کچێکی تەمەن 18 ساڵی ئێزیدی، لە ماڵەكەی خۆیدا لە شنگال، بە خنكاندن گیانیلەدەستدا، لەوكاتەی دایك و باوكی دەبینن لە ژورەكەیدا هەڵواسراوە و پەتێك لە ملیدایە.
ئەم روداوە لە ناوەندی قەزای شنگال، بەرەبەیانی هەینی 13ی ئەیلول پێی زانراوە، روداوەكە لەكاتێكدابوو كە تا كاتژمێر 8ی شەوی پێشتر ئەو كچە (هەیام خەڵەف) لەگەڵ كەسوكارەكەی لە نێویاندا دایك و باوكی لە ئاهەنگەكەدا بون.
خەڵەف باپیر، باوکی هەیام کە خۆی هونەرمەندە و بۆ گۆرانی وتن بۆ ئاهەنگەكە بانگهێشتكرابوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەواوی خێزانەكەمان رۆیشتین، هاوژین و هەموو منداڵەكانم برد، تا كاتژمێر هەشتی شەو لەوێ ماینەوە و دواتر گەڕاینەوە بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ كێشەیەك بكەین، بەرەبەیانی هەینی كاتێك زانیمان كچەكەم لە ژورەوە بە پەت خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە".
"یەکسەر پۆلیسی ناوەندی شەنگالم ئاگاداركردەوە، لێكۆڵینەوەیان كرد و تەرمی هەیامی كچم رەوانەی پزیشكی دادوەری موسڵ كرا"، خەڵەف وایوت.
هەلۆ شەمۆ، دایكی هەیام قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد و وتی "كچەكەم زۆر ئاقڵ و بێدەنگ بوو، نەمبیستووە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەس هەبێت، هەستناكەم كێشەی خۆشەویستیشی هەبوبێت... هیچ گومانێك نابەم بۆ ئەم روداوە".
جەژنی جەما، بۆنەیەكی ئایینی پێكهاتەی ئێزدییە و پێنجشەممە لە چەند مەزارگەیەكی ئەو پێكهاتەیە لە عیراق دەستپیكرد، بەتایبەت لە قەزای شنگال لە نەینەوا.
ئێزیدییەكان ساڵانە بە ئاهەنگ و سروتە ئاینییەكانی تایبەت بە خۆیان مەراسیمەكانی ئەو جەژنە بەڕێدەكەن و چەند رۆژێك دەخایەنێت.
بۆ ئەمساڵ، هەیام و خێزانەكەی چونە مەزارگەی پیری ئاورە لە شنگال و بەشدارییانكرد.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 199 حاڵەتی خۆكوشتنی ژنان لە عیراق تۆماركراوە. تەواوی ساڵی 2018ەش 519 حاڵەت، بەڵام لە ساڵی 2017 440 حاڵەت بووە. بەڵام هێشتا كەیسی گیانلەدەستدانی هەیام لای پۆلیسە و یەكلایینەبۆتەوە.