ئیدارەی كەركوك تۆمەتباردەكرێت
سەركردەیەكی عەرەبی: دەرفەتێكی دامەزراندن گەیشتۆتە 12 هەزار دۆلار

كه‌ركوك، شوباتی 2019، مامۆستایان بۆ چه‌ند داواكارییه‌ك بایكۆت راده‌گه‌یه‌نن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

وەسفی عاسی، سەرۆكی بەرەی عەرەبی لە كەركوك، ئیدارەی پارێزگاكە تۆمەتباردەكات بە كڕین و فرۆشت بە دامەزراندنی هاوڵاتیانی كەركوك و جەختدەكاتەوە لەوەی "دوو هەزار و 800 دەرفەتی دامەزراندن بۆ پەروەردە فرۆشراوە و نرخی هەر دامەرزاندنێك گەیشتۆتە 12 هەزار دۆلار".

ئەو وتانەی وەسفی عاسی، لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا هات كە مێژووەكەی بۆ 24ی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە و لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی قەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، تیایدا ناوبراو قسە بۆ هاوڵاتیانی گەڕەكی عەمەلی شەعبی كەركوك دەكات كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی عەرەبن.

لە بەشێكی قسەكانیدا دەڵێت "پەیوەندیم بە پەروەردەی كەركوكەوە كردووە سەبارەت بە دواخستنی ئەو هەلی دامەرزاندنانە، بەڵام لە راستیدا دوانەخراوە، دواخستنەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت، خەڵكی هەموی هەوڵی دامەرزاندندن دەدات، فایلەكانیانیش بەدەستی ئەوانەوەیە كە پارێزگاكە بەڕیوەدەبەن و كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكەن".

وەسفی زیاتر وتی "هەر دەرفەتێكی دامەزراندن گەیشتۆتە دەفتەرێك و 20 وەرەقە (15 ملیۆن دیناری عیراقی)... ئێمە پێشتر قسەمان بە كورد دەوت، قسەمان بە نەجمەدین دەوت، ئێ براكەم نەجمەدین مەلائیكەتە، وانابێت و كەمێك بەزییتان هەبێت".

هەر دەرفەتێكی دامەزراندن گەیشتۆتە دەفتەرێك و 20 وەرەقە (15 ملیۆن دیناری عیراقی)

ناوبراو كە خۆی لە عەشیرەتی عوبەیدییە و سەرۆكی بەرەی عەرەبی-یە، وتیشی "ناكرێت وەسفی عاسی بیەوێت ببێت پارێزگار و ئەوانەی دایاندەمەزرێنێت هەموی عوبەیدی بن و هەموو پڕۆژەكان و پۆستەكان بدرێت بەو بەڵێندەرانەی خۆی، ئایا ئەو كەسە هیچ سودێكتان پێدەگەیەنێت، پێویستە ئەوەی دەسەڵاتی هەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بكات بەرامبەر بە هەموو خەڵكی كەركوك و دەبێت وەكو یەك مامەڵە لەگەڵ كورد، عەرەب و توركماندا بكات".

ئەو وتانەی وەسفی هاوكات بوو لەگەڵ راگەیاندنی بڕیاری دامەزراندنی دوو هەزار و 800 هەلی دامەرزاندن وه‌ك مامۆستا و له‌ چه‌ندین بواری تری په‌روه‌رده‌ییدا بۆ كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش به‌پێی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی و بۆ هه‌ر چوار به‌شی خوێندنی عه‌ره‌بی، كوردی، توركمانی و سریانی.

پێشتر عومەر قادر، جێگری بەڕێوه‌بەری گشتی پەروەردەی پارێزگای کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "بڕیاره‌ واده‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ ده‌ستپێبكات، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌".

هه‌وڵده‌درێت سه‌دا 50ی دامه‌زراندنه‌كه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌بێت كه‌ ساڵانێكه‌ وه‌ك وانه‌بێژ له‌ خوێندنگه‌كاندا وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كه‌سوكاری شه‌هیدان و پسپۆڕییه‌ پێویسته‌كان، وه‌ك بنه‌ما له‌ پرۆسه‌كه‌ پشتی پێببه‌سترێت و دواتر ساڵی ده‌رچون له‌به‌رچاو بگیرێت، وەك عومەر قادر وایوت.

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "تائێستا میکانزمی دامەزراندنەکە ڕوون نییە، چونکە بەشێک لە پەرلەمانتاران داویانکردووە ڕێژەی سه‌دا 32 بۆ هەر نەتەوەیەک دیاریبكرێت، بەشێکی تریش ده‌یانه‌وێت ته‌نیا دەرچوانی ساڵی 2016 بگرێته‌وه‌".

تائێستا میکانزمی دامەزراندنەکە ڕوون نییە، چونکە بەشێک لە پەرلەمانتاران داویانکردووە ڕێژەی سه‌دا 32 بۆ هەر نەتەوەیەک دیاریبكرێت

سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك، لەبارەی قسەكانی وەسفی عاسی، وتی "ئەوانە تۆمەتن، چونكە ئیشەكە لە ئیدارەی كەركوك نییە، بەڵكو لە پەروەردەی كەركوكە و لەڕێی فۆرمی ئەلكترۆنیشە بە ئاگاداریی بەغدا خەڵك دادەمەزرێنرێت".

ئەو كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "جگەلەوەی بە ئاگاداری بەغدا پرۆسەكە ئەنجامدەدەرێت دوو پەرلەمانتاری كەركوكیش چاودێریی پرۆسەكە دەكەن".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT