ته‌نیا چوار هۆتێل له موسڵ هه‌یه، ئه‌وه‌ش به خزمه‌تگوزارییه‌كی كه‌متر له جاران و نه‌بۆته جێی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك، دوای ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی داعشدا هۆتێله به‌ناوبانگه‌كان و شوێنه‌كانی مانه‌وه‌ی گه‌شتیار و سه‌ردانیكه‌ران له‌و شاره‌دا خاپور بون.
هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی چه‌ندین مانگه‌ی ئه‌و رێكخراوه، زیانی زۆری به‌ر كه‌رتی گشتی گه‌یاند له نێویاندا بواری گه‌شتیاری، كه به‌هۆیه‌وه ته‌واوی هۆتێله‌كانی ئه‌و شاره وێران بون و تائێستاش، ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میان به‌روی خه‌ڵكدا كراونه‌ته‌وه.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، به‌ر له هێرشه‌كانی داعش له حوزه‌یرانی 2014 و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موسڵ، سێ هۆتێلی پێنج ئه‌ستێره‌ی حكومی هه‌بون و ئه‌وانیش؛ ئۆبری له به‌ری چه‌پی شاره‌كه و هه‌ریه‌ك له موسڵی نێوده‌وڵه‌تی و ئاشور له به‌ری راستی موسڵ.
له ئێستادا هیچ هۆتێلێكی حكومی له موسڵ نه‌ماوه، چونكه هۆتێل ئۆبری زیانی زۆری به‌ركه‌وت و نۆژه‌ننه‌كراوه‌ته‌وه، ئاشور بۆته هه‌یكه‌لێكی وێرانه و موسڵی نێوده‌وڵه‌تیش به ته‌واوی له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌خت بووه.
عومه‌ر وه‌لید، كه پێش داعش بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ و به‌هۆی كاركردنه‌وه له موسڵ ژیاوه، ویستویه‌تی سه‌ردانی هاوڕێیه‌كانی بكاته‌وه و له ئازاری ئه‌مساڵدا گه‌یشتۆته شاره‌كه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی شوێنی مانه‌وه‌وه، هه‌رزوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
"من خه‌ڵكی به‌غدام.. به‌یانییه‌كی 17ی ئازار گه‌یشتمه موسڵ به‌ڵام زۆر به ئه‌سته‌م شوێنی مانه‌وه‌م ده‌ستكه‌وت، ئه‌وه‌ش ته‌نیا یه‌ك هۆتێل هه‌بوو كه ده‌كرێت بڵێین یه‌ك ئه‌ستێره بووه به‌هۆی خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كانی و دوری له ناوه‌ندی شاره‌وه".
عومه‌ر ده‌ڵێت به‌وهۆیه‌وه ناچار بووه به‌رنامه‌ی گه‌شته‌كه‌ی بگۆڕێت، هه‌رچه‌ند ویستویه‌تی بۆ حه‌وت رۆژ بمێنێته‌وه، به‌ڵام ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ رۆیشتووه بۆ هه‌ولێر و دهۆك.
"دوای ئه‌وه‌ی رویدا، ناچمه موسڵ سه‌رباری بانگهێشتی ده‌یان هاوڕێم، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه شوێنێكی گونجاو نیه تا تێیدا بمێنیته‌وه" عومه‌ر وای وت.
جگه له هۆتێله حكومییه‌كان، به‌ر له داعش، 15 هۆتێلی ئه‌هلی سێ بۆ چوار ئه‌ستێره له موسڵ هه‌بون، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا چوار هۆتێل له‌كاردان، ئه‌وانیش سێ هۆتێلی له به‌ری چه‌پ و ته‌نیا هۆتێلێك له به‌ری راستی شاره‌كه و له ناوچه‌ی ده‌واسه‌یه.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاریی و ئاوه‌دانكردنه‌وه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئاشكرایكرد كه هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانی گشتگیر نزیكه، به تایبه‌ت بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هۆتێله خاپوربوه‌كانی شاری موسڵ.
عه‌بدولره‌حمان وه‌كاع به (كه‌ركوك ناو)ی وت "تیمی ئه‌ندازیاری قۆناغی یه‌كه‌می نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هۆتێل موسڵی نێوده‌وڵه‌تی و ئۆبری و ئاشوری ده‌ستپێكردوه‌وه، سه‌ره‌تا داروپه‌ردوی زیانه‌كانی هه‌ڵده‌گیرێنه‌وه و دواتر بنیاتده‌نرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌ده‌ستی كۆمپانیا بیانییه‌كان و به دیاریكراوی كۆمپانیای توركی".
چه‌كدارانی داعش، به‌شێك له هۆتێله گه‌وره‌كانیان له موسڵ وه‌ك باره‌گا و شوێنی مانه‌وه‌ی خۆیان به‌كارده‌هێنرا، هه‌ندێكی تری ده‌كرایه كۆگا یان زیندان.
یونس نه‌جار، هاوڵاتی دانیشتوی موسڵه و پێیوایه له‌هه‌موو شارێكدا فڕۆكه‌خانه و هۆتێل رۆڵی سییه‌كانی ئه‌و شاره ده‌بینن، به‌ڵام ئه‌وه له شاره‌كه‌ی ئه‌ودا نیه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌بووه.
"موسڵ فڕۆكه‌خانه و هۆتێلی حكومی نیه، هۆتێله ئه‌هلییه‌كانیش به‌بێ چاودێری كارده‌كه‌ن له نرخ و ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كاندا".
ئه‌و هاوڵاتییه پێیوایه نه‌بونی هۆتێل بۆته هۆی زیان به شاره‌كه و به‌هۆیه‌وه كه‌س سه‌ردانی ناكات ئه‌گه‌ر كاروبارێكی زۆر پێویستی نه‌بێت.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه شاری موسڵ، چه‌ندین شوێنی گه‌شتیاری تێدا بووه پێشتر، به‌هۆی تێپه‌ڕینی روباری دیجله به‌ناوه‌راستی شاره‌كه‌دا.
یونس نه‌جار به‌راوردی له نێوان موسڵ و هه‌ولێر كرد و وتی "زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێر كاری بازرگانی ئازاد ده‌كه‌ن به پشتبه‌ستن به‌و گه‌شتیارانه‌ی له هه‌موو عیراق و جیهانه‌وه ده‌چنه شاره‌كه و له ده‌ستكه‌وتنی شوێنی مانه‌وه‌دا كێشه‌یان نیه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر باشبونی ئاستی دارایی، به‌ڵام خه‌ڵكی موسڵ له بارودۆخێكی خراپدان به‌هۆی نه‌بونی گه‌شتیار و وێرانی ژێرخانی گشتییه‌وه".
شاری موسڵ، له ته‌مموزی 2017وه له ژێر ده‌ستی كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌ند له‌وكاته‌وه پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌ستیپێكردوه، به‌ڵام هێشتا ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و به‌شێكی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ی له ئاواره‌ییدا ده‌ژین.
لیژنه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان له نه‌ینه‌وا، هۆكاری دره‌نگكه‌وتنی قه‌ره‌بوی خاوه‌ن هۆتێله‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ قورسی رێكاره حكومییه‌كان له لیژنه‌ی ناوه‌ندی به‌غدا، به‌وپێیه‌ی ژماره‌ی زیانلێكه‌وتوان زۆرن.
سه‌عد نعێمی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی قه‌ربوو له نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌ستمانكردووه به خه‌رجكردنی پاره‌ی قه‌روبوو بۆ 370 زیانلێكه‌وتوو له نێویاندا ئه‌و كه‌سانه‌ی داواكارییان پێشكه‌شكردووه به‌هۆی زیان و وێرانبونی موڵكه‌كانیانه‌وه له خانوو، دوكان و ئۆتۆمبێل له‌كاتی شه‌ڕی داعش".
مامه‌ڵه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه، له‌رێی لیژنه‌یه‌كه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن و خه‌مڵاندنی بۆ ده‌كرێت، دواتر ئه‌و بڕه پاره‌ی پێده‌درێت كه لیژنه‌كه دیاریكردوو له‌به‌رانبه‌ر زیانه‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تا خانوو، دواتر ناوه‌نده‌كانی خزمه‌تگوزاری ئه‌هلی ده‌گرێته‌وه.
به‌پێی خه‌مڵاندنی ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا، سه‌دا 80ی ژێرخانی تایبه‌ت به گه‌شتیاری، خزمه‌تگوزاری، ته‌ندروستی و په‌روه‌رده له‌ده‌ستچون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی شه‌ڕه‌وه، كه خاوی و به‌ربه‌سته‌كانی پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ش، وایكردووه هێشتا ژیانی ئاسایی بۆ موسڵ نه‌گه‌ڕێته‌وه.