ژمارەیەک خێزانی ئاوارەی كەركوك كە لەناو کەمپەکانی موسڵ نیشتەجێبون، بۆ كەمپەكانی كەركوك گەڕێنرانەوە و نیشتەجێكران، ئەوەش لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.
ئەو 116 خێزانە كە ژمارەیان 615 كەسە، لە سەردەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە لە كۆتایی 2017، ماڵەكانیان بە ئاراستەی كەمپی حەمام عەلیل لە موسڵ جێهێشت و لەوێ نیشتەجێكران. بەڵام 28ی ئاب بۆ كەمپەكانی كەركوك گەڕێنرانەوە.
عەمار سەباح، بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەرکوکی فەرمانگی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران عیراق بووە کە بڕیاریداوە هەموو خێزانە ئاوارەكان دەبێت بگەرێنرێنەوە پارێزگاكەی خۆیان... ئەوەبوو لە 28ی ئاب ئەو 116 خێزانە بۆ كەركوك گەڕێنرانەوە و لە کەمپی لەیلان/یەک نیشتەجێکران و پێشوەختە چادر و پێداویستی تریان بەسەردا دابەشكرا".
لە ئێستادا دوو هەزار خێزانی قەزای حەویجە لە باشوری كەركوك لە هەردوو كەمپی لەیلان یەك و دوو ماون، جگە لە کەمپی یەحیاوە کە ئاوارەکانی قەزای تەلەعفەر و ناحیەی عەیازیەی پارێزگای نەینەوای تێدا دەژین و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا رەوانەی پارێزگاكەی خۆیان بكرێنەوە.
سەرچاوەیەکی (كەركوك ناو) لە كەمپی لەیلان، وتی "لێكۆڵینەوە لەو 116 خێزانە دەكەین كە بۆ كەركوك گەڕێنرانەونەتەوە، چونكە گوماندەكەین بەشێكیان كەسوكاری چەكدارانی داعش بن و پەیوەندییان بەو رێكخراوەوە هەبێت".