"بەدوای شوێنێكی ئارام‌دا دەگەڕێین و منداڵەكانمان رزگار دەكەین لە مردن"، لوقمان عوسمان دوای خۆڕاگرییەكی چەند ساڵە هەفتەی رابردوو ماڵەكەی لە ناوچەی هەفتەغار لە قەزای داقوق چۆڵكرد، دوای ئەوەی بەچڕی بۆردومانی گوندەكەیان كرا.
"كار گەیشتۆتە ئەوەی خانووەكەمان بۆردومان بكرێت و بڕوخێت بەسەرماندا... ئیتر ناتوانین لێرە بژین و مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە"، لوقمان وایوت.
بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی نزیكەی 50 خێزان لە دوو هەفتەی رابردودا هاوشێوەی لوقمان عوسمان، ماڵەكانیان لە گوندەكانی باشوری قەزای داقوقیان چۆڵكردووە كە زۆرینەیان لە پێكهاتەی كاكەیین، ئەوەش دوای زنجیرەیەك هێرشی چەكداریی، تەقینەوەی بۆمب و بۆردومانكردنی چڕی چەند گوندێكی ناوچەكە هات.
ئەو روداوانە بونەهۆی كوژرانی 13 كەس و برینداربونی 11ی تر، جگە لە زیانی ماددی بۆ گوندنشینان، ئەوەش هۆكاری سەرەكی بڕیاری كۆچكردنی بەشێك لە گوندنشینانە.
لوقمان وتی "ماوى دوو ساڵە ئەو مەترسییانە بەردەوامن و خۆمان راگرتووە، بەڵام ناكرێت لە ماڵەوە دابنیشین و خانووەكە بەسەرماندا بڕوخێت".
ناكرێت لە ماڵەوە دابنیشین و خانووەكە بەسەرماندا بڕوخێت
رزگار عەبدوڵا، دانیشتوی ناوچەى هەفتەغار، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەگەر حكومەتی عیراق و هەرێمى کوردستان چارەسەرى ئەم دۆخەمان بۆ نەکات، ئەوە کارەساتى شنگال لە داقوق دوبارە دەبێتەوە... ئێمە لە سەردەمى داعش ناوچەکەمان چوڵنەکردووە، بە پشتیوانى هێزەکانى پێشمەرگە بەرامبەر داعش وەستاوینەتەوە، بەڵام ئیستا کەس پشتیوانمان نییە و دوژمنت نەناسراوە".
ئەو گوندانە كە مەترسییان لەسەرە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی كاكه‌یین سەر بە قەزای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك)، بڕیاری كۆچكردنیشیان دوای بێئومێدبونیان هات لە چارەسەری كێشەكانیان و پاراستنی ژیانیان.
چەند رۆژێكە ژمارەیەك له كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌كانی داقوق، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه ئه‌منییه‌كان لە بەغدان و بۆ ئەو مەبەستە چاویان كه‌وتووه به به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار و یاسین یاسری، وه‌زیری ناوخۆ و به‌شێك له فه‌رمانده‌ی هێزه عیراقییه‌كان.
نه‌جات شێخ موكه‌ره‌م تاڵه‌بانی، كه‌سایه‌تی داقوق و ئه‌ندامی شانده‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سەرۆك كۆمار پشتیوانی بۆ داواكارییەكانمان دەربڕی كه په‌یوه‌سته به خراپی رەوشی ئەمنی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی روداوه‌كانی بۆردومانی گونده‌كانمان كه ئه‌وانه‌ش زەنگیكی مەترسیدارن".
"سه‌رۆك كۆمار باسی له‌وه‌كرد له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی داقوق" به‌وته‌ی نه‌جات تاڵه‌بانی.
بەرزان غازی، ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى داقوق بە (کەرکوک ناو)ی وت "چەندین جار هەردوو حکومەتى عیراق و هەرێمی کوردستان‌مان ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام بێ‌سود بووە"، وەك ئاماژەیەك بۆ بێئومێدبونیان لە هەوڵە بەردەوامەكانیان بۆ پرسی داقوق و گوندەكانی دەوروبەری.
"گوندنشینان و جوتیارن ناتوانن بەبێ ترس و بە شێوەیەكی ئاسایی بچنە سەر موڵك و زەوییەكانیان، بە شەویش بۆردوماندەكرێن و داعش چالاكییان لە دژ ئەنجامدەدات"، بەرزان وایوت.
گوندنشینان و جوتیارن ناتوانن بەبێ ترس و بە شێوەیەكی ئاسایی بچنە سەر موڵك و زەوییەكانیان
عەدنان زۆراب، دانیشتوی گوندى تۆپزاوا –گەورەترین گوندی كاكەیی-ە، كۆتایی هەفتەی رابردوو 10 گولـلە هاوەن ئاراستەی گوندەكەیان كرا، بۆیە گوندەكەی بەرەو قەزای داقوق جێهێشت.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "لە تەنیشت خانوەکەم گولـلەیەك هاوەن كەوتەوە، تا 11 كاتژمێر ئینجا پۆلیسی فیدراڵی هاتنە سەر روداوەكە"، زیاتر وتی "ئەو ماوەیە خۆم و منداڵەكانم لە ترس و دڵەڕاوكێی زۆردا بوین، بۆیە چۆڵكردنی گوندەكەمان بەباشتر زانی".
دیلان غه‌فور، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له پشكی كه‌ركوك و بەشداربوی كۆبونەوەی شاندەكەی داقوق لەگەڵ سەرۆك كۆمار، پێشتر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە یاداشتێكدا بە چەند خاڵێك كێشەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان ئاراستەی سەرۆك كۆمار كراوه".
بەڵام كۆچی ئەمجارەی گوندنیشنانی باشوری داقوق لەكاتێكدایە، پێشتریش سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكانی قەزاكە، له پەیامێكدا بۆ سەرۆك كۆمار و حكومەتی ناوەندی، هۆشدارییاندا له چۆڵكردنی ناوچه‌كانیان ئه‌گه‌ر گره‌نتی پاراستنی ژیانیان نه‌درێت.