خێزانه‌كه‌ی وه‌لید له 11 كه‌س پێكهاتووه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی خۆراكی مانگانه دابینبكات پێویستی به بڕه پاره‌یه‌كی زۆر هه‌یه، ئه‌وه‌ش له توانای دارایی ئه‌ودا نیه و ترسی هه‌یه منداڵه‌كانی به برسێتی بمێننه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌زویی هاوكارییان پێنه‌گات.
وه‌لید سه‌لمان ئلیاس و خێزانه‌كه‌ی له كه‌مپی بێرسیڤ ده‌ژین له قه‌زای زاخۆی پارێزگای دهۆك، سه‌رباری مه‌ینه‌تییه جیاوازه‌كانی ژیانی ئاواره‌یی، زیاتر له دوو مانگه هیچ خۆراكێكیشیان وه‌رنه‌گرتووه، كه پێشتر له‌رێی رێكخراوه‌كان و حكومه‌ته‌وه بۆیان دابینده‌كرا.
"هه‌موو مانگێك پێویستم به 700 هه‌زار دینار هه‌یه تا شه‌كر و برنج و زه‌یت و ئارد بكڕم، هه‌ندێجار به قه‌رز ده‌یهێنم، به‌ڵام بارودۆخه‌كه به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی مانگانه‌ش وه‌رمانده‌گرت، وه‌ك خۆراكه‌كه ئه‌ویش نه‌ما" وه‌لید بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
له رێی ئیداره‌ی كه‌مپه‌كانه‌وه، رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشتر به دوو مانگ جارێك بڕی 18 هه‌زار دیناری عیراقی به ئاواره‌كان ده‌دا، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌و پاره‌یه به ئاواره‌كان نه‌دراوه به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی بزانن.
جگه له‌و هاوكارییه داراییه، له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئاواره‌ییه‌وه، حكومه‌ت به‌هاوكاری رێكخراوه‌كان مانگانه خۆراك و پێداویستی رۆژانه‌ی به‌سه‌ردا دابه‌شده‌كردن.
وه‌لید وتی "بارودۆخی ئێمه زۆر خراپه، من پێشمه‌رگه‌ی خۆبه‌خشم و به دوو مانگ جارێك بڕه پاره‌یه‌كی كه‌م وه‌رده‌گرم و كرێكاریش ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌ر ناتوانین بژێوی ته‌واوی خێزانه‌كه دابینبكه‌ین و تا دێت زیاتر پێشتگوێدهخرێین".
هه‌رچه‌نده زێدی ئاواره‌كان كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی شنگال و نه‌ینه‌وان، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان و خاپوربونی خانوه‌كانیان و هه‌ندێكیشیان له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌منی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستان زیاتر له ملیۆنێك ئاواره هه‌یه، كه زۆرینه‌یان خه‌ڵكی نه‌ینه‌وایه به هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه، ئه‌وان به‌شێكیان له كه‌مپ و ئه‌وانیتر له ناوچه جیاوازه‌كاندا ده‌ژین.
سالم سه‌عید، لێپرسراوی راگه‌یاندن له بۆردی كاروباری مرۆیی سه‌ر به ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له سه‌ره‌تای ئاواره‌بونی خه‌ڵكدا رێكخراوی جیهانی (WFP) له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ مانگانه بڕی 20 هه‌زار دیناریان ده‌دایه هه‌ر هاوڵاتیه‌ك دواتر ئه‌و بڕه پاره‌یه كه‌مكرایه‌وه بۆ 17 هه‌زار دینار بۆ شه‌ش هه‌فته جارێك".
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد كه دابه‌شكردنی خۆراك به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا رانه‌گیراوه، به‌ڵام دواكه‌وتووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی رێكخراوه‌كان رویانكردۆته پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ڵام فه‌رمانگه‌ی كۆچی حكومه‌تی عیراق و چه‌ند رێكخراوێكی تر ماوه ماوه خۆراك ده‌بنه كه‌مپه‌كان.
به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، هێشتا سه‌دا 41ی خه‌ڵكی موسڵ و شنگال، له زێدی خۆیان و شوێنی نیشتهجێبونیاندا ئاواره‌ن، ئه‌وانه‌یشی له كه‌مپه‌كاندا ماونه‌ته‌وه لانیكه‌م تا ساڵێكی دیكه نیازی گه‌ڕانه‌وه‌یان نییه.
حهوارس سه‌میر، پێنج ساڵه له كه‌مپی شاریا ده‌ژی له دهۆك، دوو براو خوشكێكی هه‌یه، له حه‌وت مانگی رابردودا ته‌نیا سێ‌جار خۆراكیان وه‌رگرتووه، دوایینجار مانگی ئایاری ئه‌مساڵ بوو.
"دوو مانگه خۆمان هه‌وڵده‌ده‌ین پێداویستیه‌كانمان بكڕین، ئه‌وه‌ش باری ئێمه‌ی قورس‌تر كردوه، به‌داخه‌وه ئێستا لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بیریان چۆته‌وه ئێمه ئاواره‌ین".
حهوارس ده‌پرسێت "ئه‌گه‌ر خۆراك به ئێمه نه‌گات ئیتر رۆڵی حكومه‌ته‌كانی عیراق و هه‌رێم و رێكخراوه‌كان چییه؟ له كاتێكدا له میدیاكانه‌وه ده‌ڵێن ئه‌وان 24 كاتژمێر خزمه‌تی ئاواره‌كان ده‌كه‌ن.. ئه‌وه‌ش راست نیه، چونكه ئێستا سه‌دان خێزان هه‌یه پاره‌یان نیه خۆراك بكڕن و خواردن بۆ منداڵه‌كانیان دروستبكه‌ن".
حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، جگه له دابینكردنی خۆراك به هاوكاری رێكخراوه‌كان، له مانگه‌كانی پێشودا بڕیاریدا به پێدانی بڕه پاره‌یه‌ك به هه‌ر خێزانێكی ئاواره بگه‌ڕێته‌وه بۆ زیدی خۆی.
ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له دهۆك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌مساڵ سێ‌جار مادده خۆراكییهكانمان دابه‌شكردووه، دوو مانگه وه‌ستاوه چونكه ئێستا سه‌رقاڵی پێدانی مادده‌ی خۆراكین به ئاواره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ، هه‌ركات ئه‌وان ته‌واوبون، پێدانی ئه‌و هاوكارییه بۆ كه‌مپه‌كانیش ده‌ستپێده‌كاته‌وه".
له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره بوون كه ده‌كاته نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
ئیسماعیل محه‌مه‌د، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ره‌كان كه له سنورهكهیاندا ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره هه‌یه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌م مانگه‌دا ده‌ستده‌كرێته‌وه به دابه‌شكردنی چه‌ند مادده‌یه‌كی خۆراكی وه‌ك برنج، زه‌یت، شه‌كر و ئارد له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانی پاككردنه‌وه به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا، ئه‌و هاوكارییانه رانه‌گیراون و به‌رده‌وام ده‌بن".
قه‌یرانی خۆراك و دره‌نگكه‌وتنی هاوكارییه‌كان، بۆته به‌شێكی تر له‌و كێشانه‌ی به‌وته‌ی ئاواره‌كان له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وام له‌گه‌لیدا ده‌ژین، چونكه ئه‌وان له هاوین به‌هۆی گه‌رما و مه‌ترسی ئاگركه‌وتنه‌وه له زستانیشدا له‌به‌ر سه‌رما و مه‌ترسی لافاو هه‌ر له دڵه‌راوكێدا بون.
وه‌لید سه‌لمان، بژێوی و خۆراكی خێزانه‌كه 11 كه‌سییه‌كه‌ی بۆته خه‌مێكی تری ژیانی ئاواره‌یی و لانیكه‌م وه‌ك خۆی ده‌ڵێت؛ بتوانێت مانگانه ئارد دابینبكات هه‌ر باشه، تا ئه‌وكاته‌ی رێكخراوه‌كان به هانایانه‌وه ده‌چن و له‌و بارودۆخه ناخۆشه رزگاریان ده‌كه‌ن.