"تا میر تەحسین مابوو، هیوامان بە میر هەبوو، كە ئەو رۆیشت خوا پشت و پەنامان بێت"، خدر حهجی میرزا، سەرۆکی عەشیرەتی قیران لە شنگال زیاتر وتی "ئێستا ئێزیدییەكان دوو میریان هەیە، هەردوكیان لەسەر چەند بەرژەوەندییەکی سیاسیی و ئابوری دانراون و نوێنەرایەتی هەموو ئێزیدییەكان ناكەن".
ئەم بۆچونەی شێخ خدر حەجی میرزا، بۆچونی بەشێك لەو ئێزیدییانەشە كە نیگەرانن لە بەرەو پەرتەوازەبونی یەكجارەكی پێكهاتەكەیان، ئەوەش بەهۆی هەڵبژاردنی دوو میر، كە یەكەمجارە ئەوە رودەدات.
لە 4ی ئاب له مهزاری شبیل قاسم له شنگال، ژمارهیهك له پیاوانی ئایینی و كهسایهتی ئێزیدییهكان بڕیاریاندا به دانانی نایف داود سهلمان، وهك میری شنگال و پێكهێنانی ئیمارهتی قهزاكه لهژێر دهسهڵات و حوكمڕانی حكومهتی ناوهندی عیراق. ئهوهش وەك وەڵامێك بۆ دەستبەكاربونی حازم تهحسین بهگ له رێورهسمێكی ئایینیدا وهك میری ئێزیدیان له عیراق و جیهان لە 27ی تەمموز.
بونی دوو میر بۆ ئێزیدییەكان لەیەككاتدا، ترسی پەرتەوازەیی زیاتری لای ئێزیدییەكان دروستكردووە، كە لە هێرشی داعش بۆ شنگال لە ئابی 2014ەوە روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەبون بونەوە و تا ئێستا سێ هەزار كەس لەنێویاندا ژن و منداڵ چارەنوسیان نادیارە.
"ئێمە بێ میرین"
بەشێك لە عەشیرەت و هاوڵاتیانی ئێزیدی هەڵبژاردنی هەردوو میرەكە بەو شێوەیەی ئێستا رەتدەكەنەوە و پێیانوایە هیچیان شەرعیەتیی تەواویان نییە و ناتوانن نوێنەرایەتی هەموو ئێزیدییەكان بكەن.
خدر حهجی میرزا، سەرۆکی عەشیرەتی قیران لە شنگال بە(کەرکوک ناو)ی وت "بەهۆی دوبەرەکی لەناو ئێزدییەکاندا دوو میر هەڵبژێردراون... تەنیا نوێنەرایەتی ژمارەیەک ئێزیدی دەکەن و شەرعیەتی تەواویان نییە، ئەمەش زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ ئێزدییەکان".
وتیشی "پێویست بوو پرس و را بە هەموو عەشیرەتەكات بكرایە، بەڵام نەكرا، نە میری شێخان و نە میری شنگال بە میری خۆمان نازانین، لای ئێمە ئێزیدییەكان هێشتا بێ میرن".
هەڵبژاردنی ئەو دوو میرە، دوای حەوت مانگ دێت لە مردنی تهحسین سهعید عهلی بهگ، میری پێشوی ئێزدییان له عیراق و جیهان.
حازم تەحسین بەگ، کوڕی میری كۆچكردوی ئێزدیان تەحسین بەگه، لەساڵی 1964 لە ناحیەی باعەدرێ سەر بەقەزای شێخان لەدایک بووە، لە ساڵی 1989ـهوه بۆته بریكاری باوكی.
ئەو لەلایەن بنەماڵەی میرەوە هەڵبژێردراوە و لە شێخان دادەنیشێت، بەڵام پشتیوانی عەشیرەتەكانی شنگالی نییە، بەڵام بەپێچەوانەوە نایف داود سهلمان، میری شنگال پشتیوانی زۆرێك لە عەشیرەتەكانی شنگالی هەیە، بەڵام بنەماڵەی میر دانیپێدانانێن.
بەڵام هەردوو میرەكە نەیانتوانیوە پشتیوانی تەواوی جڤاتی رۆحانی ئێزیدییەكان بەدەستبهێنن، كە لایەنێكی یەكلاییكەرەوەی دیاریكردنی میر.
بەگشتی، بنەماڵەی میر، عەشیرەتەكان و جڤاتی رۆحانی رۆڵیان هەیە لە هەڵبژاردنی میری نوێدا.
پارتی میر تەحسین هەڵدەبژێرێت
پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتیوانی میر تەحسین بەگ دەكات و لە ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت پیرۆزباییان ئاراستە كرد.
شامۆ شێخۆ نهعمۆ، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییهکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "میر حازم بەپێی دەق و تێکستهکانی ئایینی ئێزیدی هەڵبژێردراوە و شەرعییەتی پێدراوە، جگە لە میر حازم هیچ کەسێکی تر بە میری خۆمان دانانین". زیاتر وتی " ئەوەی لە شنگال خۆی كردووە بە میر چەند كەسێكی كەم پشتیگری دەكەن".
لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا میر حازم ئەندامی پەرلەمان بوو لە لیستی پارتی دیموكرات.
شێخ شەمۆ، لەگەڵ پشتیوانی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم بۆ میر تەحسین، وتی "نابێت ئێزدییەکان خاوەنى دوو میر بن".
"ئهوه تایبهتمهندی ئێزدییانه و میر لهناو بنهماڵهی میردا ههڵدهبژێردرێت"، شێخ شەمۆ وایوت.
سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت، لە هەوڵدان چارەسەری ناكۆكی نێوان ئێزیدییەكان بكەن لە پرسی میردا، ئەوەش لەپێناو یەكرێزی ئەو پێكهاتە ئایینیە، وەك راوێژكاری سەرۆكی هەرێم جەختیلێكردەوە.
یەكێتی: هیچیان شەرعیەتی تەواویان نییە
یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، كە هێزی دووەمی هەرێمی كوردستانە، پێیوایە هیچ یەكێك لە میرەكان، شەرعیەتی تەواویان نییە، بۆیە داوای رێككەوتنی گشتگیر دەكات.
داود جوندی، لێپرسراوی مەڵبەندی 15ی یەکێتی لە قەزای شنگال، كە هاوكات راوێژکاری جڤاتی رۆحانی-یە، بە(کەرکوک ناو)ی وت "وهکو یهکێتی بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان ناكەین لەكاروباری بنەماڵەی میر، بەڵام میر حازم هەرچەندە لەلایەن بنەماڵەی میرەوە هەڵبژێردراوە، شەرعیەتی تەواوەتی وەرنەگرتووە".
ئەو وتی "سەرۆک عەشیرەتەکانی شنگال ناڕازین لە دانانی چەند جێگرێک بۆ میر، ئهوان دهڵێن نابێت میر هیچ جێگرێکی ههبێت".
كرۆكی كێشەكە دەگەڕێتەوە بۆ دوای مردنی میر تەحسین بەگ، لە كانونی دووەمی 2019، داود جوندی وتی "ئەوكات بە ئامادەبونی حازم تەحسین و ئەندامانی جڤاتی رۆحانی و سەرۆک عەشیرەتەکانی شنگال كۆبونەوەیەكی فراوانكراو سەرۆك عەشیرەتەكان بە حازم تەحسینیان وت ئێمە لەگەڵ ئەوەین بنەماڵەی میر لەنێوان خویاندا بگەنە رێککەوتن و ئەنجامی کۆتایی رێککەوتنەکە بۆ ئێمە بنێرن تاوەکو ئێمەش بزانین، بەڵام بەداخەوە حازم ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆک عەشیرەتەکانی شنگالی بە باشی بەکارنەهێنا و چەند جێگرێکی بۆ خۆی دانا، ئەمەش لێکەوتهی خراپی بە دوای خۆیدا هێنا".
یەكێتی دەڵێت هەوڵدەدەن لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكان و بنەماڵەی میر چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە.
"وهکو یهکێتی لهگەڵ شهقامی ئێزیدین، ئهوان چی بڵێن ئێمه لهگهڵ ئهوان دهبین، ههر کهسێک ببێته میر دهبێت ههموو سهرۆک عهشیرهتهکانی شنگال دهنگ بهو کهسه بدهن"، داود جوندی وایوت.
ئەو كێشەیە هەرچۆنێك بێت، زیانەكەی بۆ ئێزیدییەكانە، وەك شێخ خدر سەرۆكی عەشیرەتی قیروان وتی "پشت و پهنای ئێزیدییهکان تهنیا خوایه، جاران هیوامان به میر تهحسین ههبوو، بهڵام ئێستا هیوامان بە میر نەماوە".