لە هەڵبژاردنە نێو خۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، عومەری سەید عەلی، بۆ جاری دووەم بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە، ئەو هەرچەندە وەك سیاسییەكی نەرم لە بڕیاردان و دەستپاك ناودەبرێت، بەڵام لە سەردەمی ئەودا بزوتنەوەكە بە خراپترین دۆخیدا تێدەپەڕێت و نزیكەی نیوەی جەماوەرەكەی لەدەستداوە.
هەڵبژاردنەكە لە نێو جڤاتی نیشتیمانیدا، ئەمڕۆ شەممە 14ی ئەیلول لە گردی زەرگەی سلێمانی، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە بەڕێوەچوو، بۆ هەریەكە لە رێكخەری گشتی، ئەندامانى خانەى راپەڕاندن.
بەپێى ئەنجامى هەڵبژاردنەکە، عومەر سەید عەلى بە رێکخەرى گشتى بزوتنەوەی گۆڕان، عەدنان عوسمان، سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى، جەلال جەوهەر، سکرتێرى کاروبارى فراکسیۆنەکان، دەرباز محەمەد، سکرتێرى کاروبارى ژورەکان، شەماڵ عەبدولوەفا، سکرتێرى کاروبارى باژێرەکان، برزۆ مەجید بە سکرتێرى کاروبارى خەڵک و جەمال حاجى محەمەد وەكو سەرۆکى جڤاتى گشتى و تەواوی ئەم حەوت كەسە بونە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.
ئەم هەڵبژاردنە ناوخۆییە لەكاتێكدایە، بزوتنەوەكە كێشەی ناوخۆیی هەیە و دەیان سەركردەی لە ماوەكانی رابردودا لەدەستداوە، ئەوەش لهسهر پرسی بڕیاردان و خاوهندارێتی سهروهت و موڵک و ماڵی بزوتنهوهکه.
گۆڕان چییه؟
رۆژی 11ی نیسانی 2009، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانو جێگری پێشوی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی رایگەیاند "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، رێبەرایەتی لیستێکی تایبەت دەکەم".
ئەم لێدوانەی نەوشیروان مستەفا لە سایتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕاندا وەک سەرەتای دامەزراندنی ئەو بزوتنەوە سیاسییە دیاریکراوە، بەڵام سایتەکە سەبارەت بە راگەیاندنی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی دەڵێت "مێژوی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک رێکخراوێکی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ 31ی ئایاری 2010 کاتێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی فەرمی وەرگرت".
رۆژی 28ی نیسانی 2009 دوای داواکردنی پێدانی مۆڵەت، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بزوتنەوەی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە هەرێمی کوردستانی عیراق ناساند.
بەسودوەرگرتن لەو مۆڵەتە بزوتنەوەی گۆڕان وەک نوێترین هێزی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی رۆژی 2009دا کردو لەکۆی 111 کورسی پەرلەمان توانی لەیەکەمین بەشداریکردن 25 کورسی بباتەوە.
بەوپێیەی رێبازی ئۆپۆزسیۆنبونی هەڵبژارد، بەبەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە گۆڕان بوە بە گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لەمێژوی دروستبونی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1991وە.
ساڵێک دوای هەڵبژاردنە پارلەمانییەکەی هەرێمی کوردستان، گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا کرد کە ساڵی 2010 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا ئەو بزوتنەوەیە توانی (هەشت) کورسی بباتەوە.
جارێكی تر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا كە لە 21ی ئهیلولی 2013 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان 24 کورسی بەدەستهێناو لەروی ریزبەندی هێزەکان و بە پێوەری کورسی لە پەرلەماندا توانی پێش حزبەکەی جەلال تاڵەبانی بکەوێت و ببێتە هێزی دوەم لەسەر ئاستی هەرێم لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشوی هەرێم.
بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان
لە چوار ساڵی یهکهمی ئۆپۆزسیۆن بونیدا، بزوتنەوەکە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن کاریکردو وەک لە بەرنامەکانیدا جەختی لەسەر دەکاتەوە، ئەو دەیەوێت چاکسازبی لە سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستاندا بکات.
بزوتنەوەی گۆڕان کە لەسەرەتاوە دروستبونییەوە لەنێو خەڵکی هەرێمی کوردستانی عیراقدا وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن خۆی ناساند، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی 2013 دروشمی "بەرەو دەسەڵاتێکی نوێ”ی بۆ کەمپەینی هەڵمەتەکانی خۆی هەڵبژارد.
لەڕێی ئەم دروشمەوە گۆڕان نیازی خۆی بۆ بەشداریکردنو گرتنەدەستی دەسەڵات لە هەرێم راگەیاند و دواتریش چووه نێو حکومهتی بنکهفراوان، بهڵام ناکۆکییهکانی لهگهڵ پارتی دیموکراتی کوردستان که سهرۆکایهتی حکومهتی دهکرد گهیشته لوتکه، لهسهروی ههمویانهوه پرسی ههمواری یاسای سهرۆکایهتی ههرێمی کوردستان که رێگریی له بارزانی دهکرد ماوهی سهرۆکایهتی بۆ درێژبێیتهوه، بههۆیهوه وهزیرهکانی گۆران له حکومهت دهرکران و رێگهنهدار سهرۆکی پهرلهمان له پشکی ئهو بزوتنهوهیه بچێتهوه ههولێر.
گۆڕان سهرۆکی بزوتنهوهکهی لهدهستدا
له 19ی ئایاری 2017، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکردو وتهبێژی بزوتنهوهکه جهختیکردهوه “لەسەر رێباز و بەرنامەی ئەو سەرکردە مەزنە بەردەوام دەبێ بۆ خزمەتی کوردستان”.
نەوشیروان مستەفا، ساڵی 1944 لە سلێمانی لەدایک بووەو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانو جێگری سکرتێری گشتی بووە کاتێک وازی لەو حزبە هێناوە لە ساڵی 2006.
نەوشیروان مستەفا، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواو کردووە، ساڵی 1967 کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغداد تەواو کردووە لە سەرەتای حەفتاکان چووەتە نەمساو ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتی لە نەمسا خوێندووە.
سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کار و چالاکی سیاسی کردووە یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسی لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان.
نەوشیروان مستەفا، چەندین کتێبی لە بواری سیاسیی و مێژوویی و ئەدەبی هەیە، لە ساڵی 1981 ژیانی هاوسەرێتی پێکهێناوەو باوکی دوو کوڕ و کچێکە بەناوەکانی نما، چیاو چرا.
رێکخهری نوێ و کێشهی ناوخۆیی
له ههڵبژاردنه ناوخۆییهکانی بزوتنهوهی گۆڕاندا له 25ی تهمموزی 2017، عومەر سەید عەلی، هاوڕێی دێرینی نهوشیروان مستهفا، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، بە رێکخەری گشتی گۆڕان هەڵبژێردرا.
لە یەكەم تاقیكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، عومەری سەید عەلی شكستیهێنا، كاتێك بزوتنەوەكە لە ههڵبژاردنه پهرلهمانییهکهی 12ی ئایاری 2018ی عیراق، تەنیا پێنج کورسی بهدهستهێنا، بهڵام ههردو پارتی دهسهڵاتداری به “تهزویرکردنی دهنگهکان” تۆمهتبارکرد.
بزوتنهوهکه دوابەدوای ئەوە کێشهی ناوخۆیی تێکهوت، ئهوهش لهسهر پرسی بڕیاردان و خاوهندارێتی سهروهت و موڵک و ماڵی بزوتنهوهکه، بههۆیهوه دیارترین کهسایهتی سیاسیی و ئهندامی خانهی راپهڕاندن عوسمان حاجی مهحمود دهستلهکارکێشانهوهی له پۆستهکهی راگهیاند، دوابەدوای ئەویش ژمارەیەك ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی و پەرلەمانتاری پێشوی بزوتنەوەكە.
پڕۆفایل: عومەری سەید عەلی
عومەر سەید عەلی، ساڵی 1945 لە شاری سلێمانی لە دایکبوە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی و لە ساڵی 1974 تەواو کردووە، بەڵام هەمان ساڵ بۆتە پێشمەرگە.
لە ساڵی (1975) بوەتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و دوای ساڵێك لەلایەن حزبی بەعسەوە دەستگیركرا و بەشەش ساڵ زیندانی سزادرا، بەڵام دوای سێ ساڵ زیندانیی و لە 1979 بەر لێبوردنی گشتی کەوت.
ساڵی 1980 بە بۆردومانی فڕۆکە بە سەختی بریندار بووە و دوای راپەڕینی ساڵی 1992 بۆتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەكێتی.
ساڵی 2005 بەدواوە لە باڵی ریفۆرمی ناو یەكێتی كاریكردووە، كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری پێشوی بزوتنەوەكە سەركردایەتی ئەو باڵەی دەكرد.
ساڵی 2009 وازی لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان هێناوە و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەك ئەندامی تری مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بزوتنەوەی گۆڕانیان دروستكرد.
دوای كۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفا، عومەری سەید عەلی لە 25ی تەمموزی 2017 بە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا و ئەمڕۆ شەممە 14ی ئەیلول جارێكی تر بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرایەوە.
لە سەردەمی عومەری سەید عەلیدا، بزوتنەوەی گۆڕان توشی شكستی گەورە بوو، لە هەردوو هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی كوردستان و عیراق و دەنگەكانی بزوتنەوەكە بۆ زیاتر لە نیوە كەمیكرد و لە 24 كورسییەوە ئێستا خاوەنی 12 كورسی پەرلەمانی كوردستان.
عومەری سەید عەلی بەوە ناسراوە سیاسییەكی نەرمە و لە بڕیارداندا پەلە ناكات. هەروەها هاوڕێیەكانیی و ئەوانەی لە بزوتنەكە و لەناو یەكێتیدا كاریان لەگەڵ كردووە بە دەستپاك ناوی دەبەن.