داواكاريیه‌كی به‌غدا
دوزخـورماتوو شـه‌ش مـانگ بێ ئــاو ده‌كـات

سه‌ڵاحه‌دین، 2019، چه‌ند منداڵێك له‌ پرۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی قه‌زای دوزخورماتوودا مه‌له‌ ده‌كه‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 كه‌ركوك ناو – سه‌ڵاحه‌دین

دوزخورماتوو له‌به‌رده‌م مه‌ترسی بێ ئاویدایه‌ بۆ شه‌ش مانگ، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پرۆسه‌ی پاككردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی سه‌ره‌كی ئاوه‌وه‌ له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، كه‌ هێشتا له‌لایه‌ن ئیداره‌ی قه‌زاكه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌دراوه‌.

وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ حكومه‌تی عیراق، له‌رێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاوی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ داوای له‌ ئیداره‌ی دوزخورماتوو كردووه‌ ده‌ستبكه‌ن به‌ پاككردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئاوی قه‌زاكه‌، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی خه‌ڵك و لێپرسراوانی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

به‌پێی زانیاری لێپرسراوانی باڵای قه‌زای دوزخورماتوو، پاككردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئاوی سنوره‌كه‌ شه‌ش مانگ كاتی ده‌وێت، له‌وكاته‌شدا روبه‌روی گرفتی زۆر ده‌بنه‌وه‌ بۆ دابینكردنی ئاو بۆ خه‌ڵك.

عیسام ته‌قی، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ئاوی دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه‌ له‌مكاته‌دا جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان پێباش نیه‌ چونكه‌ جێگره‌وه‌ی ترمان نییه‌ بۆ دابینكردنی ئاو بۆ هاوڵاتیان".

له‌ نێو دوزخورماتودا 17 بیری ئاو هه‌یه‌، له‌كاتێكدا بۆ دابینكردنی پێداویستی خه‌ڵك له‌ ئاوی پك، پێویستیان به‌ 120 بیری ئاو هه‌یه‌.

aw.xwrmatw
پرۆژه‌ی ئاوی دوزخورماتوو 25 ساڵه‌ پاكنه‌كراوه‌ته‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"پاككردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئاوی دوزخورماتوو له‌ ئێستادا ئه‌سته‌مه‌ چونكه‌ پێویستمان به‌ زه‌وی هه‌یه‌ تا بیره‌كانی له‌سه‌ر هه‌ڵبكه‌نین و بودجه‌یشی ده‌وێت، هه‌رچه‌ند پرۆژه‌ی ئاوه‌كه‌ پێویستی به‌ پاككردنه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌كرێت دوابخرێت" به‌وته‌ی ته‌قی.

پرۆژه‌ی ئاوی دوزخورماتوو، كه‌ ئاو بۆ زیاتر له‌ 200 هه‌زار كه‌س دابینده‌كات، له‌ ساڵی 1994وه‌ تائێستا پاكنه‌كراوه‌ته‌وه‌ و پیس بووه‌.

مه‌روان خورشید، دانیشتوی ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتووه‌ و نیگه‌رانه‌ له‌ بیستنی هه‌واڵی پاككردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئاوی سنوره‌كه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی شه‌ش مانگ كاتی ده‌وێت، له‌كاتێكدا ئه‌وان له‌ ئێستادا كه‌ پرۆژه‌كه‌ له‌كاردایه‌ به‌ده‌ست كه‌مئاوییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

"ئێمه‌ ناتوانین هه‌موو رۆژێك ئاو بكڕین، 10 تا 15 رۆژ نیه‌ بتوانین خۆڕاگربین، ئه‌و ماوه‌یه‌ زۆره‌ و تانكه‌رێك ئاویش به‌ 25 هه‌زار دیناره‌، ئه‌وه‌ش بۆ خه‌ڵكی ئه‌م سنوره‌كه‌ كه‌ كه‌مده‌رامه‌تن زۆره‌ و له‌توانایاندا نییه‌" مه‌روان واده‌ڵێت.

له‌ هه‌فته‌كانی رابردودا، ژماره‌یه‌ك بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 10 رۆژ روبەڕوی كێشەی بێئاوی بونەوه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدابوو پله‌ی گه‌رما له‌ قه‌زاكه‌دا گه‌یشته‌ سه‌رووی 45 پله‌ی سیلیزی، به‌وهۆیەوە بە تەنكەر ئاویان كڕی.

aw.duz-1
دوزخورماتوو، 2019، دابه‌شكردنی ئاو به‌ تانكه‌ر به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌كدا فۆتۆ: فه‌رمانگه‌ی ئاو

كاروان محه‌مه‌د، دانیشتوی دوزخورماتوو دوای بیستنی هه‌واڵی پاككردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئاوه‌كه‌ داوای له‌ لێپرسراوانی قه‌زاكه‌ ده‌كات له‌ ئێستادا و به‌ تایبه‌ت بۆ هاوین ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێنه‌كه‌ن، چونكه‌ ناتوانن بۆ شه‌ش مانگ له‌ كێشه‌ی نه‌بونی ئاودا بژین ئه‌گه‌ر جێگره‌وه‌ی دابیننه‌كرێت، ئه‌وه‌ش له‌ لێدوانێكی ئه‌و هاوڵاتییه‌دا هات بۆ (كه‌ركوك ناو).

داواكاری پاككردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئاو، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ جیاوازه‌كان له‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی 2019دا، له‌ نێویاندا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی دوزخورماتوو، دوای وه‌ستانی بۆ پێنج ساڵ.

یەعروب سەعید، سەروكی ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ی وت "ئه‌و ماوه‌یه‌ی دیاریكراوه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئاوی دوزخورماتوو شه‌ش مانگه‌ و زۆر زۆره‌، چونكه‌ پرۆژه‌كه‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی دابینكردنی ئاوه‌ بۆ قه‌زاكه‌".

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وان بڕیاره‌كه‌ له‌ ئێستادا به‌راست نازانن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ قه‌زاكه‌ بێ ئاو بمێنێته‌وه‌.

جگه‌ له‌ مه‌ترسی بێ ئاوی درێژخایه‌ن، دوزخورماتوو له‌روی دابینكردنی وزه‌شه‌وه‌ كێشه‌ی هه‌یه‌ و له‌ هه‌فته‌كانی رابردودا تەنیا چوار كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیی پێدەدرا له‌ شه‌و و رۆژێكدا، ئەوەش بەراورد بە ناوچەكانی تری جێناكۆکی وەک كەركوك، نەینەوا و دیالە كەمترین بوو.

قه‌زای دوزخورماتوو، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكن لە كورد، توركمان و عەرەب، لە پێنج ساڵی رابردودا بە كۆمەڵێك كێشەی ئەمنی، سیاسیدا تێپەڕ بووە و زۆرێك لە خەڵكەكەی بۆ یەك دوو ساڵ ئاوارەبون و دواتر زۆرینەیان گەڕانەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT