گردبونەوەى سیاسى عەرەبى لە کەرکوک، فۆرمی 1000 بێسەروشوێنی رادەستی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك كرد و هەردوو ئاسایشی یەكێتیی و پارتیان تۆمەتباركرد بە دەستگیركردن و زیندانیكردنی رۆڵەكانیان.
ئەو فۆرمانە ئەمڕۆ شەممە 20ی تەمموز لەسەر داوای ئەنجەمەنی وەزیران عیراق ئامادەكراوە و لە هۆڵی كۆنگرەكان رادەستی راكان سەعید كران. ئەوەش لە كۆنگرەیەكدا لەژێر ناونیشانی "ئازادکردنى بێتاوانان بنەمای دادپەروەریى و ئاشتى و پێکەوژیانە".
تەحریر ئەحمەد عوبەیدى، ئەندامى گردبونەوەى عەرەبیی و لێپرسراوی نوسینگەى کەرکوکی حزبى (حل)ی عەرەبى، لە وتارێكیدا لە كۆنگرەكەدا، وتی "لەسەر داواکارى ئەنجومەنى وەزیرانى عیراق، گردبونەوەى عەرەبی لە شارى کەرکوک دەستیکرد بە پڕکردنەوەى فۆرمێکى تایبەت بە کەسوکارى بێسەروشوێنەکان و دەستگیرکراوەکان کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى پارتى و یەکێتیەوە دەستگیركراون و چارەنوسیان نادیارە".
وەکو هەنگاوى یەکەم، گردبونەوەی عەرەبی، فۆرمى 1000 بێسەروشوێنی ئامادەكرد و رادەستى راکان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەتیان كرد.
تەحریر ئەحمەد وتی "دەمانەوێت پارێزگار ناوەكان ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیرانى عیراق بکات بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی هەرێم وتوێژیان لەسەر بكات و ئازادبكرێن".
دەمانەوێت پارێزگار ناوەكان ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیرانى عیراق بکات
گردبونەوەی عەرەبی، لە كۆمەڵێك حزب و گروپی سیاسی عەرەبی كەركوك پێكهاتووە و راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك ئەندامی ئەو گردبونەوەیەیە.
راكان سەعید، لە وتارێكی كۆنگرەكەدا، وتی "رۆڵەى هەموو ئەوانەى دانیشتون، یان ئامادەنەبون لە هۆڵەکە بەبێ فەرمانى دادوەر دەستگیرکراون... پێویستە بەغدا و هەرێمى کوردستان ئاگاداربن بۆ ئەوەى دەستگیرکراوەکان یاخود کەسوکارەکانیان هۆکارى دەستگیرکردنەکەیان بزانن و بە گفتوگۆ ئازادیان بكەن".
بەپێی وتەی كەسوكاری بێسەروشوێنان، رۆڵەكانیان لە ماوەی ساڵی 2003 تا بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەلایەن ئاسایشی یەكێتیی و پارتییەوە دەستگیركراون، ئەو ماوەیە ئەو دوو ئاسایشە لێپرسراوێتی ئەمنییان هەبوو لە بەشێك لە پارێزگاكە.
راكان سەعید وتی "داواکارین ئەوانەی فۆرمەكەی ئەنجومەنى وەزیرانیان بەدەستگەیشتووە پڕیبکەنەوە، بۆ ئەوەى رەوانەى بەغداى بکەین". لەگەڵ تۆمەتباركردنی ئاسایشی یەكێتیی و پارتی بە دەستگیركردنی رۆڵەكانیان.
داواکارین ئەوانەی فۆرمەكەی ئەنجومەنى وەزیرانیان بەدەستگەیشتووە پڕیبکەنەوە، بۆ ئەوەى رەوانەى بەغداى بکەین
رەوەند مەلا مەحمود، جێگرى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كە ئاسایشی حزبەكەی تۆمەتبار كراوە بەدەستگیركردن و زیندانیكردنی بەشێك لەو ناوانەی راگەیەنراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "نەدەبوو راكان ئەو قسانە بكات، خۆی باش دەزانێت کە ناوچەکانى ئەوان کانگەى بەرهەمهێنانى تیرۆریستان بووە، نەوەك ناوچەکانى ئێمە... ئێمە ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە و باشتر وایە لە كرەكوك خاڵى گونجاو بدۆزینەوە بۆ پێكەوەژیانی نەتەوەكان، نەك هەموو رۆژێک کێشە بۆ یەکتر بدۆزینەوە".