دوو هه‌زار و 908 رفێنراوی ئێزیدی كە 323یان لە رەگەزی مێن هێشتا رزگارنەكراون و چارەنوسیان نادیارە، ئەوەش لەكاتێكدایە پێنج ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و رفاندنی شەش هەزار و 417 كەس لەو پێكهاتە ئاینییە.
حسێن قائیدی، لێپرسراوی نوسینگه‌ی رفێنراوانی ئێزیدی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەرەتای كردنەوەی ئەم نوسینگەیەوە سێ هەزار و 509 رفێنراوی ئێزیدی رزگاركراون و دوو هەزار و 908 رفێنراوی تر چارەنوسیان نادیارە".
داعش لە 3ی ئابی 2014 هێرشیكردە سەر قەزای شنگال – زێدی مێژویی ئێزیدییەكان لە خۆرئاوای موسڵ- و خەڵكەكەی روبەڕوی كوشتنی بە كۆمەڵ، رفاندن و ئاوارەبون كردەوە و شەش هەزار و 417 ئێزیدی رفاند لە نێویاندا ژن و منداڵ.
لە یەكەم رۆژی هێرشی داعش بۆ سەر ئێزیدییەكان هەزار و 293 كەس لەو پێكهاتەیە كوژران، ئەوەش هەر بەپێی ئاماری ئەو نوسینگەیەی حكومەتی هەرێم. هەروەها 68 مەزارگەی ئەو پێكهاتەیەی تەقاندەوە و خاپور كرد.
حسێن قائیدی وتیشی "پلانێکی نوێمان داڕێشتووه بۆ چۆنییه‌تی رزگارکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی که ماون و به‌وردی کار لەسه‌ر ئه‌و پلانه ده‌که‌ین".
ئەو ئامارە نوێیە سەبارەت بە ئێزیدییەكان، لەكاتێكدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئاب، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژیاسای دیاریكردنی 3ی ئاب بە رۆژی جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان كرد.
حسێن قائیدی وتی "تائێستا سێ هه‌زار و 509 ڤیدیۆمان گرتووه وه‌کو به‌ڵگه‌یه‌کی زیندوو بۆ بە جینۆسایدناساندنی کاره‌ساتی شنگال".
هادى بابه‌شێخ، لێپرسراوی نوسینگه‌ی بابه‌شێخ - مه‌رجه‌عی باڵای ئایینی ئێزیدییه‌کان، به (که‌رکوک ناو)ی وت "له مانگی ئاداری ئه‌مساڵ شاندێکی باڵای ئێزیدییه‌کان سه‌ر‌دانی رۆژئاوای کوردستان (كوردستانی سوریا)یان كرد به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌دوای رفێنراوانی ئێزیدیی و بڕیارە بۆ جاری دووه‌م بۆ ئەو مەبەستە سەردانەكە بكەنەوە".