خوشك و برایه‌كی مێردمنداڵ كوژران و حه‌وت كه‌سی تر له یه‌ك خێزان برینداربون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراوه‌وه له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵكشانی نائارامییه‌كانی داقوقدایه كه پارێزگاری كه‌ركوك، به‌وهۆیه‌وه داوای هێزی زیاتر ده‌كات.
كاتژمێر 10ی شه‌وی رابردوو، هه‌ینی 26ی تهمموز، بۆمبێكی چێنراو لەنێوان هەردوو گوندی بەشیرو تەلجول به ئۆتۆمبێلی خێزانێكدا ته‌قییه‌وه، كه بە مەبەستی بەخێوکردنی مەڕو ماڵاتەکەیان له‌و ناوچه‌یه بون.
فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی له‌و سنوره كه نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکەوه خوشک و برایەک کوژراون بەناوەکانی تەبارەک قەیس تەمەن 10 ساڵ و عەبیر قەیس تەمەن 12 ساڵ، له‌گه‌ڵ برینداربونی حه‌وت كه‌سی تری هه‌مان خێزان".
به‌شێكی له برینداره‌كانی ئه‌و روداوه‌كه، به‌هۆ سه‌ختی برینه‌كانیانه‌وه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی شاری كه‌ركوك كراون.
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی بۆمبه‌كه‌ی تێدا ته‌قییه‌وه، پێشتر و بۆ زیاتر له سێ ساڵ له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بووه، بۆیه هێشتا دیارنیه بۆمبه‌كه تازه چێنراوه و دانراوه یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می داگیركاری داعش.
ئه‌و روداوه دوای شه‌وێك هات له بۆردومانكردنی گوندی تۆپزاوه‌ی قه‌زای داقوق به هاوه‌ن، كه به‌هۆیه‌وه زیانی زۆر به‌ر خانوی هاوڵاتیان كه‌وت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "شه‌وی پێنجشه‌ممه 25ی تهمموز زیاتر له 10 گولـله هاوه‌ن ئاراسته‌ی گوندی تۆپزاوه‌ی كاكه‌یی نشین كرا له باشوری داقوق و له‌سه‌ر رێگای گوندی عه‌لی سه‌را-یش بۆمبێكی چێنراو به ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی فیدراڵیدا ته‌قیه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانی گیانی لێبكه‌وێته‌وه".
كاكهییەکان كه زۆرینه‌یان له گونده‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن)، له چه‌ند مانگی رابردوودا روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كداری، كوشتن و رفاندن بونه‌وه.
حسین عگیە، دانشتوی گوندی تۆپزاوە بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای تۆپبارانكردنی گوندەكە تەقهی زۆر كرا.. چه‌كداره‌كان زۆر نزیك بون له گونده‌كه‌وه و .. ئێستا ژیانمان له‌ناوچه‌كه پارێزراو نیه و هه‌ڕه‌شه‌مان له‌سه‌ره".
ئه‌و روداوانه دوابه‌دوای بارگرژییه‌كه‌ی شه‌وی 24ی تهمموز دێت له داقوق، كه به‌هۆیه‌وه 11 كەس كوژران و چواری تر برینداربون، لە نێویاندا ژن و منداڵ، روداوەكەش لە تەقاندنەوەی گولـلە هاوەنێكەوە دەستیپێكرد و دواتر بارگرژییەكان بۆ ناو نەخۆشخانە گوازرانەوە، تا گەیشتە كوشتنی ئەفسەرێكی نەهیشتنی تاوانی داقوق و بڕیاری دەركردنی پۆلیسی فیدراڵی لەو قەزایە.
له‌سه‌ر ئه‌و بارگرژییانه، لیژنه و تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منی ره‌وانه‌ی قه‌زای داقوق كراون، به تایبه‌ت له پرسی تێوه‌گلانی هێزێكی ئه‌منی به ته‌قه‌كردن له هاوڵاتیان و كوشتنی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس، به‌ڵام هێشتا ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاشكرانه‌كراون.
راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ ئیدانه‌ی روداوه‌كانی ئه‌و سنوره، به‌پێویستی ده‌زانێت فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق ده‌ستبه‌جێ هێزی زیاتر له سوپا ره‌وانه‌ی پارێزگاكه بكات.
جبوری له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه هه‌ینی 26ی تهمموز بڵاویكرده‌وه، باسی له روداوه‌كانی داقوق كردووه، له ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌وه تا هێرشه چه‌كدارییه‌كان، جه‌ختیكردۆته‌وه له لێكۆڵینه‌وه له ئاڵۆزییه‌كان له‌رێی لیژنه‌یه‌كی ئه‌منییه‌وه.
روداوه‌كانی داقوق، زیاتر له هه‌فته‌یه‌كه به‌رده‌وامی هه‌یه و له هه‌ڵكشاندایه، له نێویاندا هێرشی چه‌كداریی و 18ی ته‌مموزیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، بۆمبێك هه‌ڵدرایه ماڵی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوقه‌وه، به‌ڵام نه‌ته‌قییه‌وه و پۆلیس بۆمبه‌كه‌ی هه‌ڵگرته‌وه.
پێشتریش، لێپرسراوانی نوسینگەی كەركوكی یونامی، له 18ی تهمموز سه‌ردانی لێپرسراوانی قەزای داقوق و گوندنشینان و جوتیارانیان كرد، بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی پێشێلكارییەكانی ناوچەكە و دۆخی ئەمنی.
قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.