"رۆژنامەنوسانی ناوچەكانی جێناكۆك دوجار دەبنە قوربانی"

ئەركان شەریف، وێنەگری كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی لە تشرینی یەكەمی 2017 لەماڵەكەی خۆیدا لە داقوق لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە كوژرا فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

كەركوك ناو

سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان رایدەگەیەنێت كە رۆژنامەنوسانی ناوچەكانی جێناكۆك لەكاتی كاركردندا دوجار دەبنە قوربانی، "جارێک وەک رۆژنامەنوسێک کە پێویستىان بە زانیارییە، جارێكی تر كراونەتە ئامانجی سوپا و هێزە عیراقییەكان".

ئەو بۆچونەی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا هاتووە كە ئەمڕۆ دووشەممە 15ی تەمموز لە هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا ئاماری پێشێلكارییەكانی شەش مانگی ئەمساڵ بڵاوكرایەوە.

بەپێی ئامارەكە، لەشەش مانگی ئەمساڵدا 27 پێشێلكاریی بەرامبەر 65 رۆژنامەنوس لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك كراوە، كە سێ رۆژنامەنوس لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە، چوار رۆژنامەنوس لە كەركوك و حاڵەتێكی تریش لە موسڵ بووە.

هەروەها 10 حاڵەتی دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان هەبووە لە سەرتاسەری هەرێم و ناوچەی جێناكۆك، لەگەڵ نۆ حاڵەتی رێگریی.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "ناتەندروستى ژینگەى میدیایی لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێم و تێکەڵبونى میدیا لەگەڵ ململانێى سیاسیی و نەتەوەیى و ئاینى، لەهەمانکاتدا حیزبیبونى کەناڵ و راگەیاندنەکان و بۆشایى یاسایى و جێبەجێنەکردنى یاساى گەیشتن بە زانیارییەکان، دۆخەکەی گەیاندووە بە شوێنێك کە پێشلکارییەکان  زیاتر و سەختتر بوون، تا گەیشتۆتەوە ئەوەى لێکۆڵینەوە لە ناسنامەى رۆژنامەنوسان بکرێت لە ناوچەکانى جێناکۆک".

پێشلکارییەکان  زیاتر و سەختتر بوون

وتیشی "رۆژنامەنوسانى ناوچەکانى جێناکۆک دوجار دەبنە قوربانى لەکاتى کارکردندا، جارێک وەک رۆژنامەنوسێک کە پێویستىان بە زانیارییە، دووەم بەهۆی ئەو کێشە جوگرافیی و نەتەوەییەى لەو ناوچانە هەیە، رۆژنامەنوسێکى کورد لەو ناوچانەدا ئامانجى ئەو سوپا و هێزە عیراقییانەن کە دەسەڵاتى پاراستنى ئەو ناوچانەیان پێسپێَردراوە".

زیاتر وتی "هۆکاری زۆری ئەوەش نەبونى هۆشیاری رۆژنامەنوسانە دەربارەى ئەو یاسایانەى لەو شوێنانە دەیانپارێزێت".

هاوكار حسێن خه‌ڵكی شاری دوزخورماتووه‌، سه‌رقاڵی ڕووماڵكردنی شه‌ڕی نێوان داعش و پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی كه‌ركوك فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، جەختدەكاتەوە لەوەی "لەم خولە نوێیەى پەرلەمانى کوردستاندا دەمانەوێت کار بکەین بۆ دانانى یاساى نوێ بۆ کەمبونەوەى ئەو ئامارانەى لەسەر پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنوسان هەن و چارەسەرێکى یاسایى و ئەکادیمى و زانستى بۆ بدۆزرێتەوە".

"ئەم راپۆرتە پێمان دەڵێت کە کاری رۆژنامەنوسی لە ناوچەکانى جێناکۆک خەریکە دەبێتە مەترسی بۆ سەر گیان و سەلامەتى رۆژنامەنوسە کوردەکان".

کاری رۆژنامەنوسی لە ناوچەکانى جێناکۆک خەریکە دەبێتە مەترسی بۆ سەر گیان و سەلامەتى رۆژنامەنوسە کوردەکان

سەندیکاى رۆژنامەنوسانی كوردستان داوا دەكات هەرچى زووە میکانیزمێک بۆ چارەسەری ئەو کێشانە دابنرێت، هەروەها هاتووە "داواکارین هەم دەسەڵاتداران و هەم رۆژنامەنوسان پابەندى یاساکان بن بۆ دابینکردنى ژینگەیەکى کارکردنى سەلامەت".

لە 14ی ئایاری ئەمساڵ، كاروان ساڵحی، پەیامنێری (كەركوك ناو) له‌كاتی روماڵكردنی روداوێكی گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان له‌ قه‌زای دوبز لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە ده‌ستبه‌سه‌ركرا، پاش لێكۆڵینه‌وه و دوای شەش كاتژمێر بەكەفالەت له‌گه‌ڵ ئاسۆ ئه‌حمه‌د په‌یامنێری ئێن ئاڕتی و هاوتا به‌هرۆز كامێرامانی ئه‌و كه‌ناڵه‌ ئازادكران.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT