خوێندنگه‌ ئایینییه‌كانی ئێزیدی داده‌خرێن

دهۆك، نیسانی 2019، یه‌كێك له‌ پۆله‌كانی خوێندنگه‌ی كانی سپی تایبه‌ت به‌ ئایینی ئێزیدیی له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی كه‌به‌رتوو فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

خوێندنگه‌كانی كانی سپی تایبه‌ت به‌ ئایینی ئێزیدی، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ به‌رده‌وامی و كاركردن له‌ كه‌مپه‌كاندا داخران، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بونی هاوكارینه‌كردن و نه‌بونی مۆڵه‌تی په‌روه‌رده‌ی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌و خوێندنگه‌ ئایینییانه‌ له‌ پێنج كه‌مپی ئاواره‌كانی ئێزیدی و سه‌نته‌ری قه‌زای شنگال، دوابه‌دوای هێرشه‌كانی داعش و له‌ 2014دا كرانه‌وه، به‌ ئامانجی ئاشناكردنه‌وه‌ی منداڵانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ به‌ ئایین و داونه‌ریتی ئێزیدی.

شێخ حه‌سه‌ن عه‌لی كوبۆ، سه‌رپه‌رشتیاری خوێندگه‌كانی كانی سپی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای زیاتر له‌ چوار ساڵ له‌ خزمه‌تكردنی منداڵانی ئێزیدی به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر ده‌ستی داعش رزگاركراون، بڕیارماندا به‌ داخستنی هه‌موو خوێندگایه‌كانی كانی سپی".

یه‌كه‌م خوێنگه‌ی كانی سپی، له‌ كانونی یه‌كه‌می 2014دا كرایه‌وه‌ له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌ی دهۆك، دواتر له‌ كه‌مپه‌كانی قادیا، شاریا، كه‌به‌رتوو، خانكێ و سه‌نته‌ری شنگال پێنج خوێندنگه‌ی تر كرانه‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌مویاندا 730 منداڵ رۆژانه‌ وانه‌ی ئایینی و ده‌رونییان ده‌خوێند.

ezidi.xwendn
دهۆك، نیسانی 2019، دوو خوێندكاری ئێزیدی له‌ خوێندنگه‌ی كانی سپی فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

"ئێمه‌ موڵه‌تی فه‌رمیمان وه‌رگرتوه‌ له‌ لایه‌ن میری ئێزدییه‌كان و جڤاتی روحانی و پارێزگای دهۆك و ئاسایشه‌وه‌، ئیتر نازانم بۆچی رێگری له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن، خۆ ئێمه‌ كارێكی خراپ ناكه‌ین، ته‌نیا منداڵه‌كان په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ین و هیچ مه‌به‌ستێكی خراپمان نیه".

به‌وته‌ی كوبۆ خوێندنگه‌كانی كانی سپی، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك لێپرسراوی ئێزیدییه‌وه‌، به‌تایبه‌ت په‌روه‌رده‌ی شنگال به‌شی خوێندنی كوردییه‌وه‌ "به‌ ئاشكرا دژایه‌تی ده‌كرێت و هاوكارنه‌بون له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا تا به‌رده‌وامبین، جگه‌له‌وه‌ش هه‌ندێك كه‌سایه‌تی هه‌وڵیانده‌دا كێشه‌مان بۆ دروستبكه‌ن و وازبهێنین.. ده‌یانجار جڤاتی روحانیمان ئاگاداركرده‌وه‌ له‌ كێشه‌كان به‌ڵام هه‌ڵوێستیان نه‌بوو".

منداڵانی رزگاربوی ئێزیدی له‌ ژێر ده‌ستی داعش، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ كه‌مپ و زێدی خۆیان، ده‌چوونه‌ به‌ر خوێندنی ئایینی له‌ خوێنگه‌ی كانی سپی، بۆ نه‌هێشتنی كاریگه‌ری بیری داعش و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئایینی ئێزیدی.

رێكخراوی داعش، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شنگال له‌ ئابی 2014 و رفاندنی هه‌زاران هاوڵاتی ئێزیدی، فشاره‌كانیان ده‌ستپێكرد بۆ گۆڕینی ئایینه‌كه‌یان به‌ ئیسلام، بۆ ئه‌وه‌ش زیاتر منداڵانانی به‌كارهێنرا له‌ گۆڕینی ئایین و هاندانیان دژی بیرباوه‌ڕی ئێزیدی.

حسێن خدر، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی شنگال سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌رپه‌رشتیارانی ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ مۆڵه‌تیان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رنه‌گرتووه‌، له‌وانه‌یه‌ مۆڵه‌تیان له‌ به‌غدا وه‌رگرتبێت، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ ناكه‌ین، چونكه‌ له‌ رووی ئیداریی و یاسایییه‌وه‌ شه‌رعیه‌تیان نییه‌".

"نازانم چوون میری ئێزدییان و جڤاتی روحانی رێگه‌یان به‌وان داوه‌ وانه‌ به‌ منداڵان بڵێنه‌وه‌، له‌كاتێكدا هیچ كه‌سێك سه‌رپه‌رشتییان ناكات و پێویسته‌ پیاوانی ئایینی و روشنبیرانی ئێزیدی رێنه‌ده‌ن منداڵه‌كانیان له‌و خوێندنگایه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن".

به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ وتیشی "ئێمه‌ خوێندنگه‌ی فه‌رمیمان هه‌یه‌ و پێویست ناكات به‌و جۆره‌ خوێندنگه‌یانه‌ ناكات، له‌مه‌ودواش رازی نابین هیچ كه‌س و لایه‌نێك بازرگانی به‌ كچان و منداڵانی ئێمه‌وه‌ بكات".

به‌شێك له‌ منداڵانی رزگاربوی ده‌ستی داعش، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نیان له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بون، بۆیه‌ زۆرینه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ ته‌واوی چونه‌ته‌ سه‌ر ئایینی ئیسلام و هیچ له‌باره‌ی ئێزیدییه‌وه‌ نازانن، زمانی خۆشیان بیرچۆته‌وه‌ یان نایزانن، له‌ بری ئه‌وه‌ به‌ عه‌ره‌بی و توركمانی قسه‌ ده‌كه‌ن.

سه‌رپه‌رشتیاری خوێندنگه‌كانی كانی سپی ده‌ڵێت هه‌رچه‌نده‌ په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ی منداڵانی رزگاربوو قورس بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی بیری توندوتیژییان هه‌ڵگرتووه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش، به‌ڵام سه‌رباری كێشه‌كان و له‌رێی 17 مامۆستاوه‌ توانیویانه‌ منداڵه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر ئایینی ئێزیدی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT