چوار حزبی سیاسی له قه‌زای شنگال، هاوپهیمانێتییهكیان راگه‌یاند و له پێشه‌نگی كاره‌كانیاندا هه‌وڵی پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و هێزی یه‌كگرتویی سه‌ربازی ده‌ده‌ن، دواتریش لیستی هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو دروستده‌كه‌ن.
ئه‌و چوار حزبه‌ی پێكهاته‌ی ئێزیدییه‌كان، دوای چه‌ندین مانگ له گفتوگۆ و دانوستان، پێنجشه‌ممه 8ی ئاب له شنگاله‌وه هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان به‌ناوی "هاوپه‌یمانی ئێزیدی" راگه‌یاند، دوای واژۆی رێككه‌وتنێكی چه‌ند خاڵی.
حه‌یده‌ر شه‌شۆ، سه‌رۆكی پارتی ئێزیدی دیموكراتی و یه‌كێك له‌و حزبانه‌ی به‌شداری هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی كردوه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ماوه‌یه‌كی زۆره سه‌رقاڵی دروستكردنی هاوپه‌یمانیه‌كی به‌هێزین و هه‌مومان هیوامان ده‌خواست رۆژێك بگه‌ینه رێككه‌وتن،.. ئه‌مڕۆ چوار حزبی سه‌ره‌كی له‌شنگال هاوپه‌یمانی ئێزیدی-مان راگه‌یاند".
چوار حزبی پێكهێنه‌ری ئه‌و هاوپه‌یمانییه بریتین له بزوتنەوەی ئێزیدی له‌پێناو چاكسازی و پێشكەوتن بەسەرۆكایەتی حەجی كندور سه‌مۆ، پارتی ئێزیدی دیموكراتی به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر شه‌شۆ، پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی بەسەرۆكایەتی سەعید بتوش، پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزیدی بە سەرۆكایەتی عومه‌ر ساڵح ئیبراهیم.
"ئه‌م هاوپه‌یمانییه له سێ خاڵدا كارده‌كات، یه‌كه‌میان دروستكردنی ئیداره‌یه‌كی نوێیه بۆ قه‌زای شنگال و ناحیه‌ی قه‌حتانییه" به‌وته‌ی شه‌شۆ.
قه‌زای شنگال نزیكه‌ی دوو ساڵه دوو ئیداره‌ی هه‌یه، یه‌كێكیان له ناوه‌ندی شاره‌كه‌دایه و دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا پێكهێنراوه و ئه‌ویتریان كه له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2013وه له‌كاردایه، له ده‌ره‌وه‌ی سنوری قه‌زاكه درێژه به كاره‌كانیان ده‌ده‌ن.
خاڵێكی تری هاوپه‌یمانی ئه‌و چوار حزبه، وه‌ك حه‌یده‌ر شه‌شۆ باسیكرد، پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازییه كه سه‌دا 50ی له‌و سه‌ربازانه پێكدێت ئێستا به‌رگری له شنگال ده‌كه‌ن و نیوه‌ی دیكه‌ی هێزه‌كه‌ش بۆ هاوڵاتیانی تری قه‌زاكه‌یه.
سه‌رۆكی پارتی ئێزیدی دیموكراتی ده‌ڵێت خاڵی كۆتایی رێككه‌وتنی هاوپه‌یمانێتیه‌كه دروستكردنی لیستێكی هاوبه‌شه بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق.
ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بڕیاره له 1ی نیسانی 2020دا ئه‌نجامبدرێت و چه‌ند مانگێكه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ پرۆسه‌كه ده‌ستپێكردووه.
حه‌یده‌ر شه‌شۆ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان به گرنگ بۆ چاره‌نوسی شنگال ده‌زانێت و پێیوایه ده‌بێته هه‌نگاوێك به‌ره‌و ئاوه‌دانی ناوچه‌كه و ئیداره‌یه‌كی به‌هێز، وتیشی "بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه زۆر خراپه.. به‌پێویستمان زانی ئه‌و هاوپه‌یمانیه رابگه‌یه‌نین تا ببێته فشارێكی به‌هێز له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كانی عیراق و هه‌رێم تا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
جگه له كێشه ئه‌منیی و ئیدارییه‌كان، نێوخۆی پێكهاته‌ی ئایینی ئێزیدییش ناكۆكی تێكه‌وتووه له‌سه‌ر پۆستی میر و له ئێستادا، دوو میر دانراون، یه‌كێكیان له لالش رێوره‌سمی بۆ ئه‌نجامدرا و ئه‌ویتر له ناوه‌ندی شنگال، به‌ره‌ی سێیه‌مش سه‌ریهه‌ڵداوه كه هیچ یه‌كێك له‌و دوو میره‌ی قبوڵ نییه و داوای میرێكی بێلایه‌ن ده‌كات.
فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال (ئیداره‌ی ناوبراو له‌نێو شاره‌كه‌دا له ئه‌ركدان) به (كه‌ركوك ناو)ی وت "رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ خه‌ڵكی شنگال كاتێك ئه‌و هاوپه‌یمانییه راگه‌ینرا، ئێمه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری‌یان ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی لهتواناماندبێت بۆ ئه‌وان ئه‌نجامی ده‌ده‌ین".
ژمارەی ئێزیدیەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیان كردووە، جگە لەوەی چارەنوسی نزیكه‌ی سێ هەزار كەسیان دوای رفاندیان لەلایەن داعشەوە دیارنییە، ئەوەش بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
قه‌زای شه‌نگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا، له ئابی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و له تشرینی دوه‌می 2015دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه، دوابه‌دوای ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و ناكۆكی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، له ئۆكتۆبه‌ری 2017وه دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه كه‌وتۆته ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه.