ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، بودجه‌ی ئه‌مساڵی پارێزگاكه‌ی په‌سه‌ند كرد كه ده‌گاته زیاتر له 500 ملیار دینار و له‌و بڕه‌ش، ته‌نیا یه‌ك ملیاری بۆ ژنان و كچانی ئێزیدی رزگاربوی ده‌ستی داعش ته‌رخانكراوه.
په‌سه‌ند كردنی بودجه‌ی 2019ی نه‌ینه‌وا، سێشه‌ممه 16ی تهمموز، له كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا هات به ئاماده‌بونی 32 ئه‌ندام له كۆی 39 ئه‌ندام.
كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن بۆ چه‌ند ته‌وه‌رێك بوو، جگه له تاوتوێی بودجه، ده‌بوو چه‌ند پۆستێكی ئیدارییش پڕبكاته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی دروستبونی مشت‌ومڕ له‌سه‌ر كاندیده‌كان ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كۆبونه‌وه‌كه بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
له تاوتوێی پرسی بودجه‌دا، گفتوگۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن درێژه‌ی كێشا، به تایبه‌ت له دابه‌شكردنی بودجه‌كه‌دا به‌سه‌ر یه‌كه ئیدارییهكاندا، تا دواجار په‌سه‌ند كرا.
سیدۆ چه‌تۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوای ته‌واوبونی كۆبونه‌وه‌كه وتی "بودجه‌ی پارێزگاكه په‌سه‌ندكرا، هه‌رچه‌نده له‌وباره‌یه‌وه دره‌نگ كه‌وتین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش دوای چه‌ندین دانیشتن و گفتوگۆ هات له‌باره‌ی پرۆژه‌ی بودجه‌وه، كه ئێستا زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌نجومه‌نی به‌ده‌ستهێنا".
به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ناڕه‌زاییان هه‌بوو له‌سه‌ر بڕی بودجه‌كه، به‌وپێیه‌ی له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ی وێرانكارییه‌كانی سنوره‌كه‌دا ناگونجێت و داوایانكرد حكومه‌تی ناوه‌ندی، ئاوڕی جددی له پارێزگاكه بداته‌وه.
نه‌ینه‌وا و شاری موسڵ، به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌وه زیانی زۆری ماددی و گیانی به‌ركه‌وت.
"له پرۆژه‌ی بودجه‌دا جه‌خت له به‌رده‌وامی ئه‌و پرۆژانه كراوه‌ته‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تێدایه.. جگه له‌وه‌ش ملیارێك دینار بۆ ژنان و كچانی رزگاربوی ئێزیدی ته‌رخانكراوه، هه‌روه‌ها ملیارێك دیناریش بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆش و 250 ملیۆن دینار بۆ نه‌خۆشانی تالاسیمیا دابینكراوه" به‌وته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن.
بودجه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا، 556 ملیار دیناری عیراقییه، ئه‌و بودجه‌یه‌ش به‌سه‌ر یه‌كه ئیدارییه‌كانی پارێزگاكه‌دا دابه‌شكراوه.
سیدۆ چه‌تۆ جه‌ختیكرده‌وه له به‌رده‌وامی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن له‌باره‌ی پرۆژه و بودجه‌ی پارێزگاكه‌وه، جگه له ئاماده‌كاری بۆ بودجه‌ی 2020، چه‌ندین بڕه پاره‌یه‌ی تری ته‌رخانكراو هه‌یه وه‌ك 100 ملیار دینار بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده و 98 ملیار دینار بۆ پرۆژه‌كانی تری ئاوه‌دانكردنه‌وه.
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه له دابه‌شكردنی بودجه و پرۆژه‌كاندا، ره‌چاوی هه‌موو یه‌كه ئیدارییه‌كانی سه‌ر به نه‌ینه‌وا كراوه، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێژه‌ی دانیشتوان و ئاستی هه‌ژاری و وێرانكاریی ناوچه‌كه به‌هۆی شه‌ڕه‌وه.
شاری موسڵ و ته‌واوی پارێزگای نه‌ینه‌وا، له 2017وه له‌ژێر ده‌ستی داعش ده‌رهێنراوه و له‌وكاته‌وه، پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سنوره‌كه به بودجه‌ی عیراق و هاوكاری ماددی وڵاتان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه.