توركمان داوای پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكات تا هەڵبژاردنی داهاتوو، دژایەتی خۆشیان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك دەربڕیوە، ئەوەشیان وەك واقسەی خۆیان بە لیژنەی دانوستانكاری كورد وتووە لە بەغدا، بەڵام پێكهاتەی عەرەب نەرمیان نواندووە و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە دەنگ بەكاندیدی لیستی برایەتی بدەن بۆ پۆستی پارێزگار، لەبەرامبەردا چاو بە پشكی عەرەبدا بخشێنرێتەوە لە ئیدارەدانی پارێزگاكە.
ئەو كۆبونەوانەی نێوان كورد و توركمان لەلایەك و كورد و عەرەب لەلایەكی تر، شەوی چوارشەممە 4ی ئەیلول لە بەغدا بەڕێوەچون، بە چاودێری نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عیراق. كە ئامانج لێی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و دانانی پارێزگارێكی نوێیە بۆ كەركوك.
ئەندامێكی كورد و ئامادەبوی كۆبونەوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوێنەرانی کورد داوایان لە تورکمان کردووە بە کاندیدی کورد تەیب جەبار رازیبن و دەنگی پێبدەن، بەڵام ئەوان بەتەواوی ئەو بابەتەیان رەتكردۆتەوە و داوایانكردووە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا – 1ی نیسانی 2020- پۆستی پارێزگار لای ئەوان بێت، لەگەڵئەوەشدا پۆستە ئەمنیی و ئیدارییەکان بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەر پێکهاتەیەک دابەشبکرێنەوە و پێشمەرگەش نەگەڕێتەوە سنوری کەرکوک".
سەرچاوەكە وتی "ئێمەش ئەو داواكارییەی ئەوانمان رەتكردەوە، بۆیە دانیشتنەکەمان لەگەڵ توركمان بێئەنجام کۆتایی هات".
وەفدی دانوستانکاری کورد، پێکهاتبون لە هەریەكە خالید شوانی و ئەحمەد عەسکەری لە یەکێتی، ئومێد سەباح، شاخەوان عەبدوڵا و مەسعود مەلا پەروێز لە پارتی و ئیبراهیم خەلیل لە یەکگرتوی ئیسلامی. ئەرشەد ساڵحیش سەرۆكایەتی وەفدی توركمانی كرد.
ماردین جۆش قایا، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "سورین لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار و ئەمە دواقسەمانە، پێشمانوتن پۆستی پارێزگار لای ئێمە بێت بۆ كورد باشترە، نەك لای پێكهاتەی عەرەب، بەڵام ئەمە لەلایەن کوردەوە رەتکراوەتەوە، ئەوان باسیان لەوە کردووە کورد لەم شارە زۆرینەیە".
هاوكات ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە راگەیەنراوێكیدا شەوی چوارشەممە و دوای كۆبونەوەكە، جەختیكردەوە كە ئەوان دەیانەوێت مەبدەئی ئیدارەدانی هاوبەش بۆ هەموو پیكهاتەكان پەیڕەوبكرێت و كەسێك لە پێكهاتەی توركمان ئیدارەی بدات تا هەڵبژاردن.
لەگەڵئاماژەدان بەوەی دەرگای دانوستان داناخەن.
هەرودوو پێكهاتەی كورد و توركمان، بڕیاریاندا خواست و داواکارییەکانی یەکتر لەگەڵ حزب و سەرکردەکانی خۆیاندا تاوتوێبکەن و لە کۆبونەوەی داهاتودا گفتوگۆی لەسەر بكەنەوە.
لیژنەی دانوستانكاری كورد، دواتر لەگەڵ پێكهاتەی عەرەب لە بەغدا كۆبونەوە و تاڕادەیەك ئەرێنی تر بوو.
ئەندامەكەی كورد لە لیژنەی دانوستانەكان، وتی "عەرەب بەراورد بە تورکمان نەرمی نواندووە و ئامادەییان نیشانداوە دەنگ بە تەیب جەبار، كاندیدی لیستی برایەتی بدەن".
عەرەب بەراورد بە تورکمان نەرمی نواندووە و ئامادەییان نیشانداوە دەنگ بە تەیب جەبار بدەن
بەڵام عەرەب مەرجیان بۆ ئەوە هەبووە، لەوانە پاراستنی مافی عەرەب لە هەیکەلیەتی ئیدارەی پارێزگا و دابەشكردنەوە و چاوخشاندنەوە بە پۆستەکانی پارێزگار، جێگری پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەن و سەرۆکی ئەنجومەنی شار.
ئەندامە كوردەكە وتیشی "پێكهاتەی عەرەب لەگەڵئەوەدان پۆلیس لەنێو شار بێت و سوپا ببرێتە دەرەوە، پێشمەرگە لە سنوری پێش هاتنی داعش جێگیربێت، بەڵام هێزەكانی ئاسایش نەگەڕێنەوە ناو شار".
لە پێكهاتەی عەرەب، هەریەكە لە رەملە حەمید، محەمەد خزر و خەلیل حەدیدی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و محەمەد تەمیم پەرلەمانتار لەبەغدا ئامادەی كۆبونەوەكە بون.
رەملە حەمید، وتی "هێشتا نەگەیشتوینەتە خاڵی کۆتایی، گفتوگۆکان بەردەوامییان دەبێت"، زانیاری زیاتری نەدركاند.
ئەو كۆبونەوانە دوو مانگە درێژەی هەیە و هێشتا هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی نییە، ئەوەش دوای ئەوەی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە 11ی تهمموزی 2019 بڕیاریاندا به كاندیدكردنی تهیب جهبار بۆ پۆستی پارێزگاری كهركوك.