نەتەوە یەكگرتوەكان ئاگاداردەكەنەوە
حزبە كوردییەكان: دۆخی كەركوك ئاساییبكرێتەوە ئینجا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت

كەركوك/1ی ئابی 2019/ كۆبونەوەی حزبە كوردییەكان لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – كەركوك

حزبە كوردییەكانی كەركوك داوا لە نوسینگەی كەركوكی نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەن، كاربكەن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بەر لە هەڵبژاردنەكانی نیسانی داهاتوو، چونكە پێیانوایە بەم دۆخەی ئێستاوە دەنگدەری كورد لەو پارێزگایە سانسۆری لەسەر دەبێت.

ئەو داواكارییەی حزبە كوردییەكان لە كۆبونەوەیەكدا هات لەگەڵ نوسینگەی كەركوكی نەتەوە یەكگرتوەكان، كە پێنجشەممە 1ی ئاب بەڕێوەچوو و تیایدا چەند تەوەرێك لەبارەی پارێزگاكەوە گفتوگۆی لەسەر كرا.

 خەلیل ئیبراهیم، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە كۆبونەوەكە، ئاشكرایكرد "دۆخی سیاسیی و سەربازی کەرکوک لە دۆخێکی نایاسایدایە و ناکرێت بەم دۆخەوە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەمەمان بە نەتەوە یەكگرتوەكان وت".

زیاتر وتی "وتمان دەبێت دۆخەکە ئاساییبكرێتەوە ئینجا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێک بێت هەموو نەتەوەکان دەرفەتی دەنگدانیان هەبێت، بەم دۆخەی ئێستا دەنگدەری کورد سانسۆری لەسەر دەبێت".

وتمان دەبێت دۆخەکە ئاساییبكرێتەوە ئینجا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت

لە بابەتی هەڵبژاردنیشدا، حزبە كوردییەكان رەخنەیان لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان گرت بەتایبەت بڕگەیەكی یاساكە كە تایبەتە بە هەڵبژاردن لە كەركوك.

خەلیل وتی "هەموان تێبینیمان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان هەبوو، هەموارکردنە لە بەرژەوەندی کورد-دا نییە و بەو یاسایە هەڵبژاردن لە کەرکوک ئەنجامبدرێت ئێمەی کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبین".

زیاتر رونیكردەوە "هەزاران دەنگدەرمان ناتوانن دەنگبدەن بەپێی یاساكە، بەهۆی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و نەبونی مافی دەنگدانی ئەوانەی بەر لەساڵی 2003 فۆرمی خۆراك و رەگەزنامەیان لەشارەكانی هەرێمی كوردستان بووە".

گلەیی لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەن

حزبە كوردییەكان لە تەوەرێكی تردا، رەخنەیان لە نەتەوە یەكگرتوەكان گرتووە و تۆمەتباریان كردووە بەوەی لە پرسی كەركوك و لە نێوان نەتەوەكاندا رۆڵێكی هاوسەنگیان نەبینیوە.

"وتمان ناکرێت بەمشێوەیە لە کەرکوک مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت و دەبێت نەتەوە یەکگرتوەکان هەڵوێستیان هەبێت لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عیراق"، خەلیل وایوت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT