وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی عیراق، روپێوی بۆ قۆناغی یەكەمی ناوی خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكانی پارێزگای نەینەوا كرد كە موچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، وەزارەت بڕیاریدا بە بڕینەوەی موچە بۆ 111 خێزان وەك قۆناغی یەكەم، كە كەمترین موچە بڕەكەی 150 هەزار دینارە.
ئەو روپێوییە دوای ناردنی ناوی ژمارەیەك خێزانی كەمدەرامەت دێت بۆ حكومەتی عیراق بە چوار قۆناغ لەپێناو وەرگرتنی موچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی.
لەئێستادا تەنیا روپێوی بۆ قۆناغی یەكەم كراوە، ئەوەش بەپێی ووتەی شێروان جەمال خدر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان.
شێروان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمساڵ حكومەتی عیراق بودجەی تایبەتی بۆ موچەی هەژار و كەمدەرامەتەكان بڕیوەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا پارێزگاكان ناوەكانیان رەوانەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دەكەن بۆ ئەوەی موچە بۆ كەمدەرامەتەكان ببڕدرێتەوە".
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بههاوبهشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە و بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی کەمپی ئاوارەكان، قەزا و ناحییەكان دەكەن، ئەوەش بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی ئەو ناوانەی کە نوسینگەكانی پەرلەمان لە پارێزگاكان رەوانەی وەزارەتیان كردووە.
شێروان جەمال، وتی "لە نوسینگەی نەینەوای پەرلەمانی عیراقەوە بە چوار قۆناغی ناوەكان ئاراستەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كراوە، بەپێی روپێوییەكە 111 كەس وەك قۆناغی یەكەم موچەیان پێدرا كە بڕەكەی 150 هەزار دینارە، ئەوەش دوای ئەوەی لە پشكنینی لیژنەكە دەرچون".
موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی، دەدرێت بەو خێزانانەی كە خاوەن پێداویستی تایبەتن، یان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یان بێوەژن، لەگەڵ ئەوانەی هەژاران و هیچ هاوكارییەكی دارایی و كارێكیان نییە.
بڕیارە لیژنە هاوبەشەكە، جارێكی تر سەردانی پارێزگای نەینەوا بكاتەوە، لە پێناو پشكنینی بۆ قۆناغی دووەمی ناوەكان.