیچ کێشه‌یه‌کم نییه، رۆژانه ده‌چمه دوکانه‌که‌ی خۆم و خزمه‌تی خه‌ڵکی خۆم ده‌که‌م و سەرقاڵم"، ئیمان وایوت.
حسێن حاجی، لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندیی و راگه‌یاندن له رێکخراوی رۆژی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "پڕۆژەكە تایبەتە به کچانی رزگاربوی ده‌ستی داعش، تائێستا پارەمان داوەتە 15 كچ بۆ ئەوەی لە خێمەكانیان بێنەدەرەوە و ببنە خاوەنكار".
زۆرینەی دوكانەكان هەر لەنێو كەمپەكاندا كراونەتەوە، جلەبەرگی مناڵان و ئافرەتان، بابەتی جوانكاریی ئافرەتان، لەگەڵ خواردن و ساردەمەنی.
"ئامانج له پڕۆژه‌که ئه‌وه‌یه ئه‌و کچانه له‌ناو خێمه‌دا نه‌مێننه‌وه و خۆیان سه‌رقاڵی شتێک بکه‌ن تاوه‌کو رۆژانی ره‌ش و ناخۆش له‌بیر بکه‌ن"، حسێن حاجی زیاتر وتی "دەمانەوێت دوبارە ده‌ست به ژیان بکه‌نه‌وه و تێکه‌ڵی خه‌ڵک ببنه‌وه، هەروەها داهاتێکیش بۆ خێزانه‌کانیان په‌یدابکه‌ن".
ئەو هەوڵە دوای ئەوە هات تەنیا لە ساڵی 2018دا 15 كچ و ژنی ئێزیدی بە رێگای جیاواز و لە كەمپەكاندا كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، ئەوەش بەپێی بەدواداچونێكی پێشوی (كەركوك ناو). زۆرینەی ئەو 15 كەسەش دوای رزگاربونیان هاتووە لەژێر چنگی داعش.
چنار قاسو، (24ساڵ)، کچێكی رزگاربوی دەستی داعش و هه‌شت مانگه دوکانێکی که‌مالیاتی ئافره‌تانی كردۆتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو رێكخراوە هه‌زار دۆلاریان پێدام، بەڵام بەشی منی نەكرد، ناچار لەەسر حسابی خۆم هەندێك پارەی ترم خستەسەری و دوكانەكەم پێدانا".
ئەو كچ و ژنانە بەگشتی دەستخۆشییان بۆ ئەو رێكخراوانە هەبوو كە هاوكاریی كچانی ئێزیدی دەكەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنكار.
"مانگ هه‌بووه زۆر که‌م قازانجم کردووه، بەڵام بیرم له‌وه نه‌کردۆتەوە وازبهێنم، گرنگ ئه‌وه‌یه سەرقاڵم و ئیشدەكەم"، چنار قاسم وایوت.