دووان لە كوژراوەكان بران
بارگرژییەكانی داقوق... شەش مەدەنی كوژران

داقوق/2017/ ناوەندی شار فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس – داقوق

لە زنجیرەیەك روداوی ئەمنیدا لە داقوق شەش كەس كوژران و حەوتی تر برینداربون، لە نێویاندا دوو برا كە تەمەنیان 10 سال و 11 ساڵە، ئەوەش بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی داقوق.

كاتژمێر 11:30 خولەكی شەوی رابردوو، دوای بۆردومانكردنی گوندی زه‌ینلعابدین لە نزیك داقوق، زنجیرەیەك روداوی تر، تەقینەوەی بۆمب و روبەڕوبونەوەی چەكداریی رویدا بەهۆیەوە كوژراو و برینداری لێكەتەوە و دۆخی قەزاكە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ئاسایی نەبوو.

پەیامنێری (كەركوك ناو) لە داقوق، جەختیكردەوە كە سەرەتای روداوەكان بە ئاراستەكردنی چوار گولـلە هاوەن بۆ نزیك مەزاری زه‌ینلعابدین دەستیپێكرد، بەهۆیەوە دوو هاوەن لەناو یاریگایەكی تۆپی پێ نزیك مەزارەكە و دوانی تر لە دەرەوەی یاریگاكە كەوتنەوە.

 دوای روداوەكان، هێزە ئەمنییەكان بەرەو شوێنی روداوەكە دەڕۆن و بەهۆیەوە پێكدادان رودەدات، بەڵام رون نییە پێكدادانەكان لەنێوان كام لە هێزەكاندا بووە.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، هەریەكە لە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پۆلیس چونەتە شوێنی روداوەكان لەوكاتەشدا بۆمبێك تەقیوەتەوە و تەقەیەكی زۆر كراوە.

بەهۆی بۆردومانەكان و تەقەكردن، شەش كەس كوژراون و حەوتی تر برینداربون، لە نێویاندا دوو برا هەن كە یەكێكیان تەمەنی 10 ساڵ و ئەوەی تریان 11 ساڵە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی گشتی داقوق بۆ (كەركوك ناو).

داقوق/ 2017/ نەخۆشخانەی گشتی قەزاكە فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

 

سەرچاوەكە جەختیكردەوە "هەر شەش كوژراوەكە مەدەنین... هەر حەوت بریندارەكەش بۆ نەخۆشخانەكانی كەركوك گوازراونەتەوە و زۆرینەیان بە فیشەك برینداربون".

هەر شەش كوژراوەكە مەدەنین... هەر حەوت بریندارەكەش بۆ نەخۆشخانەكانی كەركوك گوازراونەتەوە و زۆرینەیان بە فیشەك برینداربون

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی-ش لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكرده‌وه‌ "شه‌ش مه‌ده‌نی كوژراون و نۆ كه‌سی تر برینداربون، به‌هۆی بۆردومانی یاریگه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ نزیك مه‌زاری زه‌ینلعابدین".

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، بۆردومانه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو "له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌" ئه‌نجامدراوه‌ به‌ ئاربیچی و چه‌كی مامناوه‌ند، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی "ئەو سنورەی بۆردومانكراوە لەژێر دەسەڵاتی لیوای 16ی حەشدی شەعبیدایە".

پۆلیسی فیدراڵی لە 24ی تەمموزی رابردووەوە بۆ یەكەمجارە بگەڕێنەوە بۆ ناو قەزای داقوق، بەهۆی روداوەكەی شەوی رابردووەوە.

پێشتر بەهۆی كوژرانی ئەفسەرێكی نەهێشتنی تاوانی داقوق بەدەستی پۆلیسی فیدراڵی، ئەو هێزە لەناو شار دورخرانەوە.

دۆخی قەزای داقوق بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 25ی ئاب ئاسایی بۆوە و پۆلیسی فیدراڵی جارێكی تر ناو شاریان چۆڵكردەوە.

هێزە ئەمنییەكان لە لێكۆڵینەوەدان لەسەر روداوەكە و بۆ گەیشتن بە ئەنجامی هۆكاری ئەو روداوانە و روبەڕوبونەوەكان كە زیاتر مەدەنی كرایە ئامانج.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT