به‌رێوه‌به‌ری بنكه‌یه‌كی پۆلیس له كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ حه‌وت ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندی تردا زیاتر له دوو هه‌فته‌یه ده‌ستبه‌سه‌ركراون، به تۆمه‌تی ئازادكردنی تۆمه‌تبارێك.
عه‌مید باسل حسێن كاكه‌یی، به‌رێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی دۆمیز و چوار ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندی ئه‌و بنكه‌یه، 16 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ركراون و هێشتا ئازادنه‌كراون.
سەرچاوەیەكی ئەمنی كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی لێدوانی نه‌بوو بۆ میدیا داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌ستبه‌سه‌ركردنی بەڕێوه‌بەری بنكەی دۆمیز و ئه‌فسه‌ر و پۆلیسه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵاتنی تاوانبارێك بووه بەناوی نەسیر عەبدولجاسم خەفاجی".
ئه‌و تۆمه‌تباره، له بنكه‌ی پۆلیسی دۆمیز به‌هۆی دۆسیه‌یه‌كه‌وه سكاڵای له‌سه‌ر هه‌بووه و له 7ی ئاب ره‌وانه‌ی به‌رده‌م دادگا كراوه، دواتر "له‌لایه‌ن دادگاوه بڕیاری ئازادكردنی دراوه له‌و دۆسیه‌یه‌دا به كه‌فاله‌ت، بۆیه بنكه‌ی پقۆلیسی دۆمیز ئازادیان كردووه".
به‌پێی سه‌رچاوه‌كه "ئه‌وه‌ی رویداوه هه‌ڵه‌یه‌ك بووه و نه‌یانزانیووه ئه‌و تاوانباره له دۆسیه‌یه‌كی تردا له‌لایه‌ن دادگاوه به 15 ساڵ زیندانی سزدراوه".
هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه كه "ئه‌گه‌ر هه‌یه له رۆژانی داهاتوودا به‌رێوه‌به‌ری بنكه‌كه ئازادبكرێت، به‌وپێیه‌ی له‌و رۆژه‌دا له ده‌وام نه‌بووه و ئێشكگر بووه له پارێزگا، به تایبه‌ت له ئێستادا كه تاوانباره‌كه ده‌ستگیركراوه‌ته‌وه".
نه‌سیر عه‌بدولجاسم خه‌فاجی، دوای ئازادكردنی له‌لایه‌ن بنكه‌ی پۆلیسی دۆمیز و دواتر هه‌ڵاتنیه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوری پارێزگای كه‌ركوك، له شاری هه‌ولێر له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراوه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی پۆلیسی هه‌ولێر، كه 18ی ئاب بڵاویكردۆته‌وه، دوای ئاگاداركردنه‌وه‌یان له هه‌ڵاتنی حوكمدراوه‌كه بۆ هه‌ولێر، تیمێكی ئه‌منی پێكهێنراوه و دوای ده‌ستگیركردنه‌وه‌یشی، راده‌ستی پۆلیسی كه‌ركوك كراوه‌ته‌وه.
ناسر خه‌فاجی، له دایكبوی 1982ـه و پێشتر پۆلیس بووه له قه‌زای حه‌ویجه، خه‌ڵكی هه‌مان ناوچه‌یه و هه‌شت مانگ له‌مه‌وبه‌ر له قه‌زای داقوق دوای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منیه‌كاندا به برینداری ده‌ستگیركرا.
له‌چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا، نه‌سیر وه‌ك سه‌رۆكی باندێكی دزینی زیاتر له 30 ئۆتۆمبێل چه‌ندین تۆمه‌تی به‌سه‌ردا ساغبۆته‌وه و به‌بڕیاری دادگا، سزای 15 ساڵ زیندانی دراوه له دۆسیه‌یه‌كدا.
فه‌رمانده‌یی پۆلیسی پارێزگای كه‌ركوك، له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه رۆژی دوای ده‌ستگیركردنی ئه‌و حوكمدراوه بڵاویكردۆته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه نه‌سیر خه‌فاجی له چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی تاوانكاریی تردا داواكراوه و تۆمه‌تباره به مادده‌كانی 456 و 443ی یاسای سزادانی عیراقی، كه ئه‌و ماددانه‌ش تایبه‌ن به خواردنی پاره‌ی خه‌ڵك و دزی.