دوو مانگای بۆمبڕێژكراو بەرلەوەی بگەڕێنەوە ماڵ و لەناو گوندەكەیان لە سنوری ناحیەی جەلەولا تەقێنرانەوە، ئەوەش بەپێی وتەی ئەنجومەنی گوندی ئیسڵاح.
روداوەكە كاتژمێر 10:15 خولەكی شەوی رابردوو رویدا، كاتێك تەقینەوەیەكی بەهێز لەناوەندی گوندەكە بیسترا و هەردوو مانگاكە هەر ئەوكات مردن.
سەیف سەتار، ئەنجومەنی گوندی ئیسڵاح سەر بە ناحیەی جەلەولا لە قەزای خانەقین بە (کەرکوک ناو)ی وت "تەقینەوەیەکی بەهێز گوندەکەی هەژاند و كاتێك چوینە دەرەوە بینیمان هەردوو مانگاكە پارچە پارچە بون، بەوەیا زانیمان بۆمبڕێژكراون".
وتیشی "هەموو بەیانییەک خاوەن ئاژەڵەکان مانگا و ئاژەڵەکانیان بۆ سەر چەمی روباری سیروان دەبەن و ئێواران خۆیان دەگەڕێنەوە، بەشەوانیش مانگاکان خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ نێو گوند".
ئەنجومەنی گوندی ئیسڵاح وتی "مەبەستی تیرۆریستان ئەوە بووە دانیشتوانی گوندەكە لەڕێی بۆمبڕێژكردنی ئەو دوو مانگایەوە بكەنە ئامانج".
مەبەستی تیرۆریستان ئەوە بووە دانیشتوانی گوندەكە لەڕێی بۆمبڕێژكردنی ئەو دوو مانگایەوە بكەنە ئامانج
بەهۆی روداوەكەوە هاوڵاتییەكی گوندەكە بە سوكی بریندار بوو و هەردوو ئاژەڵەكەش مردن، لەگەڵ شكانی پەنجەرە و دەرگای یەك دوو ماڵی نزیك روداوەكە.
گوندی ئیسڵاح دەکەوێتە باکوری ناحیەی جەلەولا لە قەزای خانەقین، ماوەیەكە دۆخی ئەمنی ئەو ناوچەیە نا ئارامە. ئەوەش بەهۆی نزیكی گوندەكە لە نزیك روباری سیروان كە لەبارە بۆ جموجۆڵ و چالاكی چەكدارانی نەناسراو.