كه‌سوكاری ئه‌فسه‌رێكی كوژراوی پۆلیس و به‌شێك له خه‌ڵكی داقوق، مۆڵه‌تی چوار رۆژ ده‌ده‌نه حكومه‌ت بۆ راده‌ستكردنی تۆمه‌تبارێكی كوشتن و ئاماده‌ی دانوستان نین، جگه له‌وه‌ش داوای گۆڕانكاریی ده‌كه‌ن له بازگه ئه‌منییه‌كاندا.
ئه‌و داواكارییانه له گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا هات، كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 4ی ئاب به‌رێوه‌چوو به ئاماده‌بونی ده‌یان هاوڵاتی له نێویاندا كه‌سوكاری محەمەد قاسم، ئه‌و ئه‌فسه‌ره توركمانهی له روداوێكدا به گولـله‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی كوژرا.
له گردبونهوهكهدا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) روماڵی كرد، كه‌سوكاری ئه‌و ئه‌فسه‌ره له به‌یاننامه‌یه‌كدا چوار داواكارییان ئاراسته‌ی حكومه‌تی عیراق و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، سه‌ره‌كیترینیان به‌لای ئه‌وانه‌وه، پێدانی مۆڵه‌تی پێنج رۆژه بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباری كوشتنه‌كه، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵوێستی توندتریان ده‌بێت.
محه‌مه‌د قاسم، مولازمی یه‌ك له پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی داقوق، 24ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن پۆلیسێكی فیدراڵیه‌وه له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی گشتی قه‌زاكه كوژرا، كاتێك هه‌وڵیدا بچێته نێو نه‌خۆشخانه‌كه‌وه و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی راگیرا، ئه‌وه‌ش به‌پێی گرته‌ی ڤیدیۆیی كامێرای چاودێری.
ئه‌و روداوه دوابه‌دوای زنجیره‌یه‌ك بارگرژی هات له هه‌مان شه‌ودا، كه به‌هۆیه‌وه 10 كەس كوژران و چواری تر برینداربون، لە نێویاندا ژن و منداڵ، روداوەكەش لە تەقاندنەوەی گولـلە هاوەنێكەوە دەستیپێكرد و دواتر بارگرژییەكان بۆ ناو نەخۆشخانە گوازرانەوە.
كه‌سوكاری ئه‌و ئه‌فسه‌ره و به‌شداربوانی گردبونه‌وه‌كه‌ی داقوق، ره‌تیانكرده‌وه هیچ دانوستانێك له‌گه‌ڵ كه‌سانی سه‌ر به تۆمه‌تباری كوشتنه‌كه بكه‌ن تا راده‌ستی هێزه ئه‌منیه‌كان نه‌كرێت، هه‌روه‌ها به‌پێویستی ده‌زانن به‌زوترین بدرێته دادگا.
له داواكارییه‌كی تریاندا به‌پێویستی ده‌زانن له بازگه ئه‌منیه‌كاندا، كه‌سانی ئه‌كادیمی و ئه‌وانه دابنرێن كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان هه‌یه به خه‌ڵكی سنوره‌كه‌وه.
له گردبونهوهكهدا، ژماره‌یه‌ك له هاوڵاتیانی داقوق له پێكهاته جیاوازه‌كان، جگه له توركمان له كورد و عه‌ره‌بیش به‌شداربون.
راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت دوای سه‌ردانی كه‌سوكاری قوربانیانی بارگرژییه‌كانی داقوق و كه‌سوكاری ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیس، جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی ناكرێت هه‌ڵسوكه‌وت و كرده‌وه‌ی تاكه‌كه‌سی له هێزێكدا له‌سه‌ر هه‌موو هێزه‌كه حساب بكرێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگار.
هه‌روه‌ها جبوری ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه پێویسته ورده‌كاریی روداوه‌كان ئاشكرابكرێن و ئه‌نجامده‌رانی بدرێته دادگا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كه‌سوكاری قوربانییه‌كانی داقوق قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه.
قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.