ئیدارەی قەزای دوزخورماتوو دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی ئاوی قەزاكەی راگەیاند، ئەوەش دوای پێنج ساڵ دێت لە راگرتنی پڕۆژەكە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە. بە تەواوبونی پڕۆژەكە كێشەی ئاوەڕۆی تەواوی گەڕەكەكان چارەسەردەبێت، هەرچەندە تێبینی لەسەر كارەكان هەیە.
محەمەد حەسەن، ئەندازیاری جێبەجێکارى پڕۆژەکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هاوڵاتیانى قەزاکە دڵنیادەکەینەوە کە ئەمجارە پڕۆژەکە تەواودەكرێت و راناگیرێت... لەئێستادا لەسەدا 50ی تەواو بووە".
هاوڵاتیانى قەزاکە دڵنیادەکەینەوە کە ئەمجارە پڕۆژەکە تەواودەكرێت
درێژی پڕۆژەكە 175كم-ە كە تەواوی شەقام و گەڕەكەكانی قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین دەگرێتەوە. لەسەدا 80ی ئەندازیار و كرێكارەكان وەك جێبەجێكارانی پڕۆژەكە دەڵێن خەڵكی قەزاكەن.
دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكە هاوڵاتیانی دڵخۆشكردووە، بەڵام داوادەكەن پەلەبكرێت لە تەواوكردنی بەر لە وەزری زستان.
عەلی محەمەد، دانیشتوی ئەو قەزایە بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمانەوێت كێشەی ئاوەڕۆمان بۆ چارەسەر بكەن، ئێستا پێش ماڵ و دوكانەكانمان گیراوە، ئەگەر پەلەی تیابكرێت گرنگە و ئەوە داواكاریی ئێمەیە".
بودجەی پڕۆژەكە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكانە و 103 ملیار دیناری بۆ خەرجكراوە كە بەشێوەی قیستی ساڵانە بە كۆمپانیای جێبەجێكار دەدرێت.
سەباح جومعە، ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاربوو لە ماوەی دوو ساڵدا تەواوبكرایە، بەڵام شەڕی داعش و بارودۆخی ئەمنی بووە هۆی راگرتنی".
بڕیاربوو لە ماوەی دوو ساڵدا تەواوبكرایە
سەباح دەڵێت بە تەواوبونی پڕۆژەكە كێشەی ئاوەڕۆی دوزخورماتوو چارەسەردەكرێت، "بەڵام ئێمە تێبینیمان لەسەر پڕۆژەکە هەیە، لەوانە قەبارەى بۆرییەکانى بچوكە، هەروەها كارەكان لەیەككاتدا لە هەموو گەڕەكەكان دەستپێكراوە، ئەمەش بۆتەهۆی دروستبونی ئاستەنگ لەبەردەم دوو پڕۆژەی تردا و بەناچاری ئەوان كارەكانیان راگرتووە".