لانیكەم 60 پیاوی سیاسی نێو حزبە كوردییەكان، كەسایەتی ئایینی و ئەكادیمی كورد، نەیانتوانی لەسەر كاندیدكردنی ژنێك یان دوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین رێكبكەون.
ئەو كۆبونەوە پیاوانەیە كە هیچ ژنێك تیایدا بەشدارنەبوو، 9ی ئەیلول لە قەزای دوزخورماتوو بەڕێوەچوو، لەكاتێكدا زۆرترین گفتوگۆكان بە ئاراستەی كاندیدكردنی ژنێك و دیاریكردنی وەك نوێنەری پێكهاتەی كورد بوو لە ئەنجومەنی داهاتوی پارێزگای سەڵاحەدین.
بەگشتی ئامانج لە كۆبونەوەكە كە تەواوی حزبە كوردییەكان بەشداریانكرد جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ. بۆ ئەوەبوو چۆن بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتودا كورد نوێنەری هەبێت لە پارێزگای سەڵاحەدین.
فەرمان عەبدوڵا، لێپرسراوی یەكەمی یەكگرتوی ئیسلامی لە دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆبونەوەكە بەرفراوان بوو، جگە لە حزبە كوردییەكان پیاوانی ئایینی و مامۆستایانی زانكۆ و كەسایەتییەكانی قەزاكەش بەشداربون، بۆ ئەوەی چۆن بتوانین لە كۆی 13 كورسی ئەنجومەنی داهاتوی پارێزگای سەڵاحەدین كورسییەك بۆ كورد مسۆگەر بكەین".
كۆبونەوەكە بۆ ئەوە بوو چۆن بتوانین لە كۆی 13 كورسی ئەنجومەنی داهاتوی پارێزگای سەڵاحەدین كورسییەك بۆ كورد مسۆگەر بكەین
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كورسییەكانی سەڵاحەدین لە 20 كورسییەوە بۆ 13 كورسی كەمكراوەتەوە.
فەرمان عەبدوڵا، وتی "ئێستا كورد یەك نوێنەری هەیە لە سەڵاحەدین، سەرخستنی ئەندامێك بۆ ئەو 13 كورسییە زۆر قورسە، بە تایبەت بارودۆخی كورد لە دوزخورماتوو خراپە و هێشتا ئاوارەی كورد هەیە نەگەڕاوەتەوە".
لە كۆبونەوەكە گفتوگۆكرا لەسەر كاندیدكردنی ژنێكی كورد یان دوان لە هاوپەیمانێتییەكدا لەگەڵ لیستەكانی تری پارێزگای سەڵاحەدین، بۆ ئەوەی بە كۆتا دەربچێت.
هەرچەندە حزبە كوردییەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە 12ی ئایاری 2018 بەجیا لەنێو چەند هاوپەیمانێتییەكدا بەشدارییان كرد، بەڵام كورد لەو پارێزگایە هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا.
لێپرسراوەكەی یەكگرتوی ئیسلامی وتی "ئێستا لێكتێگەیشتنی باش هەیە لەسەر ئەوەی هەمومان بە کاندیدێکی ژن یان دوان لەنێو لیستەكانی تری سەڵاحەدین بەشداربین، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقیش دەكرا یەك كاندیدی ژنمان هەبوایە و بە هەزارو 600 دەنگ دەگەیشتە پەرلەمان بەپێی سیستمی كۆتا، نەك وەك ئەوەی رویدا چەندین هەزار دەنگى کورد چووە سەر لیستەکانى تر و هیچمان بەدەستنەهێنا"، زیاتر وتی "ئێستا هەمومان كار بۆ ئەوە دەكەین ئافرەتێك بكەینە ئەندامی ئەنجومەن".
ئێستا هەمومان كار بۆ ئەوە دەكەین ئافرەتێك بكەینە ئەندامی ئەنجومەن
بەڵام ئەوەی جێی نەنگیی بوو، هیچ ژنێك لەو كۆبونەوەیە بەشدارنەبوو، لەكاتێكدا زۆرترین گفتوگۆ لەسەر كاندیكردنی ژن بوو.
کەریم شوکور، لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆی گفتوگۆكە ئەوەبوو چۆن هەوڵبدەین نوێنەرمان هەبێت لە ئەنجومەنی داهاتوی پارێزگای سەڵاحەدین، بۆ ئەوەش پێشنیازی ئەوە هەبوو بتوانین وەكو كورد دوو کاندیدی ژن لەنێو لیستەكانی تر جێ بكەینەوە دەربچن".
كەریم وتیشی "كورد ناتوانێت لەنێو یەك لیستدا دەنگی كورسییەك بەدەستبهێنێت، بەتایبەت كە بەپێی یاساكە ئاوارەكان دەبێت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
"هەرچەندە نەگەیشتینە ئەنجامی كۆتایی، بەڵام هەنگاوەكانمان بەردەوامدەبێت و گفتوگۆی زیاتر دەكەین"، كەریم شوكور وایوت.