بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزیدیان گه‌یشتنه رێككه‌وتن، بۆ هه‌ڵبژاردنی حازم ته‌حسین به‌گ به میر و دانانی چوار جێگری بۆ ئه‌و پۆسته، ئه‌وه‌ش دوای حه‌وت مانگ له گفتوگۆ و ململانێی ناوخۆیی.
گفتوگۆی دیاریكردنی كاندیدی میری ئێزیدیان، نزیكه‌ی حه‌وت مانگه به‌رده‌وامی هه‌یه و به‌هۆی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانویست پۆسته‌كه وه‌ربگرن، بنه‌ماڵه‌ی میر نه‌یانتوانی یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی و فشاری ئێزیدییه‌كانی به‌دواداهات.
عامر مەحمود، وتەبێژی بنەماڵەی میری ئێزدیان بە(کەرکوک ناو)ی وت "ماوەیەکی زۆر بوو بنەماڵەی میر لەناوخۆیاندا له‌سەر هەڵبژاردنی میر رێکنەدەکەوتن، پێش چەند رۆژێک بەرپرسێکی باڵای حوکمەتی هەرێم سەردانی بنەماڵەی میری كرد تا رێكبكه‌ون".
به‌وته‌ی عامر مه‌حمود، له ئێستادا بنه‌ماڵه‌ی میر گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن، "به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه حازم تەحسین بەگ دەبێتە میر و چوار جێگری دەبێت، هەرمان میرزا بەگ ده‌بێته وەلی عەهد، کامیران خەیری بەگ مەرجەعی ئایینی، هه‌ریه‌ك له شێرزاد فاروق بەگ و جەوهەر عەلی بەگ ده‌بنه وەکیلی میر".
پێشتر هه‌ریه‌كه له حازم ته‌حسین به‌گ کوڕی میر ته‌حسین به‌گ-، کامیران خه‌یری به‌گ، شێرزاد فاروق به‌گ، هه‌رمان میرزا به‌گ، سالم نه‌جمان به‌گ، میران سه‌باح جاسم به‌گ و عامر مه‌حمود خۆیان كاندید كردبوو تا ببن به میری ئێزیدیان.
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئێزیدییه‌كان له عیراق و جیهان، چه‌ند قۆناغێكی جیاواز ده‌بڕێت دوای دیاریكردنی كاندیدێك له نێو بنه‌ماڵه‌ی میری كۆچكردوی ئه‌و پێكهاته‌یه، له دواههنگاویشدا جڤاتی روحانی ئێزیدییان بڕیاری یه‌كلاییكه‌ره‌وه و كۆتایی ده‌ده‌ن.
هه‌رمان میرزا به‌گ، یه‌كێك له كاندیده‌كانی میری ئێزدیان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌پێناوی ئه‌وه‌ی چیتر ئێزدییه‌كان بێ میر نه‌مێننه‌وه وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی میر گه‌یشتینه رێككه‌وتن به‌ڵام جارێ نامانه‌وێت ناوی ئه‌و كه‌سه ئاشكرابكه‌ین كه ده‌بێته میر".
28ی كانونی دوه‌می 2019 ته‌حسین سه‌عید عه‌لی به‌گ، میری ئێزدییان له عیراق و جیهان دوای مانه‌وه‌ی بۆ زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه، له ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد و له 5ی شوباتی ئه‌مساڵیشدا، له سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ناو باخچه‌ی ماڵه‌كه‌یدا له قه‌زای شێخان له‌ده‌ستی نه‌ینه‌وا به‌خاكسپێردرا.
ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه شێخ، شێخی وه‌زیره و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه ده‌رده‌كه‌ن.
عەلی خدر، لێپرسراوی نوسینگەی جڤاتی روحانی ئێزیدی بە (کەرکوک ناو)ی وت "بنه‌ماڵه‌ی میر له‌ناو خۆیاندا گه‌یشتوونه رێككه‌وتن كه حازم كوڕی گه‌وره‌ی میر ته‌حسین ببێته میری ئێزدیان به‌ڵام هێشتا به‌فه‌رمی ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه".
فارس كتی، راوێژكاری جڤاتی روحانی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بنه‌ماڵه‌ی میر كۆبونه‌ته‌وه و به ئێمه‌یان راگه‌یاندووه رێككهوتونی كۆتاییان كردووه له‌سه‌ر كاندیدكردنی حازم ته‌حسین به‌گ بۆ میری ئێزدیان".
راوێژكاری جڤاتی روحانی ده‌ڵێت بڕیاره دوای كۆبونهوهكی فه‌رمی ناوی كاندیده‌كه بۆ رایگشتی و كاتی هه‌ڵبژاردنی ئاشكرابكرێت.
پێگه‌ی میر له نێو ئێزیدییه‌كاندا، له نێو هه‌مان بنه‌ماڵه‌دا بووه و ده‌بێته نوێنه‌ری ئه‌و پێكهاته‌یه له ئاستی جیهان، له دوای ئه‌ویش باباشێخ، وه‌كو مه‌رجه‌عی دینی ئێزیدیی له روی ئایینه‌وه كاره‌كان راییده‌كات.
زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه قه‌زای شێخان (ده‌كه‌وێته باكوری موسڵ و له‌روی ئیدارییه‌وه سه‌ر به هه‌ولێره) و له‌گه‌ڵ قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ).
ئه‌و پێكهاته‌یه روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌ته‌وه به ده‌ستی داعش، كاتێك هێرشیكرده سه‌ر شنگال له ئابی 2014دا و له‌وكاته‌شدا، زیاتر له شه‌ش هه‌زار كه‌س له نێویاندا ژن و منداڵ رفێنران و هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی نیوه‌یان نادیاره، جگه له ئاواره‌بونی هه‌زاران خێزان.