ئەحمەد (15ساڵ) و محەمەدی برای (13ساڵ) بە جۆشەوە لە یاریگایەكی بچوكی گوندەكەیاندا لە سنوری داقوق سەیری یاریی تۆپی پێیان دەكرد، لە پڕ دوو گولـلە هاوەن لە نزیك یاریگاكە دەكەونەوە و هەردوكیان بە پریشكی هاوەنەكان دەكەون بە زەویدا.
بەر لە كاتژمێر 11:30ی شەوی 24ی ئاب، ئەو دوو برایە ماڵئاواییان لە دایكیان كرد و بە پاسكیلەكانیان بەرەو یاریگاكە كەوتنەڕێ، وەك پیشەی رۆژانەیان، بە دایكیشیان وت: تا دێینەوە ماسیمان بۆ لێبنێ.
لەكاتێكدا ئەوان چەپڵەیان بۆ یاریزانەكان لێدەدا، دۆخەكە خرۆشا، بە هاوەن بۆردومانی گوندی زهینلعابدین كرا كە ئەوان لێی نیشتەجێن و دوو گولـلە هاوەن لە نزیك یاریگاكە كەوتەوە و هەردوكیان گیانیانلەدەستدا. هەروەها دەستڕێژی گولـلە و تەقینەوەی بۆمبێك دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆزكرد.
قاسم یەشار (28ساڵ)، خاڵی ئەحمەد و محەمەد، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەردوكیان پریشكی هاوەنەكانیان بەركەوتبوو، بەڵام شوێنەواری فیشەكیش بە جەستەیانەوە بوو".
ئەو دوو برایە زۆرینەی كات پێكەوەبون، لە ماڵ، خوێندنگە و یاریگا و ئەو دوكانەشی كە باوكیان لەناو گوندەكە بۆیانی كردبۆوە.
"زۆر یەكیان خۆشدەویست، دوو جەستەو یەك دڵ بون، زۆركات كە یەكێكیان زووتر لە خوێندنگە تەواو بوایە براكەی جێنەدەهێشت هەرچەندە ماڵیشیان لە خوێندنگەكەوە نزیك بوو"، قاسم وایوت.
باوكیان جل و پێداویستییەكانی خوێندنگەی بۆ كڕیبون و هەردوو كوڕەكەی ئامادەبون بۆ ساڵیی نوێی خوێندن.
ئەو روداوەی ئەو دوو برایەی تێدا كوژرا، بە بۆردومانكردنی هاوەن بۆ ناو گوندەكە دەستیپێكرد، دواتر دەستڕێژی گولە كراو بەهۆیەوە حەوت كەسی گوندەكە كوژران.
شانهی راگهیاندنی ئهمنی، رۆژی دوای روداوەكە لە راگەیەنراوێكیاندا بڵاویانكردهوه "هێرشەكە لهلایهن داعشهوه ئهنجامدراوه به ئاربیچی و چهكی مامناوهند"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی "ئەو سنورەی بۆردومانكراوە لەژێر دەسەڵاتی لیوای 16ی حەشدی شەعبیدایە".
قاسم یەشار وتی "محەمەد ئەمساڵ زۆر دڵی خۆشبوو، بەهۆی ئەوەی قۆناغی سەرەتایی تەواوكرد، چاوەڕێی كردنەوەی خوێندنگەی دەكرد".
بەڵام ئەحمەد زیاتر خولیای تۆپی پێ بوو، "یارییەكی باشی دەكرد و دەیوت دەبم بە یاریزان، محەمەدی براشی هانی دەدا"، خاڵیان وایوت.
ئەو دوو برایە، بەرلەوەی ئەو شەوە یارییەكە كۆتایی بێت، گیانیانلەدەستدا. هەروەها فریای خواردنی ئەو چێشتە نەكەوتن كە دایكیان بۆی ئامادەكردبوو.
قاسم وتی "كاتی مردنیشیان هەردوكیان دەستیان لەناو دەستی یەك بوو".
كاتی مردنیشیان هەردوكیان دەستیان لەناو دەستی یەك بوو
بڕیاربوو لە رۆژانی داهاتودا، ئەو خێزانە سەفەری ئێران بكەن كە ئاواتێكی ئەو دوو برایە بوو، دایكیان لە پرسەی كوڕەكانیدا دەیوت "نەمزانی ئەوە پاسپۆرتی كۆتایی ژیانیان دەبێت".
لویس شێخ فەندی، قایمقامی قەزای داقوق بەوەکالەت، رۆژی دوای روداوەكە، نیگەرانی خۆی نیشاندا، لەوەی ئەمجارە "چالاكییەكانی داعش" ناوەندی شارەكەی گرتۆتەوە و ئەوەشی بە "مەترسییەكی گەورە" ناوبرد و داوای هەماهەنگی زیاتری لە هێزە ئەمنییەكان كرد. زیاتر وتی "ناكرێت دەرفەت بدریتە تیرۆریستان مەدەنی بكەنە ئامانج".