تەنیا لە هەفتەیەكدا چوار جار ئاگر لە كەمپی ئاوارەكانی چەمشكۆ لە پارێزگای دهۆك كەوتۆتەوە، بە تۆمەتی سوتاندنی كەمپەكەش دوو كەس دەستگیردەكرێن.
12ی ئاب، بۆ جاری چوارەم لە ماوەی هەفتەیەكدا ئاگر لەو كەمپە كەوتەوە كە دانیشتوانەكەی ئاوارەی ئێزیدین، گوماندەكرێت روداوەكان بە ئەنقەست بێت و بۆ ئەو مەبەستەش لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە.
فەیسەڵ عەلی، دانیشتوی كەمپی چەمشكۆ، بە (كەركوك ناو)ی وت "روداوی یەکەم بەهۆی شورتی کارەباوە بوو، من خۆم نزیك بووم لە شوێنی كەوتنەوەی ئاگرەكە، 17 خێمە بە تەواوی سوتان، بەڵام روداوەکانی دووەم، سێیەم و چوارەم، گوماندەکرێت بە ئەنقەست بێت".
"بەتانییەكی تەڕكراو بە نەوت لە نزیك روداوی ئاگركەوتنەوەی دووەم بوو، لە روداوی چوارەمیش کاتێک ئاگر لە دوو خێمە دەكەوێتەوە، دوو گەنج هەڵاتون هەرچەندە هەموو خەڵك سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكە بون"، فەیسەڵ زیاتر وتی "پێموایە دەستێك ئەو كارە دەكات بۆ شێواندنی ئەمنیەتی ناو كەمپەكان".
بەتانییەكی تەڕكراو بە نەوت لە نزیك روداوی ئاگركەوتنەوەی دووەم بوو
خەڵكی كەمپەكە بە ئیدارەی دهۆكیان وتووە، كاربكەن بۆ ئاشكراكردنی ئەو دەستە.
بەگشتی لەو چوار روداوەدا 20 خێمە سوتاون و بەپێی خەمڵاندنی ئیدارەی دهۆك زیانی ماددی 10 ملیۆن دیناری لێكەوتۆتەوە، بەڵام زیانی گیانی لە روداوەكاندا نەبووە.
بێوار عەبدولعەزیز، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆک بە(کەرکوک ناو)ی وت "بەداخەوە لە روداوی ئاگركەوتنەوەی چوارەمدا کاتێك تیمه‌کانی ئێمه گەیشتنە كەمپەكە، بەشێك لە خەڵكی ناو كەمپەكە رێگرییان دەكرد لە چونی ئۆتۆمبێلەكانمان بۆ لای ئاگرەكە".
"ئێمەش گوماندەكەین خۆیان ئاگر لە خێمەكانیان بەربدەن بۆ ئەوەی له جیاتی خێمه لە هەمان شوێن بە بلۆك شوێن بۆ خۆیان دروستبكەن"، بێوار وایوت.
ئێمەش گوماندەكەین خۆیان ئاگر لە خێمەكانیان بەربدەن بۆ ئەوەی له جیاتی خێمه لە هەمان شوێن بە بلۆك شوێن بۆ خۆیان دروستبكەن
که‌مپی چه‌مشکۆ ده‌که‌وێته سنوری قه‌زای زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، له پێنج هه‌زار خێمه پێکهاتووه و 28 هه‌زار که‌س لێی نیشتەجێیە. هەمویان ئاوارەی قەزای شنگالن لە خۆرئاوای موسڵ.
مهئمون یه‌حیا، به‌ڕێوه‌به‌ری که‌مپەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو که‌سمان به تۆمه‌تی سوتاندنی خێمه‌کان له‌لایه‌ن پۆلیسی که‌مپه‌وه ده‌ستگیرکراون و ڵێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا دەكرێت".
ئەو وتیشی "راسته هه‌موو خێمه‌کان به شۆرتی کاره‌با نه سوتاون، ئێمه‌ش گومانمان هه‌یه، به‌ڵام تاوه‌کو به ته‌واوی نه‌زانین کێ ئه‌م کاره‌ی کردووه ناتوانین په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ هیچ که‌سێک درێژ بکه‌ین".