ژنێكی 20 ساڵ، بە تۆمەتی "بەشداریكردن" لە كوشتنی هاوسەرەكەیی و برینداركردنی منداڵەكەی دەستگیردەكرێت. بەپێی دانپێدانانەكان كە سەرچاوەیەكی پۆلیس بە (كەركوك ناو)ی داوە، ئەو ژنە بە رێككەوتن لەگەڵ بەڵێندەرێك بە ئەنجامدانی ئەو روداوە هەستاون.
پێنجشەممەی رابردوو 8ی ئاب، پیاوێك لە گەڕەكی نەسر و لە ماڵەكەی خۆی بە دوو گولـلەی دەمانچە دەكوژرێت و كچە تەمەن ساڵ و نیوەكەشی برینداردەبێت. هەمان رۆژ پۆلیس هاوژینی ئەو پیاوە دەستگیردەكات.
سەرچاوەیەكی ئەمنیی و ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكان لەبەر هەستاریی بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو ژنە دوای دەستگیركردنی دانیبەوەداناوە بە رێككەوتن لەگەڵ دۆستێكی هەستاوە بە كوشتنی هاوسەرەكەی".
وتیشی "دۆستەكەی بەڵێندەرە و هاوپیشەی هاوسەرەكەیەتی، ئێوارەی پێنجشەممە بە دەمانچە سێ فیشەكی تەقاندووە و دوانی بەر هاوسەری ژنەكە دەكەوێت و دەستبەجێ گیانلەدەستدەدات، دانەیەكی تریش بەر منداڵەكە دەكەوێت".
دوای روداوەكە، بەڵێندەرەكە هەڵدێت و ژنەكەش منداڵەكەی بۆ نەخۆشخانە دەبات و بە پزیشكەكان دەڵێت بە شوشەی پەنجەرە برینداربووە.
سەرچاوەكە وتی "پزیشكەكان دەڵێن ئەمە شوێنی گولـلەیە نەك شوشە... لەوەوە گومان لە روداوەكە دەكەن، بەشی ئەمنی نەخۆشخانە ئاگاداردەكەنەوە و ئاشكرادەبێت".
پزیشكەكان دەڵێن ئەمە شوێنی گولـلەیە نەك شوشە... لەوەوە گومان لە روداوەكە دەكەن
"ژنەكە هەر ئەوكات و لە نەخۆشخانەكە وتویەتی تەرمی هاوسەرەكەم لەماڵەوەیە"، بەپێی سەرچاوەكە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس و دانپێدانانەكان، دەمانچەكە هی بەڵێندەرەكە بووە و هەر ئەویش تەقەكانی كردووە، "بەڵام ژنەكە وتویەتی بە رێككەوتن لەگەڵ دۆستەكەی بەو كارە هەستاون"، سەرچاوەكە وایوت.
دۆسییەكە لە ئێستادا رەوانەی دادگای كەركوك كراوە و دادوەر بڕیاری دەستیگركردنی ژنەكە و بەڵێندەرەكەی دەركردووە، بەڵام بەڵێندەرەكە هێشتا دەستگیرنەكراوە.
شایەتحاڵێك لە روداوەكە، جەختیكردەوە كە هاوسەری ژنەكە هەر ئەوكات گیانیلەدەستداوە، بەڵام بارودۆخی منداڵەكە جێگیرە.
"رەنگە تەنیا مەبەستیان كوشتنی پیاوەكە بوبێت نەك منداڵەكەش"، بەپێی وتەی شایەتحاڵەكە.
سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، ئاماژەیان بە هیچ كێشەیەك نەكرد، لە نێوان بەڵێندەرەكە و هاوسەری ژنەكە، یان بەپێچەوانەوە لە نێوان ئەو دوو هاوسەرە. دۆسییەكە هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.