هاوسه‌رگیری بەر له ته‌مه‌نی یاسایی‌ له‌ناو ئێزیدییەكان پەرەده‌سێنێت

دهۆك/ كچێكی ئاوارە له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌كانی شه‌ڕی داعش فۆتۆ: رێكخراوی ئۆكسفام

عه‌مار عه‌زیز  _ دهۆك

پێكهێنانی هاوسه‌رگیری هه‌رزه‌كاران له‌ناو ئاواره‌ ئێزدییه‌كانی سنوری پارێزگای دهۆك زیادیكردوه‌. شاره‌زایانی ئایینی ئێزدیی و یاسا و چالاكوانان به‌ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی ده‌بینن.

ئه‌یمه‌ن ئيسماعيل ئاواره‌یه‌كی ئێزیدی ‌ ته‌مه‌ن١٧ ساڵه و تاوه‌كو ئێستا دوجار هاوسه‌رگیری كردووه‌: یه‌كه‌مجار له ته‌مه‌نی ١٤ ساڵیدا له‌گه‌ل كه‌سێكی هاوته‌مه‌نی خۆیی و دوه‌مجاریش  لەگەڵ كچه‌ هه‌رزه‌كارێك كه‌ ساڵێك له‌ خۆی منداڵتربووه‌.

ئه‌یمەن ده‌ڵێت به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه‌ هاوسه‌رگیری یه‌كه‌مم سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و ١٧ساڵی تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌ نوێیەكه‌یدا به‌بێ كێشه‌ ژیانێكی ساده‌ به‌سه‌ر ده‌بات.

ئه‌یمه‌ن یه‌كێكه‌ له‌ ژمارەیه‌كی زیادبوی ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌ی كه‌ له‌ خوار ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵیه‌وه‌‌ هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا رێگه‌پێدراو نییه‌. ره‌وشی ناله‌باری ئاواره‌یی و فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی دوو له هۆكاره‌كانی پشت زیادبونی هاوسه‌رگیری پێشوه‌ختن.

هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت رێژه‌ی وازهێنان له‌ خوێندن زیاد ده‌كات، هه‌رزه‌كاران له‌ جیهانی خۆیان داده‌بڕێت، منداڵه‌كانیان په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروستیان پێ نابه‌خشرێت، رێژه‌ی جیابونه‌وە زیادده‌بێت و زۆرجاریش ئه‌ركی به‌خێوكردنی ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی دایك و باوكیان و ژیانی ئه‌وانیش هێنده‌ی تر قورستر ده‌بێت. 

چالاكوانی ئێزیدی ‌ ناڤین سموقی پێیوایه‌ ژیانی كامپ وه‌ك زیندان وایه‌ بۆ ئاواره‌كان كه‌ زۆربه‌یان ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ تیایدا ده‌ژین، ناڤین ده‌ڵێت كه‌ هه‌ندێك له‌ هه‌رزه‌كاران بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و فشاره‌ی له‌سه‌ریانه‌، پێش گه‌یشتنیان به‌ ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵی هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن.

ناڤین ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد زۆربه‌ی ئه‌م هاوسه‌رگیریانه‌ به‌ جیابونه‌وه‌ كۆتایی دێت و "حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانیش بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردوه‌"، به‌رامبه‌ر به‌م دیارده‌یه‌ و ئه‌و ئامارانه‌ی بڵاویش ده‌كرێنه‌وه‌ "راست نین".

به‌رپرسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتی توند و تیژی دژی ژنان له‌ پارێزگای دهۆك، موقه‌ده‌م ئارام محه‌مه‌د، له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی كه‌ حكومه‌ت یاسا جێبه‌جێده‌كات و ئه‌گه‌ر ئاگا‌داری هه‌ر حاڵه‌تێكی هاوسه‌رگیری خوارته‌مه‌نی یاسایی بێت، ئه‌وا لێپێچینه‌وه‌ ده‌كه‌ن و نایه‌ڵن هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت.

موقه‌ده‌م ئارام باسی له‌وەشكرد كه‌ ئه‌وان زۆر حاڵه‌تی له‌و شێوه‌یه‌یان راگرتووه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان ده‌كات بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ رێگای بنكه‌ی ناو كامپ و تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كانیانه‌وه‌.

هاوسه‌رگیری بۆ هه‌ڵهاتن له‌به‌رپرسیارێتی؟

شاره‌زای بواری كۆمه‌ڵگای ئێزیدی زه‌ینه‌ب خودێدا باس له‌ بارگرانی خێزانه‌كان ده‌كات كه‌ هۆكارێكه‌ له‌ پشت زیادبونی هاوسه‌رگیری پێشوەخت.

زەینه‌ب دەڵێت "زۆر‌ خێزانه‌ ئێزیدیه‌كان ١٠ بۆ ١٥ منداڵیان هه‌یه‌ و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانی سه‌ر شانیان و راكردن له‌ به‌رپرسیارێتی و به‌خێوكردنی منداڵه‌كانیان، زوو كچه‌كانی خۆیان به‌شوو ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كچانه‌.''

زه‌ينه‌ب ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌  ئه‌مه‌ جگه له‌وه‌ی ئه‌و كچانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگاركراون ناچار ده‌كرێن زوو هاوسه‌رگیری بكه‌ن تاوه‌كو لە قسەى کۆمەڵگا رزگاریان بێت.

به‌رپرسی لقی دهۆكی رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ كوردستان ، پارێزه‌ر حه‌مدی عه‌بدولباقی، باسی ته‌مه‌نی یاسایی هاوسه‌رگیری ده‌كات و ده‌ڵێت: ''به‌گوێره‌ی بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی حه‌وتی یاسای باری كه‌سێتی، هه‌ر كه‌سێك بگاته‌ ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵی ده‌توانیت هاوسه‌رگیری ئه‌نجامبدات.''

''به‌ڵام له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تی ده‌گمه‌نیشدا به‌پێی بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی هه‌شت، ئه‌گه‌ر كوڕ و كچه‌كه‌ ئاماده‌یی خۆيان ده‌رببڕن و ته‌مه‌نیان پانزه‌ ساڵى تێپه‌ڕاندبێت و له‌ رووی ئابووری و مێشك و له‌شه‌وه‌ ئاماده‌ بن ئه‌وا ده‌توانن هاوسه‌رگیری بكه‌ن.''

به‌ گوێره‌ی یاساكانی هه‌رێمی كوردستان و عیراقیش ،هاوسه‌رگیری زۆره‌ ملێ تاوانه‌ و ئه‌نجامده‌رانی رووبه‌رووی سزا ده‌بنه‌وه‌‌.

ezidii
سوريا، ژماره‌یه‌ك كچی ئێزیدی رزگاربوی ده‌ستی داعش له‌رۆژئاوای كوردستان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

لێپرسراوی رێكخراوی داك بۆ گه‌شپێدانی ژنانی ئێزیدی، سۆزان سه‌فه‌ر گوتی: ''ئێمه‌ وه‌ك رێكخراوی داك به‌ به‌رده‌وامی كار له‌ سه‌ر كه‌‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی هاوسه‌رگیری خوار ته‌مه‌نی یاسایی ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا له‌ ناو كامپه‌كاندا زۆربووه‌، له‌م مانگه‌دا هه‌ڵمه‌تێك ڕاده‌گه‌ینین له‌ كا‌مپی خانكێ له‌ دژی پێكهێنانی هاوسه‌رگیری خوار ته‌مه‌نی یاسایی".

هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت له‌ هه‌ڵكشاندایه‌

ئاماری  جیاواز له‌سه‌ر رێژه‌ی هاوسه‌رگیری پێش وه‌خت هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی هه‌موو ئاماره‌كان رێژه‌كه‌ زیادی كردووه‌.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی رێكخراوی داك رێژه‌ی هاوسه‌رگیری پێش وه‌خت له‌ناو كه‌مپه‌كانی دهۆك دا له‌نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ له‌سه‌دایه؛‌ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێش داگیركردنی شه‌نگال و ئاواره‌بوونی جڤاتی یه‌زیدی رێژه‌كه‌ كه‌متر له‌ چوار له‌سه‌دا بووه‌.

به‌ڵام به‌ پێی وته‌ی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای بنكه‌ی لالش، شه‌مۆ قاسم رێژه‌ی هاوسه‌رگیری خوار ته‌مه‌نی یاسایی ‌له‌نێوان ١٥ بۆ ٢٠ له‌سه‌دایه‌. شه‌مۆ پێیوایه‌ ئه‌مه‌ رێژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ و ئه‌گه‌ر به‌وردی كاری له‌سه‌رنه‌كرێت ئه‌وا  زۆر زیاتر ده‌بێت و له‌ ده‌ست هه‌موو كه‌سێك ده‌رده‌چێت.

شه‌مۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ به‌پێی نه‌ریتی ئێزیدیه‌كان هاوسه‌رگیری پێش ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ رێگه‌پێدراو نیه‌ و جڤاتی رۆحانی و میری ئێزیدیه‌كان ماره‌ی هه‌رزه‌كاران نابڕن؛ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا خێزانه‌كان خۆیان رێكده‌ كه‌وون و هاوسه‌رگیریه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

سالم سه‌عید، لێپرسراوی به‌شی ڕاگه‌یاندن له‌ بۆردی كاروباری مرۆیی سه‌ر به‌ ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك، كه‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌موو كامپه‌كان ده‌كه‌ن ده‌ڵێت: ''هیچ ئامارێكی ته‌واومان له‌به‌ر ده‌ست نیه‌ به‌ڵام رێژه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی رابردوو تاڕاده‌یه‌ك كه‌مبووته‌وه، به‌پێی ئامارێكی نافه‌رمی له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو ١٢٠حاڵه‌ت تۆماركراون به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا رێكخراوێ‌ك كردوویه‌تی، بۆیه‌ ناتوانين ئامارى دروست بڵاو بكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێزیدی".

هیچ ئامارێكی ته‌واومان له‌به‌ر ده‌ست نیه‌ به‌ڵام رێژه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد به‌ ساڵانی رابردوو تاڕاده‌یه‌ك كه‌مبووته‌وه

كوڕ و كچانی ئێزدی به‌هۆی سه‌ختی ژیانی ئاواره‌ییان و له‌ده‌ستدانی كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان له‌لایه‌ك و بێكاری و كه‌مده‌رامه‌تی خێزانه‌كانیان له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ناچاربوون په‌نابه‌رنه‌ به‌ر هاوسه‌رگیری به‌ر له‌ ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ساڵی. ره‌نگه‌ ئه‌م هاوسه‌رگیریانه‌ پێداویستیه‌ سێكسی و سۆزداریه‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌ك خامۆش بكه‌ن، به‌ڵام چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ به‌دوای خۆیاندا دێنن و هه‌ندێكجاریش جیابوونه‌وه‌ و سه‌رگه‌ردانبوونی منداڵه‌كانیانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. 

راسته‌ دووه‌م هاوسه‌رگیری ئه‌یمه‌ن ئیسماعیلی ١٧ ساڵ تاوه‌كو ئێستا كێشه‌ی نیه‌، به‌ڵام نه‌ ژیانی ناو كامپ و ڕه‌وشی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پشتی ئه‌م هه‌رزه‌كاره‌یه‌ و نه‌ ته‌مه‌ن و ئه‌زموونی خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌شی یاریده‌ده‌ره‌ تاوه‌كو چاوه‌ڕوانی ژیانێكی هاوسه‌رگیری درێژ و به‌خته‌وه‌ریان لێبكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT