ئەو گۆڕانگارییە ئەمنییانەی كە لە سەرەتای مانگی ئابی رابردوو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە لە كەركوك ئەنجامدرا، هێشتا هەڵنەوەشێنراونەتەوە كە زۆرینەیان لە بەرژەوەندی پێكهاتەی عەرەب و لە دژی كورد و توركمانن، بەڵام جێبەجێكردنی بڕیارەكان راگیراون تاوەكو پێكهاتەكان دەگەنە رێككەوتن.
وەزارەتی ناوخۆ بەر لە جەژنی قوربان، لیستێك گۆڕانكاریی لە پۆستە ئەمنییەكانی كەركوكدا كرد، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كورد و توركمان بەتایبەت كورد گۆڕانكارییەكان راگیران و كاریان پێنەكرا.
عەمید ئەفراسیاو كامل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئەو گۆڕانكارییانە هێشتا لەنێوان نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و نەتەوە جیاوازەکانی کەرکوکە و وەزارەتی ناوخۆ لە تاوتوێکردندایە".
وتیشی "بڕیارەکان هەڵنەوەشاونەتەوە، تەنیا راگیراون".
عەمید ئەفراسیاو كە بەپێی گۆڕانكارییەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەبێتە بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی كەركوك، جەختیكردەوە "ئێستا پێكهاتەكان گفتوگۆ دەكەن لەسەر ڕێژە و شێوازی دابەشکردنی ئەو پلە و پۆست و شێوازی جێگۆڕکێیانە".
ناڕەزایی كورد دوای ئەوە هات، كە بەپێی لیژنەی راگرتنی باڵانس و گەڕاندنەوەی ئەفسەرەكان لە ناوچەكانی جێناكۆك، كە چەند پەرلەمانتارێكی كوردیش تیایدا ئەندامن، كورد 100 پۆستی ئەمنی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەدەستداوە.
پێشتر ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئامانجی لیژنەی راگرتنی باڵانس و گەڕاندنەوەی ئەفسەرەكان بۆ ئەوەیە نەتەوەیەك لەو ناوچانە زاڵنەبێت بەسەر نەتەوەیەكی تردا و قورخی جومگە هەستیارەكان بكات".
لیژنەكە لە نەتەوەكانی كورد، عەرەب و توركمان پێكهاتووە و لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لە گفتوگۆدان و هێشتا نەگەیشتونەتە رێككەوتن.
توركمانەكان داوای لەسەدا 32ی پۆستەكانی كەركوك دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش عهلی مههدی، ئهندامی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك سێشەممە 3ی ئەیلول، لهسهر ئۆتۆمبێلهكهی نوسی "32 %"، وهك ئاماژهیهك بۆ داواكارییهكانی كوتلهی توركمانی له دابهشكردنی پۆستهكان و تهرخانكردنی دامهزراندن بهو رێژهیه بهسهر نهتهوهكانی توركمان، عهرهب و كورد.