ئاواره‌كانی ناحیه‌ی گرعوزێر، په‌شیمانن له گه‌ڕانه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی دوباره به جێهێشتنی زێدی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر لانیكه‌م خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانیان پێنه‌گات.
دوای پێنج ساڵ له ئاواره‌یی، بۆ یه‌كه‌مجار هه‌شت خێزانی خه‌ڵكی ناحیه‌ی گرعوزێر له 15ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ گه‌ڕانه‌وه و بڕیاریاندا جارێكی‌تر ژیانی ئاسایی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه، له‌وكاته‌شه‌وه پرۆسه‌كه به‌رده‌وامی هه‌بوو، سه‌رباری وێرانه‌یی ناحیه‌كه و نه‌بونی خزمه‌تگوزاری.
حسێن عه‌زیز خه‌ڵه‌ف، دوو مانگه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سه‌نته‌ری گرعوزێر و له‌رێی (كه‌ركوك ناو)وه جه‌ختیكرده‌وه "تا ماوه‌یه‌كی تر ده‌مێنینه‌وه، ئه‌گه‌ر بارودۆخمان هه‌ر به‌وشێوه‌یه مایه‌وه و خزمه‌تگوزاری نه‌بوو، ناچارین ئاواره ببینه‌وه".
به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه، به‌شێكی زۆری ئاواره‌كان كه ئاماده‌كارییان كردبوو تا بگه‌ڕێنه‌وه، له ئێستادا و به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی هه‌یه په‌شیمان بونه‌ته‌وه.
"ژیانمان ئه‌وه‌نده ناخۆشه له‌وه خراپتر نابێت، كاره‌بای نیشتیمانیمان نیه، ته‌نیا كاره‌با مۆلیده‌یه و له 24 كاتژمێردا ته‌نیا حه‌وت بۆ هه‌شت كاتژمێر كاره‌با هه‌یه، بنكه‌ی ته‌ندروستی نه‌كراوه‌ته‌وه، بۆ نه‌خۆشییه‌ك ده‌بێت بچیته سه‌نته‌ری شنگال".
حسێن عه‌زیز ده‌ڵێت له هه‌موو مه‌ترسیدارتر بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه، شانه‌ی نوستوی داعش هێرشبكه‌نه سه‌ر خه‌ڵك، بۆیه ناچار به شه‌وان خۆیان پاسه‌وانی له منداڵ و خێزانه‌كانیان ده‌كه‌ن.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی قه‌زای شنگال به ناحیه‌كانیه‌وه، له نێویاندا گرعوزێر، له ئابی 2014 و دوای هێرشی داعشه‌وه ئاواره‌بون، هه‌رچه‌نده ناوچه‌كانیان چه‌ند ساڵێكه كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ژیانه‌وه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
خوێندنگه‌كانی گرعوزێر نۆژه‌ن نه‌كراونه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌به‌رده‌م ده‌ستپێكردنی خوێندندا ماوه، هیچ مامۆستایه‌ك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، حسێن عه‌زیز داوای له حكومه‌ت و رێكخراوه‌كان كرد، تا زووه به هانایانه‌وه بچن و له‌و بارودۆخه رزگاریان بكه‌ن.
به‌ر له هێرشی بۆ شنگال و ده‌وروبه‌ری، زیاتر له 10 فه‌رمانگه‌ی حكومی له ناحیه‌ی گرعوزێر هه‌بون، به‌ڵام ئێستا جگه له فه‌رمانگه‌كانی ناحیه و شاره‌وانی، هیچ فه‌رمانگه‌یه‌كی تر نه‌كراوه‌ته‌وه.
جەلال خەڵەف، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به‌وه‌كاله‌ت به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاری له‌پێشینه‌ی ئێمه پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یه له مین و ته‌قه‌مه‌نی، كه ماوه‌یه‌كی زۆره ده‌ستیپێكردووه و تا سه‌ره‌تای مانگی 10 كۆتایی دةخايهنێت، دواتر قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كان، پاشان نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه و خانووه‌كانی هاوڵاتیانه".
له سه‌نته‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر، هه‌شت خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، له ده‌وروبه‌ری ناحیه‌كه‌ش 300 خێزانی كورد و عه‌ره‌ب نیشته‌جێن.
فه‌هیمه عه‌باس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو )ی وت "زانیاریمان هه‌یه له‌سه‌ر بارودوخی خه‌ڵكی ئه‌و ناحیه‌یه، ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا بوو كه‌مته‌رخه‌میمان نه‌كردووه، داواكارییه‌كانی ئه‌وانمان داوه‌ته پارێزگار به‌ڵام به‌داخه‌وه جێبه‌جێنه‌كراوه".
به‌وته‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، له بودجه‌ی ئه‌مساڵی نه‌ینه‌وادا، داوای چه‌ندین پرۆژه‌یان بۆ گرعوزێر كردووه، له‌وانه نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه حكومییه‌كان، رێگه‌وبان، كاره‌با و ئاو، بۆ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕێی خه‌رجكردنی بودجه و ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌كان ده‌كه‌ن.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی گرعوزێر ئێزیدین، كه ئه‌و پێكهاته‌یه زۆرترین زیانی ماڵی و گیانییان به‌ركه‌وت له هێرشه‌كانی داعش، جگه له كۆمه‌ڵكوژی و بێسه‌روشوێنبونی هه‌زاران كه‌س له نێویاندا ژن و منداڵ، زیاتر له 300 هه‌زار ئێزیدی ئاواره‌بون.
قه‌زای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) كه لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت، لە تشرینی دووەمی 2015وه كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه.