كورد بە زمانی دایك ناخوێنێت و بۆ خوێندنی عەرەبی دەگەڕێتەوە

كەركوك/ پۆلێكی خوێندنی كوردی فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران  محەمەد – کەرکوك

سەدان باوك و دایكی كورد منداڵەكانیان رەوانەی خوێندنی عەرەبی كردووە لە كەركوك و نایانەوێت بە زمانی دایك بخوێنن، ئەوەش لەسەر خواستی خۆیان. بە پێچەوانەی 15 ساڵ لەمەوبەر كە بەناچاری بە زمانی عەرەبی دەیانخوێند.

ئەوە بۆ لێپرسراوانی خوێندنی كوردی و بەشێك لە مامۆستایان جێی نیگەرانییە. هەر بەو هۆیەوە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کەمپینی خوێندن بە زمانی دایک راگەیەنرا.

كەمپینەكە دوای هەستكردن بوو بەوەی ناونوسكردن لە خوێندنگە كوردییەكان كەمیكردووە.

سیروان محەمەد، بۆ ئەمساڵی خوێندن ناوی كچەكەی لە خوێندنگەیەكی عەرەبی تۆماركرد، هەرچەندە خۆی كورده‌ و لە گەڕەكێكی كوردنشینیش دادەنیشێت.

"بێئومێدی زۆر هەیە لە خوێندنی کوردی لە كەركوك و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی پێنادات، جگەلەوەش لە خوێندنی عەرەبی فێری زمانی عەرەبی دەبێت و دواتر كە چووە زانكۆ كێشەی زمانی نابێت".

هەروەها وتی "وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عیراق باشترە بۆ خوێندنی عەرەبی و پێداویستییەكانی خوێندن و دەوامی خوێندنگەكان باشترە".

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عیراق باشترە بۆ خوێندنی عەرەبی

بەگشتی بەڕێوەبەری خوێندنگەكان دەڵێن ناو تۆماركردن بۆ خوێندنی كوردی كەمترە بەراورد بە ساڵی رابردوو، لەكاتێكدا دوو هەفتەی تر ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەكات.

ساڵی رابردوش لانیكەم سێ هەزار منداڵ كەمتر لە ساڵی پێشوتر ناویان لە خوێندنی كوردی تۆماركردووە.

سۆزان سلێمان، مامۆستا و یەكێك لە رێكخەرانی كەمپینەكە بۆ هاندانی دایكان و باوكانی كورد بۆ ناردنی منداڵەكانیان بۆ خوێندنی كوردی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەگشتی لە گەڕەکەکانی خواروی کەرکوک کە بەشێکی زۆریان عەرەبن، كوردەكان منداڵەكانیان دەنێرنە خوێندنی عەرەبی، هەروەها لە قەزاو ناحییەكانیش ئەو حاڵەتانە هەیە، پێمانوایە ئەمە مەترسییە و دەبێت كاربكەین بۆ باشتركردنی خوێندنی كوردی تا منداڵەكانمان بە زمانی خۆیان بخوێنن".

دەبێت كاربكەین بۆ باشتركردنی خوێندنی كوردی تا منداڵەكانمان بە زمانی خۆیان بخوێنن

خوێندنی كوردی له‌ ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستیپێكرد، پێش ئه‌وه‌ واده‌یه‌ قه‌ده‌غه‌بوو.

هه‌ر چوار پێكهاته‌كەی كەركوك، عه‌ره‌ب، كورد، توركمان و كلدوئاشوری به‌زمانی خۆیان ده‌خوێنن و له‌ په‌روه‌رده‌ یه‌كه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه‌.

هه‌شت هه‌زار مامۆستا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خوێندنی كوردی له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك موچه‌یان پێده‌درێت چوار ساڵه‌ كێشه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان و دواكه‌وتنیان هه‌یه‌، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند جارێك و بە مانگ بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندنیان دەكرد‌. بەو هۆیەوە هێشتا بەشێك لە دایكان و باوكان متمانەیان بە خوێندنی كوردی نەماوە، هەرچەندە ئێستا دابەشكردنی موچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی سەر بە هەرێمی كوردستان باشتر بووە.

Mamosta-1

كەركوك/10ی ئەیلولی 2019/ راگەیاندنی كەمپینێك بۆ هاندانی دایكان و باوكان تا منداڵەكانیان بنێرنە خوێندنی كوردی فۆتۆ: سۆران محەمەد

پەروین فاتح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکوک و بەشداربوی كەمپینەكە بە (کەرکوک ناو)ی وت "دەمانەوێت چەند چالاکییەك ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی منداڵان بە زمانی خۆیان بخوێنن، یەکێک لەو چالاکییانە کە لە کەمپینەکە ئەنجامی دەدەین نمایشی شانۆییە بۆ هاندان تا ئەوەی منداڵ بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت".

بەڵام شێرزاد کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک، وتی "دۆخەکە جارێ ئاساییە، چونكە كات ماوە بۆ تۆمارکردنی ناوی منداڵان لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی".

جەختیشیكردەوە كە کەمکردنی رێژەی ناو تۆمارکردن ناگاتە لەسەدا یەك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT