بكوژی ئەفسەرەكەی قەزای داقوق، سەرەڕای ئەوەی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، گەڕاوەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خۆی لە موسەنا و دەستگیرنەكراوە، هەوڵی كەسوكاریشی بۆ سوڵحكردن لەڕێی هۆز و عەشیرەتەكانەوە سەركەوتوو نەبوو.
شەوی 24ی تەمموزی رابردوو لە ئەنجامی دروستبونی بارگرژیی لە نێوان پۆلیسی فیدراڵی و ئەفسەرێكی نەهێشتنی تاوانی داقوق، لەبەردەم نەخۆشخانەی قەزاكە، ئەفسەرەكە كوژرا، روداوەكە بووەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایی كەسوكاری كوژراوەكە و ژمارەیەك لە هاوڵاتیان كە داوای دەركردنی پۆلیسی فیدراڵیان كرد.
یەكێك لە كەسوكاری ئەفسەرەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاری دەستگیركردن بۆ بكوژەكە دەرچووە، بەڵام دەستگیرنەكراوە و لە ئێستادا گەڕاوەتەوە بۆ موسەنا كە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیەتی لە باشوری عیراق".
بڕیاری دەستگیركردن بۆ بكوژەكە دەرچووە، بەڵام بۆ موسەنا گەڕاوەتەوە كە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیەتی
بكوژەكە كە كارمەندی لیوای 19ی پۆلیسی فیدراڵییە، بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی نەخۆشخانەی داقوق بە دەمانچە تەقە دەكات و هەر لەوێ ئەفسەرەكە گیانلەدەستدەدات.
كەسوكارەكەی دەڵێن سکاڵایان لەسەر بكوژەكە تۆمار كردووە و گلەیی لە لایەنی ئەمنی دەكەن كە دەستگیریان نەكردووە.
لەكاتی خۆپیشاندانەكانی داقوق دژی بكوژەكە و داواكردن بۆ دەرچوونی پۆلیسی فیدراڵی لە ناو قەزاكە، ژمارەیەك هۆز و عەشیرەتی باشور، سەردانی ماڵی كوژراوەكەیان كرد بە مەبەستی سوڵح بۆ كێشەكە، بەڵام كەسوكاری ئەفسەرەكە رەتیانكردەوە و وتیان "دەبێت بكوژ رادەستی دادگا بكرێت".
ئەفسەرە كوژراوەكە، بەپێی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە ویستویەتی سەردانی نەخۆشخانە بكات.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمەش وەکو پۆلیسى نەهێشتنى تاوان سکاڵامان تۆمارکردووە، چونکە ئەفسەرێکى هۆبەکەمان کوژراوە، بكوژەكە بەپێی ماددەی 406، كوشتنی بە ئەنقەست بڕیاری دەستگیركردنی هەیە".