له دوو هه‌فته‌ی رابردودا، زیاتر له حه‌وت روداوی له هێرشی چه‌كداریی و بۆردومان و ته‌قینه‌وه له سنوری خانه‌قین رویداوه، ئه‌وه‌ش دوای ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رفراوانی هێزه عیراقییه‌كان هات له پارێزگای دیاله.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له‌و هێرشانه‌ی سنوری قه‌زای خانه‌قین كه ژماره‌یه‌ك له گونده‌كانی كردۆته ئامانج، جگه له بونه قوربانی هاوڵاتیان، زیان به‌ر ئاژه‌ڵ و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ش كه‌وتووه.
له دوایین روداودا كاتژمێر 10ی شه‌وی شه‌ممه 17ی ئاب، به حه‌وت گولـله هاوه‌ن بۆردومانی گوندی موباره‌ك كرا له نزیك ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین، له‌وه‌ش ته‌نیا سێ هاوه‌نیان ته‌قییه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له حه‌شدی شه‌عبی به (كه‌ركوك ناو)ی وت، دوابه‌دوای بۆردومانه‌كه و كاتێك هێزه‌كانیان كه‌وتۆته‌وه ئاماده‌باشییه‌وه، ده‌سترێژی گولـله‌یان ئاراسته‌ی چه‌می ئه‌ڵوه‌ن كردووه، به‌وپێیه‌ی بۆردومانه‌كه له‌و ئاراسته‌یه‌وه به‌ره‌و گونده‌كه بووه، ئه‌وه‌ش به‌پێی "زانیارییه‌كانی ئێمه چه‌كداری داعش بون و له چه‌می روباره‌كه جموجۆڵیان هه‌یه".
له بۆردومانه‌كه‌ی گوندی موباره‌ك، زیانی زۆر به‌ر خانوی هاوڵاتیان و شوێنی به‌خێوكردنی مه‌ڕوماڵاتیش كه‌وتووه، جگه له‌ناوچونی ژماره‌یه‌ك ئاژه‌ڵ.
پێشتر و له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌شدا له‌و گونده‌ی باكوری خۆرئاوای خانه‌قین، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار كێڵگه‌یه‌كی كشتوكاڵی و حەوزی ماسی هاوڵاتییەكیان سوتاند، كه له هه‌مان شوێندا و خاوه‌نی ئه‌و كێڵگه‌یه له 2018دا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی كوژران به‌هۆی بۆمبی چێنراوه‌وه.
ئه‌و روداوانه دوای ئه‌وه‌دێت له‌م مانگه‌دا ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رفراوانی هێزه عیراقییه‌كان، له چه‌ند قۆڵێكه‌وه بۆ پاككردنه‌وه‌ی خانه‌قین و جه‌له‌ولا و میقدادیه به‌رێوه‌بوو، به‌بێ به‌شداری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، كه فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان دواتر ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، هه‌شت چه‌كدار كوژران و 18 داواكراویش ده‌ستگیركران، جگه له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌یان پارچه چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، له‌گه‌ڵ نه‌هێشتنی مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌یان گوند، به‌پێی به‌لاغه‌كه.
ناحیه‌ی جه‌له‌ولا و قه‌زای خانه‌قین، له هه‌فته‌كانی رابردودا روبه‌ڕوی چه‌ندین روداوی ئه‌منی بونه‌وه له هێرشی چه‌كداریی و ته‌قینه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه ده‌یان هاوڵاتی كوژران و برینداربون.
شه‌وی 10ی ئه‌م مانگه‌ش له ناحیەی جەلەولا، به چەند گولـلەهاوەنێك بۆردومانی بازگەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن كرا، دواتر بە قەناس دوو پۆلیس برینداربون و بەرەبەیانی رۆژی دواتریش لە نێوان رێگای سەرەكی جەلەولا_سەعدیە، بۆمبێكی چێنراو تەقییەوە بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی سوپای عیراقی و به‌هۆیه‌وه سەربازێك كوژرا.
له شه‌وی 15ی ئابیشدا لە گوندی جەمیل بەگ لە خۆرئاوای خانەقین، دەستڕێژی گولـلە ئاڕاستەی خاڵێكی سەربازی حەشدی شەعبی سەر بە لیوای 23ی كرا، لە ئەنجامدا چەكدارێكی كوژرا و چەكدارێكیتر بریندار بوو.
ئەبو سەجاد موسەوی، پلەدار لە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنوری خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزەكانی حەشدی شەعبی لە یەكەم رۆژی جەژن حەشارگەیەكی داعشیان دۆزیەوە لە چەمی ڕووباری ئەڵوەن لە نزیك گوندی مەحمەد شیربەگ و تێیدا كۆمەڵێك كەرەستەی سەربازی و پێداوستی لۆجستی دەستیبەسەردا گیرا".
"تیرۆریستانی داعش بە مەفرەزەی بچوك بچوك جمۆجۆڵیان هەیە لە سنوری خانەقین_جەلەولا، مەبەست لە كردەوەكانیشیان خۆنیشاندان و پۆشینی شكستەكانیانه لەبەردەم هێزە ئەمنییەكاندا" به‌وته‌ی موسه‌وی.
ناحیەی جەلەولا لەپارێزگای دیالە، له ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوە‌و هەر ئەوانیش دۆسییەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئه‌منیه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه وه‌رگیرایه‌وه.
جگه له خانه‌قین، ئاڵۆزی و روداوه‌كان گه‌یشتۆته قەزای شارەبانیش، كه له شه‌وی 7 له‌سه‌ر 8ی ئه‌م مانگه به‌هۆی بۆردومانی گوندی مه‌یاحی به شه‌ش گولـله‌هاوه‌ن، هاوڵاتییەك كوژرا و كەسێكی تر برینداربوو.
عەدنان ته‌میمی، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای شارەبان بە (كەركوك ناو)ی وت "به‌هۆی هێرشی بەردەوامی داعش بۆ سەر گوندی مەیاح لە نزیك دەریاچەی حەمرین، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی گونده‌كه ماڵه‌كانیان بەجێهێشت، بەڵام پاش بانگەوازی لایەنە پەیوەندیدارەكان و فەرماندەی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیالە بۆ بە هەناوه‌چونی خه‌ڵك وایكرد بەشێك لەو خێزانانەی ئاوارە بوون جارێكی‌تر گەڕانەوە".
به‌وته‌ی ته‌میمی له بەشێكی ناوچە گوندنشینەكانی شارەبان، بۆشایی ئەمنی هەیە بۆیە داعش سودی لەو بۆشاییە ئەمنییانەی وەرگرتووە، "بۆیە داواكارین لە هێزە ئەمنیەكان هێزەكانیان جێگیربكەن لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدا هەیە".
له دوای 2003وه دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.