وەزارەتی ناوخۆی عیراق، دوای سێ رۆژ لە دەستنیشانكردنی عەقید دانیاڵ جەبار ئەحمەد، لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوك لە پشكی پارتی، بڕیاری دورخستنەوەی دەدات و لە شوێنی ئەو عەمید سابر عوبێد رەحمان دادەنێت كە ناوبراو یەكێتییە، بڕیارەكە جۆرێك لە ناڕەزایی لێكەوتۆتەوە و هێشتا بە تەواوی لە كەركوك جێبەجێنەكراوە.
یەكشەممەی رابردوو 4ی ئاب، عەقید دانیاڵ جەبار ئەحمەد، لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوك دەستبەكاربوو، ئەوەش بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق، بەڵام بە بڕیارێكی نوێی هەمان وەزارەت ناوبراو ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئاب لابراو عەمید سابر عوبێد رەحمان لە پشكی یەكێتی لە شوێنەكەی دانرا.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پۆلیسی كەركوك، لەبەرئەوەی بە بڕیاری وەزارەت پێیانوتراوە لەسەر ئەو بابەتە لێدوان نەدەن بۆیە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی نوێترین بڕیاری وەزارەت عەقید دانیاڵ جەبار ئەحمەد لەو پۆستە لابراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێنەكراوە".
وتیشی "بابەتەكە تۆزێك هەستیارە، رەنگە سبەی پێنجشەممە 8ی ئاب بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، یان دوای جەژن، جارێ هیچ دیار نییە"، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر ئاشكرابكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە عەقید دانیاڵ جەبار، ئەمڕۆ چوارشەممە دەوامی خۆی كردووە وەكو بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتن و بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ شتێكی رەسمیم پێنەگەیشتووە و دەوامی خۆم دەكەم".
سەرچاوەیەكی تر كە لێپرسراوێتی هەیە لە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، جەختیكردەوە لەوەی، ئەوانیش زانیاری بڕیاری دورخستنەوەی عەقید دانیاڵیان بیستووە، بەڵام زانیاریی تری نەدركاند.